كارمەندانی تەندروستی لە نێوان ماندووبوون و پێزانیندا

11:02 - 2024-02-21
ئەرشەد تەحسین
304 خوێندراوەتەوە

ئەگەر بەهەر هۆیەك بێت رێت بكەوێتە بنكەیەكی تەندروستی، مەڵبەندێكی تەندروستی، سەنتەرێكی تەندروستی، نەخۆشخانەیەك یان هەر ناوەندێكی تەندروستی، یان هەر بەشێك لە سەنتەر و نەخۆشخانەیەك ئەوا هەست بە قورسی ئەركی كارمەندانی تەندروستی و ماندووبوونیان دەكەین، جا ئەگەر بەچاوی ویژدانەوە لێیان بڕوانیین ئەوا تێدەگەین بەشی هەرە زۆری (ئەگەر نەڵێم هەمووی) كاروباری ئەو ناوەندە تەندروستییە لە ئەستۆی كارمەندەکاندایە، سەرباری ئەو هەموو گرفت و كێشانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام كارمەندان شێلگیرانەتر و لەخۆبوردووانەتر ئەركی سەرشانی خۆیان لەخزمەتكردنی هاووڵاتییان و نەخۆشەکاندا بەرجەستە دەكەن.
دوو جۆر کێشەی سەرەکیی کارمەندانی تەندروستیی
لەهەر ناوەندێكی تەندروستیدا كارمەندەکان كێشە و گرفتی هەمە جۆر و هەمە چەشنیان هەیە، بەواتایەكی تر، گرفت و كێشەكانی كارمەندەکان لە ناوەندە تەندروستییەكاندا بۆ دوو جۆری سەرەكی دابەش دەبێت ئەوانیش:
یەكەم: كێشەی گشتگیری كارمەندەکان كە كێشەی سەراپاگیری كارمەندەکانە و لە هەر شوێنێك بن دەیان گرێتەوە.
دووەم: كێشەی تایبەتمەند، كە رەنگە كێشەی تەنها ناوەندەكە یان بەشێكی ناوەندەكە بێت و كاریگەری نەبێت لەسەر رەوتی گشتی و خزمەتكرنی هاووڵاتییان نەوەستێت.
لێرەدا هێندەی دەمانەوێت باس لەچەند مافێكی سەرەتایی كارمەندەکان بكەین هێندە مەبەستمان نییە باس لە گیروگرفتەكانییان بكەین، چونكە لەهەموو جیهاندا وایە لە هەر كوێ ئەرك هەبێت ماف هەیە، بەچەشنێك ئەرك و ماف پێكەوە هاوتەریبی یەك رێدەكەن لە ڕەوتی ژیاندا، لە سۆنگەی زۆریی و قورسی ئەركی سەرشانی كارمەندانی تەندروستی و ماندووبوونیانەوە دەشێت ئاماژە بەكۆمەڵێك مافی سەرەتایی كارمەندان بكەین بۆ ئەوەی چ لەلایەن حكومەت و چ لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و خودی ناوەندەكەی كاری تێدا دەكات، یان لەلایەن نەخۆش و هاووڵاتییانەوە جێبەجێ بكریت، بۆیە دەكرێت لێرەدا مشتێك لە ماف و داوا رەواكانی كارمەندان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا كورت بكەینەوە.
چوارخاڵی سەرەکیی
یەكەم: هەر تاكێك لە كۆمەڵگەدا بۆ كاری باش و بەسوود كە دەیکات پێویستی بە دەستخۆشیی و پێزانینی كۆمەڵایەتی هەیە، واتە پێویستی بەوەیە كۆمەڵگە دەست خۆشی لێ بكات، هەوڵ و ماندووبوونی بەرز بنرخێندرێت، هەربۆیە كارمەندانی تەندروستی لە هەموو كەس زیاتر پێویستە سوپاسی ئەركە پیرۆزەكانینان بكرێت، كە بە بڕوای من لەم روانگەیەوە كۆمەڵگە درێخی نەكردووە و هەمیشە بە چاوی رێزەوە لە كارمەندان دەڕوانێت و ماندووبوونیان بەرز دەنرخێنێت .
دووەم: بەكارهێنانی سیستەمی پاداشت لەلایەن حكومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ كارمەندانی دڵسۆز و چالاك لە ناوەندەكەی خۆیاندا، جا چ پاداشتی ماددی بێت یان پاداشتی مەعنەوی، كە دەبێتە هاندانێكی باش بۆ كارمەندانی بەتوانا و لەخۆبوردوو بۆ ئەوەی چالاكانەتر ئەركەكانیان رابپەڕێنن .
سێیەم: هاوتاكردنی دەرماڵەی پیشەیی و مەترسی بۆ كارمەندانی تەندروستی و باشتر كردنی ئاستی گوزەران و بژێوی ژیانیان، ئەمەش هانی كارمەندان دەدات باشتر ئەركەكانیان رابپەڕێنن و پێویستیان بەوە نەبێت لە پاڵ كاری سەرەكییان لە ناو ناوەندەكانی تەندروستیدا كاری تر بكەن لە دەرەوەی ناوەندەكەیان دا.
چوارەم: دابینكردنی شوێن و یەكەی نیشتەجێكردن بۆ كارمەندانی تەندروستی بەبێ جیاوازی شوێن و جۆری بیركردنەوەیان، هەروەها پێدانی پێشینەی هاوسەرێتی و پێشینەی تایبەتی خانووبەرە بەتایبەت بۆ ئەو كارمەندانەی سەرەتای چوونە ژیانی هاوسەرێتیانە.
ماوەتەوە بڵێین دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ كارمەندانی ناوەندی تەندروستی و پێزانینی هەوڵ و ماندووبوونیان لە بەرژەوەندی سەرجەم هاووڵاتییان دایە، چونكە هیچ گومانی تێدا نییە هەر تاكێك لە كۆمەڵگە رۆژێك لە رۆژان لەبەر هەر هۆیەك بێت رێی دەكەوێتە لای كارمەندانی تەندروستی و ناوەندە تەندروستییەكان.

دەبێ رێز لە ماندووبوونی کارمەندانی تەندروستی بگیرێت

وتارەکانی نوسەر