گوندەكان فەرامۆش مەكەن

09:36 - 2024-02-27
هاشم غەمگین
356 خوێندراوەتەوە

گوندەكان سەرچاوەیەكی گرنگی داهات و پێشخستنی ئابووری و بەرزكردنەوە و دابینكردنی بەرهەمی ناوخۆ و سەبەتە و ئاسایشی خۆراكن بۆ ناوچەكە، دەبێت خزمەتی زیاتر بكڕێن فەرامۆش نەكرێن، داواكاری و پێداویستییەكانیان چییە، بۆیان جێبەجێ بكرێت،چونكە لەڕابردودا گوندەكان پەناگە و مۆڵگایەك بوون بۆ مانەوە و بەردەوامی و خزمەتكردنی شۆڕشەكان و پێشمەرگە،لە ساڵی 1988 زیاتر لە پێنج هەزار گوند بەدەستی رژێم خاپووركران، رەز و باخ و كانیاو و سەرچاوەی ئاو و كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی مەڕوماڵاتیان سووتێنران و لەناوبران، خەڵكەكەی  جینۆساید و شەهید و زیندەبەچاڵ و دەربەدەر و سەرگەردان كران، هەتا ئێستاش لەلایەن حكومەتی عیراقەوە هیچ قەرەبوویەكی مادی نەكراونەتەوە،حكومەتی هەرێمیش كاتێك توانای بودجە و دارایی باش بوو، دەستی واڵا نەكرد وەك شار و شارۆچكە و ناحیەكان پێشینە بۆ دروستكردنی خانوو بدات بە خەڵكی گوندەكان، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر زێدی رەسەنی خۆیان و بەشێوەیەكی جوان و ئەندازەیی گوندەكان كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی تێدا دروست بكرێت و ئاوەدانی و بوژانەوەی تێبكەوێت، خەڵك وەك جاران سەرقاڵ بێتەوە بەكاری كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە، زۆر وڵات دەبینرێت هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی سروشتی نەوت و غازی نییە، بەڵام پشت بە سەرچاوەیەكی دیكە دەبەستێت بۆ بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی وڵاتەكەی، كوردستان سەرباری ئەوەی خاوەنی سامانی سروشتی نەوت و غازە، بەڵام خاوەنی خاكێكی بەپیت و ئاو و هەوای نموونە و گونجاوە بۆ كاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و گەشتیاریی، بۆ ئەوەی خۆمان بەرامبەر هەر ئەگەرێكی لەناكاوی قەیران و گەمارۆدان بەپتەوی رابگرین،پێویستە كار بۆ بوژانەوە و ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان بكەین. 
یەكەم هەنگاوی سەركەوتن بۆ ئاوەدانكردنەوە و بوژانەوەی گوندەكانی كوردستانیش دروستكردنی ئاوەڕۆ و چاككردن  و قیرتاوكردنی رێگاوبانەكانیانە، بۆ ئەوەی وەك شار و شارۆچكە و ناحیەكان گوندەكانیش هاتوچۆكردنیان خێراو ئاسان و سەلامەت بێت.
پاشان گەیاندنی هێڵی كارەبا و دروستكردنی قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و پارك بۆ دانیشتوانی گوندەكان بخرێتە پلان و بەرنامەی خزمەتگوزاری و كاركردنەوە. هەروەها دروستكردنی بازاڕی نموونەیی بە پێی رێژەی دانیشتوان بۆ پڕكردنەوە و دابینكردنی پێداویستییەكان و بەسەربردنی كاتێكی خۆش بۆ خەڵكی گوندەكان دەستەبەر بكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا فراوانكردنی جۆگە و رووبار و كانیاوەكانی گوندەكان و دروستكردنی بەنداو بەمەبەستی دابینكردنی پێویستی ئاو بۆیان.

گوند وەک سەرچاوەیەکی گەشتیاری- گوندی هەجیج

وتارەکانی نوسەر