نیگەران و نیگەرانییەکان

09:51 - 2024-03-25
ئەرسەلان مەحمود
154 خوێندراوەتەوە

دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، 19 ساڵە بەپێی یاسای بنەڕەتی وەک دوا دادگای تێهەڵچوونەوە، ئەرکەکانی لە شیکردنەوەی دەستوور و چارەسەریی گرژییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم و پارێزگاکان، شارەوانییەکان، رێکخراوەکان و پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان جێبەجێ دەکات، کەچی تا ئەمڕۆ هیچ کەس و لایەنێک نەبوو بڵێت نادەستورییە.
ئامانج لەم تۆمەتبارکردنەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق و ئەو سووکایەتی کردنە بە لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان کە بە بڕیاڕەکانی دادگاکە خۆشحاڵن روونە، راکردنە لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی خەڵک، خۆدزینەوەیە لەم واقیع و حەقیقەتە نوێیەی دەبێ هەرێم خۆی لەسەر بینا بکاتەوە، دروستکردنی گوشارە بۆ دۆزینەوەی دەریچەیەک لەو تەنگژەیەی تێیکەوتوون، نەخێر بۆ دروستکردنی کاردانەوە و لێکەوتەی خەڵک و حزبەکانە تا گۆمی ناکۆکیەکان قووڵتر بکاتەوە و لە رێگەیەوە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی دیاریکراو تێکبدەن.
 ئەگەر نا هەر کەس و لایەنێک دەزانێ ئەوە دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق نییە بیانووی بە حکومەتی هەرێم گرتبێت، بەڵکو حکومەتی هەرێم خۆیەتی دەستی دادگاکەی لە خۆی کردۆتەوە. 
هەرکەس دەتوانێ لەوە تێبگات بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لێکەوتەن، لێکەوتەی ناشەفافییەتی نەوتی، لێکەوتەی نەکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و درێژ کردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان، لێکەوتەی هەموار نەکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم و کۆمسیۆنەکەی، لێکەوتەی پاکنەکردنەوەی لیستی دەنگدەران لە سوری و تورکی و خەڵکانی بیانی و مردوان، لێکەوتەی چارەسەرنەکردنی میتۆدی بەشداری پێکهاتەکان، لێکەوتەی گوێنەدانە ماف و ئازادییەکان و مەسەلەی مووچەی مامۆستایان و بارمتەکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و.. تاد
هەموو خەڵکی هەرێم و حزبەکانیش، جگە لە لایەنێکی دیاری کراو، دڵخۆشن بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق، چونکە قەیران و کێشە و ئاریشە قووڵ و زۆر و زەوەندە کەڵەکەبووەکانی هەرێم، دەرەنجامی بێدادی و ئەو سەرەڕۆییە سیاسی و ئیدارییەن کە ئەمڕۆ لەهەرکات زیاتر بۆتە مایەی ستەم و جیاکاری و تێکدانی شیرازەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، تەنانەت پێکەوە هەڵکردن و پێکەوە کارکردن و گیانی هەرەوەزیشی خستۆتە ژێر مەترسی لەناوچوونەوە.
خەڵک و حزبەکانی هەرێم نەک هەر لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نیگەران نین، بەڵکو سکاڵاو داد و بێدادی و نیگەرانییەکانی ئەوانە بەدەست ئەم عەقڵییەتە نەزۆک و قۆرغکارەوە لە هەرێم، دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراقی هێناوەتە سەر خەت و بڕیاردان بە ئاڕاستەی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و دەستەبەر کردنەوەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری.
ئەرکی هێز و لایەنە سیاسییەکان و بژاردە جیاکانە، هەستیار بن و بواری هەڵگیرساندنی هەڵایساوێک نەدەن دواجار ببێتە مایەی سووتاندنی هەموان و لەناوبردنی قەوارەی هەرێم. 
ئەو ئاست نزمییەی کەسێک بەناوی حکومەتی هەرێمەوە قسەی پێدەکات، پێشهاتێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە لەسەر ئایندەی هەرێم و گەلی کوردستان بەگشتی، ئەوانەی دەمێکە دروشمیانە شتێک بە باڵای خۆیاندا نەدوورابێ، تێکدانی ئەولەویەتە و لە هیچ شتێک سڵناکەنەوە.
کاتێک دەسەڵات لەم جۆرە دەسەڵاتدارانە بەرەو لووت بەرزی ناهۆشمەندانە دەبات، زۆر مەترسیدارە، ئەرکی دامەزراوە سیاسییەکان و بژاردە جیاکانی وەک رۆشنبیران و نووسەرانە، بەزاندنی سنوورەکانی بیربخەنەوە، سنووردارکردن و تەسک کردنەوەی ماف و ئازادییەکان و ناوچەی نیگەرانییەکانی خەڵک، دەبێ وا لە هەموان بکات هەمەڕەنگی و هەمەجۆریی بیر ئەوانە بخاتەوە کە دەیانەوێ ژیان و گوزەرانی خەڵک و دۆخ لە بۆتەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بخنکێنن.

وتارەکانی نوسەر