هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەم دواییەی تورکیا هەڵبژاردنێکی ئاسایی نەبوو. پارتی دەسەڵاتدار هەموو قورسایی خۆی خستەگەڕ بۆ سەلماندنی شایستەیی خۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی خوازراو.
لە دەرەنجامی کۆتاییدا، پارتی دەسەڵاتدار ئەنجامی خراپی بە دەستنەهێناوە، بەڵام نەیتوانیوە پێگەی خۆی لە شارەوانییە گەورەکانی ئیستانبول و ئەنکەرە و ئیزمیر و ئەنتالیا و چەند شارێکی تر بچەسپێنێ، بە تایبەتی کە خەمی سەرەکی حزبی دەسەڵاتدار سەندنەوەی ئەنکەرە و ئیستانبول بوو لە ئۆپۆزیسیۆن کە ئەمەش نەهاتەدی.
ئەمە دووەم جارە ئۆپۆزیسیۆن بتوانێ دەست بەسەر شارەوانییەکانی ئیستانبول و ئەنکەرەدا بگرێ.
گومان لەوەدا نەماوە کە ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کاریگەریی لەسەر بژاردەکانی پارتی دەسەڵاتدار بەجێدەهێڵێ و ئەو بژاردانە بەو فراوانییەی جاران نامێنن.
پارتی دەسەڵاتدار لە بەرنامەیدا بوو پاش ئەوەی کە لە هەڵبژاردن، گورزێکی گورچکبڕ لە ئۆپۆزیسیۆن دەدا و ئیستانبول و ئەنکەرەی لێدەسەنێتەوە، دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا دابنێ.
ئەم پڕۆژەیە هەر ماوە و ئەنجامی هەڵبژاردن لە باری نەبردووە، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە و بەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی وریا و لەخۆ دڵنیا، دەشێ ئاکپارتی لە پیشنیازکردنی دەستوورێکی نوێ بسڵەمێتەوە.
کێشەکە بۆ پارتی دەسەڵاتدار لەوەدایە کە دەستووری ئێستا تەنها بۆ دوو خول دەرفەتی خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتی دەرەخسێنێ. بۆیە، ئەگەر تا ساڵی 2028 دەستوورێکی تازە دانەنرێ یان ئەم دەستوورەی ئێستا هەموار نەکرێتەوە، ئەردۆغان دەرفەتی ئەوەی نابێ کە بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید بکاتەوە.
دەشێ دانانی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا دەریچەیەکی باش بڕەخسێنێ بەو مەرجەی کە ئەنجامەکەی مسۆگەر بێ و دەنگی پێویست بێنێ کە ئەمەش مەسەلەیەکە زۆر لێکدانەوە هەڵدەگرێ و تەقەلای زۆری پێویستە، بەتایبەتی کە تورکیا بە کردەوە پێویستی بە دەستوورێکی دینامیکیترە کە بتوانێ بەشێکی زۆری کێشەکانی چارەسەر بکات و تەبایی ناوخۆیی سەقامگیر بکات.
بەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی وریا و لەخۆ دڵنیا، دەشێ ئاکپارتی لە پیشنیازکردنی دەستوورێکی نوێ بسڵەمێتەوە
ئەگەر هیچ نەکرێ، هەر ئەوە دەمێنێتەوە کە هەموان چاوەڕێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2028 بکەن، ئاک پارتی کاندیدی خۆی تێدا دەبێ و دەشێ ئۆپۆزیسیۆن ئەکرەم ئیمام ئۆغلو یان مەنسور یاقاش کاندید بکات کە هەردووکیان دوو جار لەسەر یەک سەرکەوتوو بون لە پاراستنی پێگەی ئۆپۆزیسیۆن، یەکەمیان لە ئیستانبول و ئەوی تر لە ئەنکەرە.
بە دڵنیاییەوە سەرکردایەتی ئاک پارتی هەموو ئەم بژاردانەی تاوتوێ کردووە، یەکێکیان ئەوەیە کە حزب لە هەڵبژاردنی ساڵی2028 دا کاندیدێکی نوێ پێشکەش بکات. بە پێی سەرچاوەکان، دەشێ حزب سەلجوک ئوزدیمیر بایراکتار کاندید بکات کە ئەندازیاری پرۆژەی بەرهەمهێنانی درۆنەکانی بایراکتارە و زاوای ئەردۆغانیشە.
ئەگەر ئاک پارتی بتوانێ سەرۆکایەتی بۆ بایراکتار مسۆگەر بکات، ئەردۆغان دەتوانێ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رۆڵێکی گەورە لە سیاسەتی ناوخۆیی تورکیا بنوێنێ. ئەردۆغان دیزاینەری سیستمی سەرۆکایەتییە لە تورکیا و سێیەم سەرۆکی بە هێزی تورکیایە پاش مستەفا کەمال ئەتاتورک و تورگوت ئوزال و دەستکەوت و سیاسەتەکانی تا ساڵانێکی دور و درێژ بە کارایی دەمێننەوە.
ئەرکی ئێستاشی، وەک بەڵێنی داوە، پێداچونەوەیەکی رەخنەگرانەیە بە سیاسەتەکانی رابردوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کەموکوڕییەکان.