فەرامۆشكردنی توانای ژنان لە كەرتی تایبەتدا

09:20 - 2024-03-03
هاشم غەمگین
239 خوێندراوەتەوە

ژنان وەك پیاوان مافی بەشداریكردنیان لە هەر بوارێكی كەرتی تایبەتدا هەیە،بۆئەوەی لە بازاڕ و كۆمپانیاكان و كارگەكان و هەموو سێكتەرەكانی دیكەی ئابووریدا بێنە پێشەوەو دەربكەون و چالاكانە كار بكەن .
توێژینەوە جیهانییەكان دەریدەخەن، كە یەكسانی جێندەریی و بەشداریكردنی زیاتری ژنان لە سێكتەرە ئابوورییەكاندا، قازانج و كارایی و بەردەوامیی درێژخایەن زیاد دەكات. بەشداریكردنی ژنان لە كاركردن لە كەرتی تایبەتدا لەگەڵ ئەوەی دەبێتەی هۆی كەمكردنەوەی رێژەی هەژاریی و چەسپاندنی یەكسانی جێندەریی و خۆشگوزەرانی خێزانەكان،لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆی یارمەتیدانی زیادكردنی بەهێزكردنی چالاكیی ئابووری. 
لە هەرێمی كوردستاندا ژنان وەك گەورەترین سەرچاوەی مرۆیی نەتوانراوە كەڵك لە تواناكانیان وەربگیرێت، بەڵكو توانا و سەلیقەیان پەراوێزخراوە و لە ماڵەوە گۆشەگیرن. ئێستا رێژەیەكی بەرچاوی ژنان پڕۆسەی خوێندنیان تەواوكردووە و دەرچوون،بەڵام بێكارن ،چونكە لە كەرتی گشتیدا هیچ بوارێكی دامەزراندن نەماوە بۆیان، بۆیە چاویان لەوەیە حكومەت بوارێكیان بۆ بدۆزێتەوە،شان بە شانی پیاوان لە بازاڕ و كەرتی تایبەتدا كار بكەن و جێی دەستیان دیار بێت.
نابێت ژنان تەنها چاویان لەوە بێت حكومەت هەلی كاركردنیان بۆ بڕەخسێنێت،بەڵكو دەبێت خۆیان هەوڵ بدەن بەدوای كاردا بگەڕێن،وەك پیاوان لە دوکان  و ریستۆرانتەكاندا كار بكەن. بۆئەوەی ببنە خاوەنی داهاتی سەربەخۆی خۆیان و بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانیان چاویان لەدەستی كەس نەبێت.
ئەو ژنانەی خوێندنیان تەواو كردووەو لە ماڵەوەن و هیچ داهاتێكیان نییە،لە رەوشێكی بێزاریی و دەروونی خراپدان،چونكە هیچ كارێك شك نابەن خۆیانی پێ سەرقاڵ بكەن و ببنە خاوەن داهاتی خۆیان.
دەبێت حكومەت لەڕێی وزارەتی پیشەسازییەوە، پلانی ئەوەی هەبێت لە هەموو بوارەكانی كارتی تایبەتدا، لەكاتی مۆڵەتدان بە هەر پڕۆژەیەكی پیشەسازی مەرجی ئەوەی هەبێت، هیچ جیاكارییەك لە نێوان ژن و پیاودا نەكرێت،وەك یەك بە یەكسانی مافی بەشداریكردنی كاركردنیان پێبدرێت.
چونكە حكومەت ناتوانێت ئەو هەموو دەرچوانە لە دامودەزگاكاندا دابمەزرێنێت،لەبەرئەوە دەبێت حكومەت پەرە بە گەشەسەندنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی بدات،بۆئەوەی كەرتی تایبەت بتوانێت ئەو دەرچوانە بگرێتەخۆ.

ژنان بەتوانا و سەلیقەن، هەر ئەرك و كارێكیان پێ بسپێردرێت،دەتوانن چالاكانە ئەنجامی بدەن،كاركردنی ژنان لە كەرتی گشتیدا ئەوە دەسەلمێنێت كە ژنان وەك پیاوان لەڕاپەڕاندنی كاروبارەكاندا چوست و چالاكن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و داكۆكیكار لە مافی ژنانە،كۆششی زیاتر بكەن بۆئەوەی ماف و بەشداری ژنان لە كەرتە ئابوورییەكان كاراو چالاك بكرێت،
خولی راهێنانی پیشەیی و هۆشیاری جۆراوجۆر بكەنەوە بۆ بەهێزكردنی تواناكانی ژنان لە ناوچەكەدا، بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگییان لەگەڵ حكومەتدا هەبێت،بۆئەوەی ژنە دانەمەزراو و دەرچووەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان، لەو گۆشەگیرییەی ماڵەوە رزگاری بكەن لە كارگە و كۆمپانیا و بازاڕو ماركێتەكاندا دایانبمەزرێنن.

وتارەکانی نوسەر