كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
تا زیاتر له ئێستا تێبگه‌ین، گرنگیدانمان به مێژووی رابردوومان زیاتر ده‌بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی دوێنێی نییه ئه‌مڕۆی نابێت، له فرمێسكه به‌نرخه‌كانی دوكاندارێكی قه‌یسه‌رییه سووتاوه‌كه‌ی هه‌ولێری ئازاردراودا ئه‌م حیكمه‌ته‌م خوێنده‌وه و قرچه له جه‌رگمه‌وه هات. دوكانداره‌كه بۆ سامانی دنیایی نه‌ده‌گریا وه‌ك خۆی وتی بۆ موڵكێك ده‌گریا كه ره‌نجی باووباپیرانی بوو، بۆ ئه‌مانه‌ته‌كه‌ی باوكی ده‌گریا، بۆ رابردوویه‌ك كه به ئه‌مڕۆوه به‌سترابۆوه له‌پێناوی ئاینده‌ی خانه‌واده‌كه‌یان و ئه‌وانه‌ی سبه‌ینێ له‌دایك ده‌بن. له‌مێژبوو دیمه‌نی خۆڕسكی خۆشویستنی رابردووی زێده‌كه‌مانم نه‌بینی بوو، به‌ڵام بینیم و فرمێسكی جووتیارێكی كوردی به‌بیرهێنامه‌وه كه له‌یه‌كێ له‌ساڵه شومه‌كاندا له ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك خەلە و خه‌رمانی گڕتێبه‌ردرابوو، هیچی بۆنه‌مابۆوه سڕینی فرمێسكه قه‌وییه‌كانی نه‌بێت كه دەکەوتنە سه‌ر ریشه سپییه‌كه‌ی. ئه‌گه‌رچی له‌مێژه دوژمنانی كورد ره‌نجی كورد به‌بادا ئه‌ده‌ن و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌ی ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌م كوردبوونه تاڵه‌یش كرۆكێكی شیرینی هه‌یه كه ته‌سلیم نه‌بوونه، زۆربه‌ی دێیه‌كانیان ئه‌نفالكردین و دروستمان كرده‌وه ماڵ و شوێنی كه‌سابه‌تی هاووڵاتیانمان ده‌سووتێنن و بۆمبارانی ده‌كه‌ن و هه‌ر دروستی ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌ڵه‌بجه‌یان كیمیاباران كردین و كردمانه‌وه به شاری ئاشتی و داهێنان و ره‌نگه جوانه‌كانی ژیان، مه‌ینه‌تییه‌كانی ئه‌م میلله‌ته له‌ژماردن نایه‌ن، زه‌بر به‌ر هه‌موو شار و گوند و شوێنێكی جوگرافیاكه‌م كه‌وتووه، ته‌نانه‌ت زه‌بر به‌ر گیانی كوردبوون كه‌وتووه ئیدی له‌ناوخۆی وڵات بێت یان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ڵام ئه‌وه‌ی واده‌كات ده‌ستبكه‌ینه‌وه به رستنه‌وه‌ی ئه‌و ریسه‌ی لێمان ده‌كه‌نه‌وه به‌خوری، هونه‌ری خۆشویستنی رابردوو، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یمانه. هه‌ر له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی هه‌رێمه‌كه‌مان جاریش هه‌یه پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه ده‌بینین، ئه‌و ده‌رده كوشنده‌یه‌ی بریتییه له گرنگیی نه‌دان به ئاسه‌واری كۆن و كه‌سایه‌تییه مێژووییه‌كانمان و داهێنه‌ره مه‌زنه‌كانمان. بۆ نموونه بایه‌خنه‌دانی زیاتر به ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ماڵی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی له كه‌ركوك، كه ئه‌مكاره بۆخۆی به‌ڵگه‌ی كوردستانی بوونی كه‌ركوكه به‌بێ شه‌ڕ و خوتبه‌دان، رووخاندنی گه‌ڕه‌كه دێرینه‌كان له هه‌ندێ شاری تر، به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی ئه‌و پاشماوه شوێنه‌وارییانه‌ی به‌ڵگه‌ی دێرینی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م خاكه پیرۆزه ده‌سه‌لمێنن. هه‌موو شتێ كه زیاده‌ڕه‌ویی تێدا كرا خراپ ده‌بێت ئه‌مه بۆ ته‌ندروستیش راسته، بۆ خۆشویستنی رابردوو هه‌روه‌ها بۆ ره‌تكردنه‌وه‌شی، بۆ هه‌موو كایه‌كانی ژیان شتێك له نه‌رمیی و سه‌نگینی و زیاده‌ڕه‌وی نه‌كردن ده‌رمانی زۆرێك له ده‌رد و ده‌رده سه‌رییه‌كانه.