58
سێ مانگە هەستدەكەیت مرۆڤێكی تریت، شانازیی بە خۆتەوە دەكەیت، كە چۆن بەو ئاسانییە كێشەكە لە رەگەوە چارەسەر دەكەیت. زوو زوو كچەكەت دەنێیت بە سنگتەوە، ماچی دەكەیت، دڵنیایت ئەو نەبوایە هەر بە گەمژەیی دەژیایت، واش دەردەكەوتیت كە شانت گەوادی هەڵدەگرێت، نەك ئەوەی بارت دەكەن و بە خۆت نازانیت. ئێستا راستی ئەو قسەیەت بۆ دەردەكەوێت كە دەڵێت: «خیانەت هەتا ئاشكرا نەبێت خیانەت نییە.»
ئای چەند متمانەت بە هاوڕێكەت هەیە؟ بە جۆرێك ئەگەر ژەمێك ئەو لەسەر سفرەكە نەبێت، ئەو خواردنە بە دڵتەوە نانووسێت. هەمیشە لەسەر خوانەكە جێگای خۆی هەیە. بەرلەوەی بگات قاپ و كەوچك و چەتاڵی خۆی بۆ دادەنێن. ئیتر ئەو دەبێتە ئەندامی چوارەمی خێزانەكەت، خۆت و ژنە جوانەكەت و كچە سێ ساڵەكەت، بەوەوە دەبنە چوار. كۆڕی خواردن و خواردنەوەتان پێكەوەیە، بەڵام بە دەگمەن شەو دەمێنێتەوە، تۆش لە ماڵەوە نەبیت، سەر بە ماڵەكەتدا ناكات. هەردووكتان باری داراییتان باشە، بۆیە گیرفانیشتان یەكە. ئەوەندە پێكەوەن تاڕادەیەك رەنگی یەكتان گرتووە. بۆیە زۆرجار ئەگەر تۆ بەتەنیا بیت، خەڵك دەپرسن كوا هاوڕێكەت؟ ئەویش بە تەنیا بێت، هەمان پرسیار دەكەن.
نیوەشەو دەستی ژنەكەت دەگریت و دەیبەیتەوە بۆ ماڵی باوكی، بەو مەرجەی بابەتەكە دیزە بە دەرخۆنە بكرێت، نە تۆ دەنگ و نە ئەوان دەنگ، بە بیانوویەكی تر لێی جیادەبیتەوە، هەرچیت هەیە دەیكەیت بە پارە و سەری خۆت هەڵدەگریت، خۆت دەگەیەنیتە ئەوپەڕی دنیا، بۆ ئەوەی هەرگیز چاوت بە چارەی ژنەكەت و هاوڕێ دڵسۆزەكەت نەكەوێتەوە.
پێكەوە چوارقۆڵی لەسەر سفرەكە دانیشتوون، خەریكی چاخواردنەوەن. تۆ و هاوڕێكەت دەستخۆشی لە ژنەكەت دەكەن كە چ خواردنێكی بەلەزەت دروست دەكات. بەرنامەتان وایە تۆ و هاوڕێكەت بە ئوتومبیلەكەی ئەو بچن بۆ پیاسە، ژن و كچەكەشت لە ماڵەوە بن. هاوڕێكەت سیویچی ئۆتۆمبیلەكە هەڵدەگرێت، كاتێ لە راڕەوەكەدا خەریكی لەپێكردنی پێڵاوەكانێتی بەبێ ئەوەی سەر هەڵبڕێت دیسانەوە دەستخۆشی لە ژنەكەت دەكات. تۆش پێڵاوەكانت لە پێدەكەیت. كچەكەت وەستاوە و سەیرت دەكات. دەڵێت: «بابە، ئەوە بۆچی مامە هاوڕێ كە لەگەڵ تۆدا دەڕوات دوایی دێتەوە بۆ لای دایكم؟»