ئارام هەڵەدنی
کۆمەڵکوژیی گەلی کورد مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لەسەر دەستی داگیرکەرانی کوردستان، بەتایبەتی لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە باشووری کوردستان چەندین جار رووبەڕووی جینۆساید بۆتەوە:
(راگواستن، ئەنفال، کیمیاباران، تۆپباران و رەمیکردن و زیندانی و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتی مەدەنی) هەریەکێک لەو کردانە دەچنە چوارچێوەی پلانی جینۆسایدەوە، بەڵام تاوانی ئەنفال یەکێکە لەو تاوانە گەورانەی بەرامبەر کورد کراوە و لە هەموو پیلانەکانی تر، کاریگەرغی نەرێنی لەسەر گەلی کورد زیاتر بەجێهێشتووە.
کورد بە درێژایی مێژوو چەندین جار رووبەڕووی جینۆساید و ھەوڵی لەناوبردن بۆتەوە، کەم ناوچەی کوردستان ھەیە بەر راگواستن، تاوانی ئەنفال، بۆردوومان، کیمیاباران و ھەوڵی لەناوبردن نەبووبێتەوە.
بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بەشێکی زۆری ئەو ستەم و پەلامارانەی کراونەتە سەر باشووری کوردستان، دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە.
لە جینۆسایدیشدا کەم و زۆریی ژمارەی قوربانییەکان مەرج نین، مەرجی تایبەتی بۆ ویستی تاوانکار ئەوەیە ئەو کۆمەڵە مرۆڤە بفەوتێنرێت کە تاوانەکەیان بەرامبەر دەکات، ئەویش بەشێوەی کوشتنی راستەوخۆ، فەوتاندنی لەسەرخۆ، داگیرکردنی وڵات و پەرتەوازەکردنی خەڵکەکەی و دابڕینی خەڵکەکە لە یەکتریی و لە شێوەژیانی ئاسایی خۆیان لەڕووی زمان، کەلتور، پێکھاتەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی. کە ئەمانەش ھەمووی تێکچوو، دەبێتە فەوتاندنێک کە سەرباری لایەنی جەستەیی، فەوتاندنی بایۆلۆجی، کەلتوری و ئابووریشی بەدوادا دێت.
لەڕووی ئابوورییشەوە، ناوچەکان وێرانکران و سەرچاوە ئابوورییەکان تاڵان كران و کوێرکرانەوە، تا خەڵکەکە نەتوانن بەشێوەی جاران هیچ بەرھەم بهێنن، ئەمەش مردنێکی لەسەرخۆی تاکی کورد بوو.
ئەگەر بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان سەیری رووداوەکان بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژو و کارەسات و رووداوی زۆر جەرگبڕ کە لە مێژووماندا هەن، بەڵام با باسی سەردەمی رژێمی بەعس بکەین تا تاوانەکانی ئەم دواییەی داعش، کورد وەک گروپێکی دەستنیشانکراو و تایبەتمەند ئەم تاوانانەی بەرامبەر کراوە:
راگواستنی بەکۆمەڵ، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و تاک، وێرانکردنی ناوچەکانی کوردستان بەشێوەیەکی بەرفراوان، تاوانی ئەنفال و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی و بۆردومانی بەردەوامی ناوچە ئازادکراوەکان. ئەم رووداوانە ھەموویان دەبنە ھۆی کۆمەڵکوژییەکی فراوان و فەوتاندنی مرۆڤ و زیندەوەران، ئەمە جگە لە شێواندن و ژەھراویکردنی سروشت، گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان، کە ھەموویان پێکەوە بە تاوانی جینۆساید هەژماردەکرێن.
کورد نەتەوەیەکە و وەک قوربانی جیاوازە لە داگیرکەرەکانی، ھەموو ئەو تاوانانەی لەدژی کورد کراون، ئامانج لە زۆربەیان بریتیبووە لە لەناوبردنی ھەموو کورد یان بەشێکی، کەواتە دەتوانین پێیان بڵێین جینۆساید.
ھەر لە رێکەوتننامەی لۆزانەوە بۆ دامرکاندنەوەی شۆڕشی شێخ مەحمود، شۆڕشی ئەیلول، سووتاندنی گوندەکان، بۆمبارانکردنی قەڵادزێ و ھەڵەبجە بە ناپاڵم لە ساڵی 1974، راگواستنی خەڵکی گوندەکان لە ساڵی 1978 و 1979، ئەنفالی بارزانییەکان لە 1983، کیمیابارانی ھەڵەبجە لە 1988، قۆناغەکانی ئەنفال، جینۆسایدی کوردە فەیلییەکان، کۆڕەوەکەی 1991و تا ئەوەی لە شنگال کرا.
دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق کە لە ساڵی 2005دا دامەزرا، بەگوێرەی مادەی 11 کە پێناسەی جینۆساید دەکات، چوار کەیسی کوردی بە جینۆساید ناساندووە، کەیسەکانیش بریتین لە (قۆناغەکانی ئەنفال، ئەنفالی بارزانییەکان، راگواستن و لەناوبردنی کوردە فەیلییەکان و کیمیابارانی ھەڵەبجە).