ئۆكرانیا و كوردستان، جیاوازیی و لەیەكچوون

09:31 - 2022-03-17
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
360 خوێندراوەتەوە

لەسەرەتای 2014 بە زۆری زۆردار روسەكان دورگەی كرێمیا (قڕم)ی ئۆكرانییان خستەوە سەر روسیا یاخود داگیركرد. بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا بۆڵەبۆڵێكیان لێوەهات، بەڵام رێكارێكی ئەوتۆیان بەرامبەر روسیا نەگرتەبەر و پشتیوانی ئۆكرانییان نەكرد! ئۆكرانییەكانیش لەوە تێگەیشتن روبەرووبونەوەی بە تەنها لەگەڵ روس، زیانی گەورەی بەدواوەیە و ئەنجامی نییە، بۆیە داگیركارییەكەیان رەتكردەوە و بێدەنگیان هەڵبژارد.
ئەمساڵ هەمان دۆخی 2014 بە شێوەیەكی دیكە دووبارەبویەوە، روسەكان دوو هەرێمی دیكەیان لە ئۆكرانی جیاكردەوە، بەڵام ئەمجارە هەموو دونیا پشتیوانی لە ئۆكرانیا كرد، بۆیە ئۆكرانییەكان بڕیاری روبەرووبونەوەیاندا و ئەگەری سەركەوتنیان لەم جەنگە بەرامبەر روسیا زۆرە. واتە ئەو پشتیوانیە نێودەوڵەتییەیان بەهەل زانی «قۆستەوە»و رێگای سەركەوتنیان ئەگەرچی زەحمەت بێت، بەڵام روناكە.
ئەگەر بەراوردێك لە نێوان پرسی كورد لە عیراق و ئەوەی بەسەر ئۆكرانیا دێت بكەین، جیاوازییەكی گەورە هەست پێ دەكەین. لە ناوەڕاستی 2017 لێپرسراوێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عیراقم بینی، پێی وتم بەهۆی شەڕی داعشەوە چاو (فۆكەس)ی هەموو جیهان لەسەر كوردستانە. پێویستە كورد سود لەو پشتیوانیە نێودەوڵەتییە ببینێت بۆ ئایندەی خۆی، بەڵام پێناچێت بتوانن سودی لێ ببینن! بۆیە بەمزوانە هەموو جیهان روو لە كوردستان وەردەگێڕێت. ئەگەر ئێستا رۆژانە لێپرسراوێك یان چەند لێپرسراوێكی وڵاتان دێنە كوردستان یاخود بە تەلەفۆن پەیوەندی بە لێپرسراوانی هەرێمەوە دەكەن، لە داهاتوودا نامێنێت و كەس باسی هەرێم ناكات.
لە رووبەرووبونەوەی گروپی تیرۆرستی داعش، هەموو دونیا پشتیوانیان لە كوردستان كرد، سەرباری مەرگەساتەكانی شنگال و چەند ناوچەیەكی دیكە، توانرا سەركەوتنی گەورە بەدەست بێت و زۆربەی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان رزگاربكرێت، بەڵام زۆری نەبرد پرۆژەی ریفراندۆم هەموو ریسەكەی كردەوە بە خوری. ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەو پرۆژەیە لەبەرچاو نەگیرا، بۆیە لە باتی پشتیوانی كردن لە كورد، هەموو جیهان پشتی لە كورد كرد سەرئەنجام پرسی كورد لە عیراق و ناوچەكە پاشەكشەی زۆر گەورەی كرد كە دەكرێت بڵێین تائێستا بەردەوامە.
لە دوای 2017 بەهۆی ئەو هەڵەیەوە، پشتیوانی نێودەوڵەتی زۆر لاواز بووە. بەر لە راپرسی هەندێك گرەویان لەسەر گرێبەستەكانی نەوت لەگەڵ كۆمپانیاكان دەكرد بۆ پارێزگاری لە كوردستان، پێیان وابوو وڵاتان بە هۆی بەرژەوەندییان كورد دەپارێزن، بەڵام بەهەڵەداچووبوون. لێكەوتەكانی ئەو دۆخە هەر بەردەوامە، لە دوای دەركردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پێویستە بڕیاربەدەستانی هەرێم واقعیانە بیر لە چارەسەری مەنتقیانە و دوور لەهەڵچوون بكەنەوە، بۆ ئەوەی سەرئەنجام پاشەكشەی زیاتری بەدوا نەیەت و ئەزموونی 2017 دووبارە نەبێتەوە و باری خەڵكی كوردستان گرانتر نەبێت.

وتارەکانی نوسەر