ئێستا هه‌رێمی كوردستان له‌ناو بۆشاییەکی ده‌ستووریدایه و حكومه‌تیش كار به‌رێکه‌ره، به‌هۆی ته‌واوبوونی واده‌ی كابینه‌كه و هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی كوردستانیش، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی خراپی به‌سه‌ر وێنای هه‌رێمه‌وه به‌جێهێشتووه هه‌م له‌ناو عیراق و هه‌میش له ناوچه‌كه‌دا، وه‌كو ناوچه‌یه‌كی فیدراڵی و دیموكراسی، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌رچوون له‌و حاڵه‌ته نه‌خوازراوه ته‌نها له‌رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی شه‌فافه‌وه ده‌بێت له هه‌رێمی كوردستان، كه یه‌كێتیی پابه‌ندبوونی خۆی به‌و واده‌یەوە راگه‌یاندووه کە سەرۆکی هەرێم لە ماوەی رابردوودا رایگەیاند. له‌به‌رامبه‌ردا پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراودا بایكۆتی هەڵبژاردنەکەی راگه‌یاندووه، ئەوە لە کاتێکدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم لەدوای دیداری لەگەڵ کۆمسیارانی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق، رۆژی 6/10/2024ی دیاریكردووه بۆ بەڕێوەچوونی.
یەکێتی لەگەڵ هەڵبژاردنە
راسته هه‌رێمی كوردستان و ناوماڵی كورد روئیای جیاواز و ناكۆكیی سیاسیشی تێدایه، به‌ڵام ده‌بێت دواجار به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیانی كورد و هه‌رێمی كوردستان وه‌كو قه‌وارەیەكی ده‌ستووری له‌پێش به‌رژه‌وه‌ندیی حزبییه‌وه دابنرێت، ناشكرێت ئاڵۆزی و ناكۆكییه‌كان وه‌كو خۆیان بمێننه‌وه، چونكه ئه‌وه مه‌ترسیی گه‌وره بۆ سه‌ر كۆی مافه‌كانی كورد له عیراق و هه‌رێمیش دروست ده‌كات، ئه‌وه‌ش وایكردووه، یه‌كێتی به‌رده‌وام نه‌رمی بنوێنێت له‌ناو ماڵی كورد و هه‌روه‌ها له به‌غداش به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان و ده‌رچوون له‌و بارودۆخه ئابووری و سیاسییه خراپه‌ی هه‌رێم به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه، یه‌كێتی، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بووه له كوردستان، ئاماده‌یی خۆشی بۆ ئه‌و پڕۆسه‌یه نیشانداوە، ئه‌وه‌ش بۆ متمانه‌بوونی یه‌كێتی به ده‌نگده‌رانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ش بووه، پڕۆسه‌ی سیاسیی له هه‌رێمی كوردستان بێته‌وه سه‌ر سكه‌ی خۆی و به رێكه‌وتنیش له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان بتوانرێت جارێكی تر هه‌رێم به‌هێز بكرێته‌وه له‌ناو عیراقدا.
كێشه و ئاڵۆزی دروست دەكات
ئه‌وه‌ی ئێستاش ره‌نگه كێشه و ئاڵۆزی دروستبكات، بڕیاری پارتییه به بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی لایه‌نه‌كان له سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، وه‌كو هێزێكی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ری كوردستان و عیراق له‌گه‌ڵیدایه، وه‌كو ده‌ر‌چه‌یه‌ك بۆ دەربازبوون له بارودۆخی چه‌قبه‌ستووی هه‌رێم، به‌تایبه‌تی دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی به لابردنی كورسیی كۆتاكان كه پارتی سوودی لێ ده‌بینین و به‌كاری ده‌هێنان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی.
بڕیاره‌كه‌ی پارتیش به بایكۆت كردن، هیچ واتایه‌ك ناگه‌یه‌نێت ته‌نها زیادكردنی ئاڵۆزی نەبێت له‌ناو هه‌رێم و لاوازكردنی ئه‌م قه‌واره‌یه، به‌تایبه‌تی كه چه‌ندین دۆز و كێشه له‌گه‌ڵ به‌غدادا هێشتا به هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه.
بۆیه به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن پێویستییه‌كی ژ‌یانییە بۆ ئه‌م قه‌واره‌یه، بەمەبەستی دەربازبوون له‌و بۆشاییە سیاسییه‌ی تێدایه، هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت په‌رله‌مانێكی نوێ هەڵبژێردرێت و دواتر کابینەیەکی نوێ پێکبهێنرێت، کابینەی حكومه‌تێك کە هی هه‌موان بێت، نه‌ك لایه‌نێكی سیاسیی هه‌رێم به‌ته‌نها قۆرغی بکات بۆخۆی و راییکردنی ئەجێنداکانی خۆی و نەشتوانێت ئیداره‌ی بدات و كێشه ناوخۆییه‌كانی ناو هه‌رێم و هەرێمەکەش له‌گه‌ڵ به‌غدادا چاره‌سه‌ر بكات.