قۆناغەکە قۆناغی نوێبوونەوەیە

10:02 - 2024-02-22
ئالان محەمەد جه‌زا
309 خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە درێژایی خەباتی شاخ و قۆناغی دوای راپەرین، توانیوێتی لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا خۆی رێكبخاتەوە و نوێبێتەوە، چەندین پلانی گەورە و چەندین جیابوونەوەی ناوخۆیی كەمەرشكێن، نەیانتوانیوە شكست بەم حزبە بهێنن، ئەگەرچی هەندێكجار بوونی کێشەی ناوخۆیی بەسەریدا سەپێندراوە، ئەمەش شتێكی ئاساییە لەكاری حزبیدا و لەناو هەموو حزبەكاندا هەیە، بەڵام هیچ كێشەیەكی ناوخۆیی نەیتوانیوە یەكێتی رابگرێت لە كاروانی نوێبوونەوە و خۆڕێكخستنەوە و هەستانەوە بۆ قۆناغیكی نوێتر، نموونەش بۆ ئەمە بەستنی دیداری یەكێتی و پێنجەمین كۆنگرە و كۆنفرانسی مەكتەبی رێکخستن و بۆردی راگەیاندن بوو، كە ئەو راستییە دەردەخات یەكێتی حزبێكی زیندووە و هەرگیز لە گۆڕانكاری و خۆڕێكخستنەوە و بەرنامەی نوێ‌ بۆ حزبەكە ناوەستێت و ناسڵەمێتەوە. 
ئەركی هەنووكەیی ئەم قۆناغەی خەبات و حكومڕانی لە كوردستان،  پێویستی بە بەرنامەی نوێیە، پێویستی بە گۆڕانكاریی سیاسییە، لە ناوخۆ و هەروەها بەرامبەر بە دەرەوە، یەكێتی حزبێكی گەورەی كوردستان و عیراق و ناوچەكەیە، بەشێكیشە لەو لایەنانەی رۆڵیان هەیە لە گۆڕانكارییە ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانییەكاندا و بەشداریشە لە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێم و ناوچەكە.
 یەكێتی بۆ ئەم قۆناغەی خەبات دیدی نوێی هەیە، سەرەتاش لە ناوخۆی حزبەوە دەستیپێكرد بە خۆڕێكخستنەوە و ستراتیژ و بەرنامەی نوێوە بۆ حزب، كە لە دوای  جێبەجێكردنی راسپاردەكانی پێنجەمین کۆنگرە بەشێوەیەكی باش چۆتە قۆناغی كارەوە،  كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن و دواتریش كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستن، كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیپێكرد، گۆڕانكاریی گەورەبوون لە كاری رێكخراوەییدا و دەتوانێت یەكێتی بخاتەوە سەر شاڕێی نوێ‌ و بەرنامەی نوێ‌ دەستپێبکات بۆ ئەم سەردەمەی خەبات، كەوا دەخوازێت یەكێتی بەدیدی نوێ‌ و بەرنامە و ستراتیژی نوێوە كاربكات.
 دڵسۆزیی و کارکردنی یەك تیمیی كادر و ئەندام و سەركردایەتی یەكێتیش بۆ نوێبوونەوە، بەشێكی تری سەركەوتنەكانی یەكێتییە، كە هەموان بەیەك ئاراستە كاردەكەن بۆ هەنگاونان بەرەو لوتكە. 
هەموو پێشهات و ئاراستەكانیش وادەخوازن، یەكێتی بەهێزبێت، چونكە تاكە حزبە كە لەناو جەرگەی خەڵكەوە هەڵقوڵاوە و گەشەیكردووە، بەو واتایەی یەكێتی حزبی خەڵكە و بۆ بەرگریی لە خەڵكی كوردستان دروستبووە، بۆیە وا پێویستە هەمووكات لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا هەنگاو بنێت،  پێویستیشە جگە لە كاری حزبی و رێكخراوەیی، لەگەڵ ئازار و كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیاندا بێت و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، بەتایبەتی کە ئەم حزبە هەردەم لەبەرەی خەڵكدا بووە، 
هاووڵاتیانی هەرێمیش پێویستیان بە حزبێكە بەرگرییان لێبكات و مافەكانیان بۆ دەستەبەر بكات، ئەوەش وادەخوازێت یەكێتی بەهێزتر بێتەوە، تا بتوانێت لە پێگەیەکی پەرلەمانیی بەهێزترەوە بەرگریی لە مافەكانی خەڵك بكات.

وتارەکانی نوسەر