بۆچی کتێبەکەی باڵدار...؟

10:09 - 2022-05-10
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
821 خوێندراوەتەوە

لەمێژووی فێربوون و فێرکردنی ئەلفبێی کوردیدا زۆر هەوڵی تاکەکەسی و ناوچەیی لێرە و لەوێ دراون، بەڵام نەیانتوانیوە شوێن و پێگەی خۆیان وەک ئەلفبێکەی (باڵدار) بۆ ماوەیەکی درێژ و ساڵانێکی زۆر بکەنەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرکەس یادگاری قوڵیان لەگەڵیدا هەبێت و بەشیکی کاریگەریی سایکۆلۆجی و شوێنەواری ئەو ئەلفبێیە بەئاشکرا لە یادەوەرییاندا مابێتەوە بەجۆرێک زۆرجار رۆبچن لە پیرۆزکردنی و  واهەست بکەن گۆڕین و لابردنی ئەو کتێبە تاوان و گوناهێکی گەورە بێت.
ئەوانەی جەخت لە کتێبەکەی باڵدار دەکەنەوە کەمجار لە رووی ناوەڕۆکی زانستی و گونجانی سەردەمی و لە رووخسارەکانی پەروەردە و فێرکردنی هاوچەرخەوە بۆی دەڕوانن، بەڵکو هۆگربوونێکی کەسییە و زیاتر لەسەر عەتف و پێوە گرێدراوی یادەوەری و خۆشویستنی خودییەوە پیاهەڵدانی بۆ دەکەن، بەشێکی ئەو کەسانەش هیچ پەیوەندییەکیان بە وانەوتنەوە و ناوەندەکانی خوێندنەوە نییە و زەمەنێکە دابڕاون لە دنیای ئێستای منداڵ و تەنها لە سەردەمی منداڵی خۆیانەوە باس لە کاریگەرییەکانی کتێبەکە دەکەن.

باڵدارو کتێبەکەی باڵدار:
باڵدار، لەساڵی (1949) ئەلفبێکەی لەلایەن وەزارەتی مەعاریفی ئەوکاتەوە بۆ چاپدەکرێت، پاش پێداچونەوە و چاککاری لە کتێبەکە جارێکی تر بە رەنگاوڕەنگی لەساڵی (1953) چاپدەکرێتەوە و لە ساڵی (1956)یش دیسان گۆڕانکاری دەکرێتەوە و چاپدەکرێتەوە و وێنەکانیشی دەگۆڕێن بەو شێوازەی کە هەموان پێی ئاشنان، چاپی ئەم کتێبە لە پڕۆسەی خوێندندا بەردەوام بوو بە نزیکەی شەست ساڵ زیاتر بێ گۆڕانکاری و گونجاندن لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و دونیای تەکنەلۆژیای سەردەمیی و گۆڕانی پەروەردە و تێڕوانین بۆ دنیای منداڵ و پێداویستییەکانی ئێستای و ئەو مەعریفە و زانیاری و شارەزاییانەی کە منداڵێک لەم سەردەمەدا پێویستە بیزانێت، بێ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە کە ئاستەنگ و گرفتەکانی ئەم کتێبە چین و چۆن دەتوانرێت نوێبکرێتەوە، لەمپەرەکانی بەردەم گۆڕانکاری ئەم کتێبە هێندە زۆر بوون و بە جۆرێک دژایەتی گۆڕینی دەکراکە ئەوەشی خواستێکی لەو جۆرەی هەبێت کەنار بخرێت.

کەی و بۆچی ئەلفبێکەی باڵدار لابرا لەپڕۆسەی خوێندندا؟
ئەلفبێکەی باڵدار بێ کەموکوڕی نەبوو، کتێبێک بۆ کاتوساتی هاتنە کایەوەی و ساڵانی دواتری مێژووی ئەوکات نوێ بوو، بەڵام بۆ دۆخی هاوچەرخ و دوای هاتنە کایەوەی چەندین بواری پێشکەوتووی وانەوتنەوە و دید و ئامانجی پەروەردەیی نەدەکرا هەمان کتێب بە هەمان ناوەڕۆک و پێکهاتە و داڕشتنەوە بە قوتابیەکی ئەم سەردەمە بخوێنرێت، چونکە ئەو کتێبە هیچ رێبەرێکی وانەوتنەوەی نەبوو، وشەو رستەکانی پێکهاتەی دەقەکان لای منداڵێکی ئێستای کورد نامۆن و بەشێکی زۆری ئێستا لە دنیای منداڵدا بەکارنایەن، سەرەڕای ئەوەی کە لە رووی جێندەرییەوە لە کەسایەتیەکانی نێو دەقەکان و رۆڵ و یاریەکان و گرنگیپێدانیان نا بەرابەریەکی ئاشکرا دەبینرێت لە دونیای مۆدێرندا جێی نابێتەوە، ژمارەی پیت و بابەتەکانی وانەکان زۆرن و هیچ چالاکی و راهێنانێکی گونجاویان لەگەڵ نییە تا فێربوونی ئاستبەرزیان لێوە بەدی بێت، شێوازی جۆربەجۆری وانەوتنەوەی مامۆستایان هەریەک بەشێوازی خۆی دەبووە هۆی ئەوەی نەتوانرێت پلانێکی گونجاو دابنرێت و رێگایەکی هاوبەش بێتە کایەوە تا مامۆستایان بتوانن وانەکانی لەسەر بڵێنەوە، فێربوون بەم کتێبە زیاتر رادەپەرمووە سەر لەبەرکردنی دەقەکان، پیت و بڕگە و بەکارهێنانی لەوشە و دۆزینەوەی لە وشەدا بەهۆی نەبوونی چالاکی و راهێنانەوە زۆر کاری لەسەر نەکراوە چەندین هۆی تر، بۆیە لە سنووری ئیدارەی سلێمانی لە کۆتاییەکانی ساڵانی نەوەدەکان بیرۆکەی گۆڕینی ئەلفبێکەی باڵدار هاتەکایەوە و لەلایەن مامۆستا ( عەبدوڵڵا محەمەد ئەمین-عەبەسوور) بیرۆکەی ئەلفبێیەکی تر خرایە بەردەست و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. بەشێوەی ئەزموونی، بەنووسراوی ژمارە(24411) لە (13/11/1999)، خولێکی بۆدەکرێتەوە و (30) قوتابخانە لەسنووری ئیدارەی حکومەتی سلێمانی ئەوکات تیا بەشداری دەکەن، بۆ ساڵی خوێندنی (1999-2000) بەشێوەی فەرمی بە بڕیارێکی وەزاری بۆساڵی نوێی خوێندن وەک کتێبی فەرمی لە پڕۆسەی خوێندندا بۆ پۆلی یەکەم بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەمەش کتێبەکەی (باڵدار) لە ساڵی (2000) بەتەواوی لە پڕۆسەی خوێندن دووردەخرێتەوە، بەڵام لە سنووری ئیدارەی هەولێر هەر بەردەوام دەبێت.
لە راستیدا کتێبەکەی مامۆستا عەبدوڵڵا، گۆڕانکاریەکی بەرچاوی هێنایە بواری وانەوتنەوەی ئەلفبێوە، لەهەمووی گرنگتر یەکخستنی پیتە دوو شێوەکان بوو لەیەک بابەتدا، ئەمەش ژمارەی وانەکانی بە نیوە کەمکردەوە، رێبەری وانەوتنەوەی هەبوو کە بەهۆیەوە دەتوانرا شێوازی وانەوتنەوە ستاندارد بکرێت و مامۆستایانی لەسەر رابهێنرێت و خولی بەردەوامیش بۆ مامۆستایان کرایەوە کۆمەڵێکی باشی مامۆستایانی لەسەر راهێنران، هۆیەکانی فێرکاری بۆ دابینکرا، هەرچەندە ئەم کتێبەش کۆمەڵێک ئاستەنگ و کەموکوڕی هەبوو وەک نەبوونی چالاکی و راهێنان لە کتێبەکەدا بۆ فێربوونی ئاستبەرزی قوتابیان و زۆری دەقەکان و هەندێ کات گرانی دەقەکان لە رووی داڕشتنەوە بۆ قوتابیان و هەندێ کەموکوڕی تریش کە پەیوەندی بە چاپ و وێنە و شێوازی کتێبەکەوە هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین ئەو گۆڕانکاریانە پێویست بوون بۆ شکاندنی ئەو کۆتەی کە لە هزری هەندێکدا واچەسپابوو کە نابێت گۆڕانکاری لە کتێبی ئەلفبێدا بکرێت.


مشتومڕی یەکخستنەوەی ئەلفبێکان دوای پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر
لە دوای هەوڵەکانی یەکخسنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کار لەسەر یەکخستنەوەی کتێبی خوێندنیش کرا، لەو بابەتانەی کەجێگەی مشتوومڕێکی درێژ خایەن بوو کتێبەکانی ئەلفبێ بوو، چونکە دژوارییەکی زۆری دروستکردبوو بۆ بڕیار و رێنماییەکان و بەشێکی زۆریان نەدەگونجان بۆ کتێبەکەی مامۆستا عەبدوڵڵا، چونکە وەزارەت بە پێی کتێبەکی باڵدار رێنماییەکانی دەردەکرد، کۆمەڵێک هەوڵدران لەلایەن چەند لیژنەیەکی دەستنیشانکراو لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆ کردنەوەی رێگا چارەیەک، بەڵام هیچ ئەنجامێکی پۆزەتیڤیان نەبوو، هیچ لایە نەدەچووە ژێر باری دەستبەرداربوون لە کتێبێکیان لە بەرژەوەندی کتێبێکی تریان، هەوڵی گۆڕانکاریەکانیش بێ ئاکام بوون، ئەم دۆخە تاساڵی (2008) درێژەی کێشا بەچەندین گیروگرفتەوە، بۆیە ناچار وەزارەتی پەروەردە گەشتە ئەو قەناعەتەی هۆکارەکان لە سەرووی ئیرادەی گۆڕانکاریەوەن و پێویستە لە رەگەوە کتێبێکی نوێ دابڕێژرێتەوە و هیچ کام لەو کتێبانەی پێشتر نەبن.

ئەلفبێیەکی نوێی یەکگرتوو بۆ هەموو هەرێم و ناوچە کوردستانییەکان
وەزارەتی پەروەردە، بە واژووی دکتۆر دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەفەرمانی وەزاری ژمارە(802ج) لە (30/7/2008) لیژنەیەکی هاوبەشی لە سەرجەم بەڕێوەبەرێتیە گشتییەکانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم پێکهێنا، بۆ ئامادەکردن و داڕشتنەوەی کتێبێکی نوێ، لیژنە پێکهێنراوەکە دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆ بنەمایەکی هاوبەشیان بۆ کتێبێکی نوێ داڕشت، بەڵام دوای گۆڕینی کابینەی وەزاری ئیشەکانی لیژنەکەش وەستان و کاری تێدا نەکرا، تاساڵی ( 2012) و جارێکی تر ئەپدەیتی لیژنەکە کرایەوە، بە فەرمانی وەزاری ژمارە (14099ج) لە (8/8/2012) و لەسەر هەمان نەخشە رێگای پێشوو توانرا کتێبی کوردی پۆلی یەکەم ئامادە بکرێت و بۆ ساڵی خوێندنی دواتر وەک ئەزموونی کەوتە نێوەندی خوێندنەوە و لە ساڵی (2014-2015) بە فەرمی وەک کتێبێکی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان و خوێندنگە کوردییەکانی دەرەوەی هەرێم بڕیاری خوێندنی درا و تائێستاش ساڵانە بە چاپی نوێ و نوێکردنەوەوە دەخرێتە بەردەستی قوتابیان.
ئەم کتێبە توانی کتێبی ئەلفبێ لە پرۆژەیەکی تاکەکەسی رزگار بکات و بیکاتە پرۆژەیەکی هاوبەشی وەزارەتی پەروەردە کە تەنها وەزارەت خاوەنداری بکات و بۆی هەبێت بیگۆڕێت و دەستکاری بکات، ئەمەش خاڵیکی پۆزەتیڤ و گرنگ بوو، کتێبەکە چەندین چالاکی و راهێنانی جۆربەجۆر لەخۆدەگرێت یارمەتیدەرێکی باشە بۆ فێربوون و فێرکردنێکی ئاست بەرز.

خولانەوە لە بازنەیەکی داخراودا بۆچی؟
دوای هەموو ئەو گۆڕانکاریانە، ناکرێت هیچ کەسێک کتێبەکەی باڵدار بەناوی خۆیەوە وەک نووسەری دووەم چاپبکاتەوە و خاوەندارێتی بکات و وەک نووسەری دووەم خۆی بناسێنێت، لە کاتێکدا هەمان کتێبەکەی باڵداری بێنێت و ستەمێکی گەورە لە خاوەندارێتی خاوەنە رەسەنەکەی بکات بێ مۆڵەت و ئاگاداریی خاوەنەکەی، ئەمە لەهیچ کوێی دنیای خاوەندارێتی کتێبدا بوونی نییە و هیچ کەس بۆی نییە خۆی وەک نووسەری دووەمی هەمان کتێب بناسێنێت، بۆیە دەخوازین وەزارەتی پەروەردە خولانەوە لەم بازنە داخراوە کۆتای پێ بهێنێت و هەر خۆشی دوابڕیاری کتێبێکی نیشتمانی بۆ منداڵانی وڵاتەکەمان بدات کە گونجاو بێت لەگەڵ دنیای ئەم سەردەمەی منداڵان.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 

وتارەکانی نوسەر