دیسان بۆنی سێودێت ئەو سێوەی تائێستاش ژەهرێکە لەسەر جەستەی هەرتاکێکی هەڵەبجە شوێنەوار و برینێکی قووڵی بەجێهێشتووە.
34 ساڵ تێپەڕی بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی دەستە خوشکی سێوسێنان و قەرەداغ و شێخ وەسانان و گەرمیانی ئەنفالکراو، بێگومان زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە بەر هێرش و شاڵاوی دڕندانەی رژێمی بەعسی لەناوچوو، ئەم کارە نامرۆڤانەیە بەچەندین شێوازی جۆراوجۆر و لەکات و ساتە جیاوازەکاندا بە بەرنامە و پلانی ئامادەکاریی پێشوەختە و بەڕێوەچووە.
جەنگ لەگەڵ مرۆڤی کورد و سروشتی کوردستان
بەشێکی زۆر لە پلان و پەلامارە دڕندانەکانیان بە مەست لەوەرزی بەهاردا جێبەجێ کردووە، کە دوو هۆکاری سەرەکی هەبووە کە هێرشەکانیان لە وەرزی بەهاردا چڕدەکردەوە چونکە دەیانزانی ژینگە و سروشتی کوردستان کەشوهەوایەکی لەبار و دڵڕفێنی هەیە و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا سەرەتای وەرزی بەهار جەژنی نەتەوەیی و سەری ساڵی کوردییە و وەرزی سەیران و گەشتکردنە، پێدەچێت بەشێکی هۆکارەکە ئەوە بووبێت کە رێگری تەواو بکرێت لە زیندووکردنەوەی کەلتور و هەموو بۆنە نەتەواییەتییەکانی گەلی کوردستان.
رژێمی لەناوچوو لەگەڵ ئەوەی تەنها بە کۆمەڵکوژیی خەڵکەکەوە نەدەوەستا، بەڵکو سیاسەتی بەسوتماککردنی زەوی و شێواندنی سروشت و ژینگە و دارستان و لەناوبردنی رەزوباخ و خاک و ئاوەکەی و رووخاندنی شار و گوند و دێهاتەکانی کوردستان و تەنانەت قڕکردنی پەلەوەر و باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانیشی جێبەجێ کرد.
بۆنی سێو دوا هەناسەی هەڵەبجەییەکان
بێگومان لە مێژووی کورددا سەدان و بگرە هەزاران چیرۆکی تراژیدیی ناخۆش روویانداوە، بەڵام 16ی ئازاری 1988 کە ساڵیادی رۆژێکی رەشە لە مێژووی گەلەکەماندا وتێیدا کۆمەڵکوژی و جینۆسایدکردنی هەڵەبجە و خاپوورکردنی شارێک و کۆمەڵکوژیی نەتەوەیەک جێبەجێ کراوە، ئەمە لەکاتێکدا روویدا کە لە کۆتاییەکانی جەنگی نێوان عیراق و ئێران نزیک دەبووینەوە، بە بۆردومانێکی چڕی چەکی کیمیایی جۆراوجۆر ئاسمانی هەڵەبجە و دەوروبەری داپۆشی، کە هەندێک لەو گازانە بە بۆنی سێو یان سیر بارگاوی کرابوو، هەرخۆی بۆنی سێوەکە یەکێک بوو لە ژەهرە کوشندەکان، بەهۆیەوە زیاترە لە پێنج هەزار کەس شەهید و ژمارەیەکی نزیک بە دوو هێندەش بریندار بوون و سەدان کەسیش هەتا ئێستا بە ئازاری سەختی جەستەیی و دەروونییەوە ژیانیان دەگوزەرێنن.
رێوڕەسمی رۆتینی
ئەوەی پێویستە لەسەر حکومەت تەنها بریتی نییە لە بەرزڕاگرتنی یەک رۆژ و یادکردنەوەی لە چوارچێوەی رێوڕەسمی رۆتینیدا بەڵکو پێویستە هەرچی زیاتر لەڕووی خزمەتگوزارییەوە ئاوڕ لە خەڵکەکە و شارەکە بداتەوە و لەپێش هەمووشیانەوە کەسوکاری شەهیدەکان و چارەسەری ئەو بریندارانەی کە هێشتا ماون و قابیلی چارەسەرن و بە ناردنە دەرەوەیان بۆ باشترین و پێشکەوتووترین نەخۆشخانەکانی جیهان بە ڕەچاوکردنی دۆخی دەروونی و گوزەرانیان.
هاوکات کاری جددیتر بکرێت بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسی هەڵەبجە لەئاستی جیهاندا لەڕێی عیراق و پەیوەندییەکانی خۆیەوە و بێگومان بە دەستەبەرکردنی هەموو ئەو قەرەبووە مادی و مەعنەوییانەی کە تاوانێکی جینۆساید دەیسەپێنێت بەسەر تاوانبار و هاوبەش و هاوکارەکانیدا.
هەوڵی رێکخراوی شارەوانییەکان گەیشتە کوێ؟
هەرچەندە لە مانگی ئابی ساڵی 2013 دا رێکخراوی شارەوانییەکانی جیهان بۆ ئاشتی کە 157 وڵات و 5712 سەرۆک شارەوانی تیایدا ئەندامن، دانی بەوەدا نا کە کە تاوانی هەڵەبجە جینۆسایدە و وەک سێیەم ناوچەی کارەساتبار ناسێنرا لە مێژووی دروستبوونی ئەو رێکخراوەدا، هاوکات سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجەش وەک جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە دیاریکرا کە وابڕیاربوو کاربکرێت تا لە نەتەوە یەکگرتووەکان تاوانی هەڵەبجە وەک جینۆساید بناسرێنێت، بەڵام لەدوای ئەو ساڵەوە بێدەنگەی لێکراوە و نازانرێت کارەکانی ئەو رێکخراوە بەکوێ گەیشتووە، بە هیوای دەستپێکردنەوەی هەوڵەکان و ئەنجامێک کە بەشێک لە مەینەتییەکانی ئەو شارە کەم بکاتەوە.