موڵکی خەڵکە و نابێت لێی وەربگیرێتەوە

08:58 - 2024-04-08
ئەرسەلان مەحمود
79 خوێندراوەتەوە

ئامانج لە تەماویکردن یان دروستکردنی هەر جۆرە ئاستەنگێک بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، یان دیسانەوە هەوڵی دواخستنی لەوادەی دیاریکراودا کە بڕیارە لە10ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێ، بۆ گۆشەگیرکردنی پرسی کورد و پێگەی هەرێمە دەستوورییەکەیەتی لە ئاستی عیراقی، ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، هەروەها بۆ فیلتـەر کردن و لەکـەدارکردنی ئـەو تروسکاییە دیموکراسیەشە کە دەیان ساڵە نەشونمایەتی لە گۆڕەپانەکەدا.
ئەو دیزاینە تاکبازنەیی و نۆرمە تاکڕەهەندییەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، هێشتا پێداگری لەسەر زیندووکردنەوەی دەکات و کردویەتە بیانووی بەشدارینەکردنی لە پڕۆسەکەدا، خۆی لەهەر حزب و لایەنێک باشتر دەزانێ ئەم نەزم و بەزمە جگە لە دونیا مەجازەییەکەی خۆیدا نەبێت لە هیچ سیستمێکی دیموکراسی و فیدڕاڵدا جێگەی نابێتەوە، لە راستیدا گرفتەکەی ئەوەیە ناتوانێت لە دەرەوەی یاریگا داخراوەکەی خۆی یاری و ململانێ و پێشبڕكی بکات، کوردایەتی و نیشتمانیبوون و دیموکراسی لەدیدی پارتیدا، ئەو فۆڕم و میتۆدەن خۆی دیزاینی کردوون دەیەوێت یان خۆی هێڵەکانی دیاریکردوون نەک وەک ئەوەی هەیە یان وەک ئەوەی دەبێ هەبن.
ئەو موڵکییەتە دیموکراسییەی چەندان ساڵە بەناوی دیموکراسی و خەباتی پەرلمانی لە خەڵک وەرگیراوەتەوە، زیانی گەورەی بە پێگە و گەشەی هەرێمی کوردستان و سەقامگیری لە ناوچەکەدا گەیاندووە.
سەردەمەکەی تێپەڕی، حزبی زیندوو حزبێکە واقیعبین، ورد لەم حەقیقەتە تێدەگات و دروست دەتوانێ لەگەڵیدا مامەڵە بکات و هەڵبکات، چونکە دیموکراسی و هیچ پڕۆسەیەکی دیموکراسی ناتوانێ سەرکەوتوو بێت ئەگەر موڵکییەتەکەی لە خەڵک زەوتبکرێ وەربگیرێتەوە. 
نوێنەرایەتی کردنی پێکهاتە جیاکان، شتێک نییە ئەم حزب و ئەو حزب چۆنی بوێت ئاوا دیاریبکرێت یان بسەپێندرێ، بەڵکو بە هاوسەنگی یاسایی و یەکسانی بۆ هەموان بەدی دێ و دەچەسپێت.
توانا و تێگەی حزب بۆ دادپەروەری ژینگەیەک دەخوڵقێنێ دیموکراسی تێدا بەرکاربێت، بەڵام مەیلی حزب بۆ نادادپەروەری کەشێک دەهێنێتە ئاراوە کە تێیدا دیموکراسی پێویستییەک بێ حەتمی. خەڵکی کوردستان بەرەی بێدادی رەتدەکەنەوە، کەواتا دیموکراسی و پڕاکتیزەکردنی وەک پێویستییەکی حەتمی و حەیاتی دەبینن. 
ئێستا دژبەرەکانی دیموکراسی لە هەرێم زیاتر لە هەرکات خەریکی لە گۆڕنانی دیموکراسین، خوازیاری ئەوەن لە رێگەی تەماویکردن و دروستکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمییەوە، پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم و تەنانەت عیراقیشدا بە تەواوی رووبەڕووی ئاڵەنگاری گەورەی لێکەوتە و تێکەوتەی جیای نادیار بکەنەوە. 
دەبێ لەبەرامبەریدا هەستیار بین و نەکەوینە تەپکە و تەڵەکە بازییەکەیەوە.

لەژێر سایەی یاسایەکی چەسپاودا، دەتوانن تاکەکانی کۆمەڵگە بە ئارامی دەژین

وتارەکانی نوسەر