باکگراوند

دوا هەڵبژاردن لە ئێران

09:10 - 2024-03-03
جەمال ئارێز
297 خوێندراوەتەوە

(34)

هەفتەی رابردوو، میدیاکانی جیهان و ناوچەکە بە یار و نەیارییەوە، زۆرێک لە راپۆرت و دیدارە رۆژنامەنووسییەکانیان تەرخان کرد بۆ رووماڵکرنی دوا هەڵبژاردنی ئێران کە رۆژی هەینی 1/3/2024 بۆ ئەنجومەنی شورا (پەرلەمان) و ئەنجومەنی شارەزایانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
هەڵبژاردنەکە لە دۆخێکی ئیستیسنائیدا بەڕێوەچوو، بەو پێیەی دۆخی ئابووری و سیاسی و ئەمنیی ئێران خۆی بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی 2016 و 2020 جیاوازە، هەم دۆخی ئێران لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی جیاوازە لەو دوو هەڵبژاردنەی دیکە، بەتایبەتیش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایان کە دەسەڵاتی هەڵبژاردنی رابەری گشتیی ئەو وڵاتەیان هەیە.
باکگراوندی تابلۆ سیاسی و سەربازییەکەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو زۆر جیاوازە لە هەڵبژاردنەکەی ئەمجارە، بەوپێیەی ئەمەی ئێستا لە دۆخێکدایە ئەگەر بەراوردی بکەین بە هەڵبژاردنەکەی 2016، ئەوکات هێشتا بە رەسمی رێکەوتنی ئەتۆمیی (5 + 1) ی نێوان وڵاتانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێراندا هەڵنەوەشابۆوە. 
لە جەنگی تیرۆریزمی داعشدا ئێران سەرەڕای جیاوازییەکانی لەگەڵ خۆرئاوا و وڵاتانی ناوچەکەدا، بەشێک بوو لە بەرەی دژ بە داعش، دۆخی ئابووریی ئێران چەند هێندەی ئێستا باشتر بوو، بەو پێیەی پاکێجی سزاکان زۆر کاریان نەکردبووە سەر ئاستی بژێویی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە. 
جگە لەوەش کۆمەڵی نێودەوڵەتی زۆربەی قورسایی خۆی خستبووە سەر جەنگی دژ بە داعش لە سوریا و عیراق و لە هەڵبژاردنی 2020-یشدا چ بەهۆی سەرقاڵی جیهان بە لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا و چ بە هۆی رۆیشتنی دۆناڵد ترەمپەوە لە کۆشکی سپی، جۆ بایدن-ی سەرۆکی نوێی ئەوکاتی ئەمریکا بەنیازی ئاڵوگۆڕ و نەرمی نواندن بوو لەگەڵ ئێران، بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ئەکتیڤکردنەوەی رێکەوتنە ئەتۆمییەکە و چاوخشاندنەوە بە سزاکانی سەر ئێراندا.
 بۆیە لەو دوو هەڵبژاردنەدا زیاتر چاوی رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی میدیای جیهان و ناوچەکە هێندەی لەسەر داعش و ململانێ ناوخۆییەکانی ئەمریکا و کۆرۆنا بوو، هێندە تیشکیان نەدەخستە سەر هەڵبژاردن لە ئێران.
ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئێرانی هێناوەتە بەردەم باسوخواسی میدیایی و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی سیاسیی نێودەوڵەتی، دۆخی ئێستای ئێران خۆیەتی لەسەر هەرسێ ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، چونکە لەسەر ئاستی ناوخۆ لە رووی ئابوورییەوە هەموو خەڵکی ئەو وڵاتە گرفتاری دەستی سزا نێودەوڵەتییەکانن، لەڕووی سیاسییەوە ئەم هەڵبژاردنە کەوتۆتە دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو. 
لەسەر ئاستی ئیقلیمیش لە هەریەک لە عیراق و لوبنان و یەمەن و فەلەستین ئەو گروپانەی نزیکن لە ئێرانەوە لەجاران بەگوڕتر کەوتوونەتە لێدان لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی خۆرئاوا و ئیسرائیل کە بەگشتی خۆیان لە بەرەی دژ بە ئێراندا رێکخستووە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەمڕۆ ئێران لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی نا راگەیەندراودایە بە سەرکردایەتی (روسیا و چین) کە هەردوو ئەو وڵاتەش نەیاری تەقلیدیی سیاسەتەکانی ئەمریکا و خۆرئاوان لە ناوچەکەدا، بۆیە میدیاکانی جیهان ئەمجارە هێندەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، چاویان لەسەر هەڵبژاردنەکەی ئێران و ئەو ئەنجامانەیە کە پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی نوێ و حکومەتی ئایندەی ئێرانی لێوەی دێنەکایەوە. 

وتارەکانی نوسەر