باخەکانی خانەقی لە نێوان مێژوو... یادەوەریی دا

04:17 - 2024-05-17
عیماد ئەحمەد
325 خوێندراوەتەوە



خانەقی بەهەشتەکەی سەرزەمین و داگیرکەری نازداری دەروون و خۆشەویستەکەی بیر و هۆشم، وەکو باوەگەزێکەی مەحاڵە بتوانم پەی بە گشت یادەوەرییەکانی ببەم، بەڵام هەر جارە و دووبارەی بەختی خۆم تاقیی دەکەمەوە رەنگە و لەوانەیە  (عسى و لعل) بگەمە مرازی خۆم.

هەڵکەوتەی جوگرافی ئەم شارە گەرمەسێرە، کوردستانی رۆژهەڵات و کوردستانی باشوور بەیەکەوە دەبەستێتەوە. 
خانەقی شارێکی پر خێر و بەرەکەتە لە رووی کانزایی و کشتوکاڵی و بازرگانی و پیشەسازی و گەشتوگوزارەوە.
بابەتی ئەمجارەی مشتوماڵی بیرەوەرییەکانم تایبەتە بە باخەکانی خانەقی کە وەکو پشتێنەیەکی سەوز کەمەری شارەکە دەڕازێنێتەوە، لەو باوەڕەدانیم هیچ شارێکی تری کوردستان لە رووی باخ و باخدارییەوە خۆی بدات لەشانی خانەقی.
سەرچاوە مێژووکان ئاماژە بە جوانی و فراوانی و پڕ بەرەکەتیی باخەکانی خانەقی دەدەن.
خاوەندارێتی بەشێک لە باخەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ جولەکەی نیشتەجێبووی خانەقی.    
رووباری ئەڵوەن سەرچاوەی سەرەکی دروستبوونی باخەکانە بەڵام نابێت لێرەدا باسی باڵەجوو نەکەین کە لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم لە رووباری سیروانەوە هێنایان بۆ ناو شاری خانەقی، بێجگە لە باخەکان، سوودی باش بە دێهاتەکانی ئەو دەڤەرە بۆ کشتوکاڵ و برنجی دەکە و بنکورە دەگەیەنێت. هەروەها جێی خۆیەتی باسی ئەو بەنداوە تازەیە بکەین کە بەفەرمانی عەبدوللەتیف رەشید لە دوای روخانی بەعس لە سەروی خانەقی دروستکرا، کە هەم بۆ رزگاربوون بوو لە لافاوی ئەڵوەن، هەم بۆ رزگاربوون بوو لە وشکەساڵی، بۆ باخەکان. بێجگە لە خۆشکردنی ئاو و هەوای ناوچەکە، بەسوودن بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار لە شارەکەدا.
ئای چەند خۆشحاڵ دەبووین لە کاتی گەڕانەوەمان لە بەغداوە بۆ خانەقی بە ئۆتۆمبیله کۆستەرەکەی خاڵو حەمید دارەوەگ و گەیشتنمان بە سەر تەپەکەی (گردەکەی) مەلگشای و دەرکەوتنی دەریاچەیەکی پان و بەرین لە باخەکانی خانەقی وەکو تابلۆیەکی یەکجار جوانی کەسک و دەستکردی رەنجدەرانی خەڵکی شارەکە و لە کاتی شۆڕبوونەوەماندا بۆ ناو شارە بێ وێنەکەی خانەقی، یەکسەر هەستت بە فێنکی و بۆنی باخ و هاژەی ئەڵوەن دەکرد.
لە دایکبوونم لە خانووەکەی خەلیفە سایەخان بووە کە پشتی بە جۆگەی عالیاوە و باخەکانەوە و لە بەرامبەری ئەڵوەنیش بووە، وابزانم ئەمە وایکردووە کە رەگی دارخورماکان لە دڵ و دەروونمدا شین ببنەوە!بێجگە لەمە باوکم لە رێگای ماممەوە خەریکی باخ و باخداری بوو بۆ کەسابەت و پەیداکردنی رزق کە زۆرجار لەگەڵ سوعادی  خۆشکم بە سەبەتە میوەکانمان دەخستە سەر سەرمان و دەمانبرد بۆ دوکانی باوکمان لە بازاڕ کە لە تەنیشت خانەکەی فایەق ئەفەندییەوە بوو، داخەکەم چەند شەڕم بە سوعادی خوشکم دەفرۆشت بە بێ هۆ تا دەگەیشتینە لای باوکمان..!؟
هەر لە مناڵییەوە ئاشنای ئەم وشانە بووم: کوێچە باخ و تەلە رێی (رێی باریک) و جەوە (جۆگە)ی ئاودانی درەختەکان و خانەباخ (جێی حەوانەوەی باخەوان و کۆگای کەرەستەی باخداری و بەرهەمەکان) و توبێلە (ئامرازی سەرکەوتن بە سەر دارخورما) و سەرام (بڕینی خوشە خورمای دارەکان) و زگار (کۆکردنەوەی خورمای سەر زەوی) و تەوش (میوەی زیاد گەییوی سەر زەوی) و خۆشە خورما (هێشوە خورمای پێگەیشتوو) سەعاف (گەڵای دارخورما) و کەراب (بنی سەعاف).
هەروەها شارەزابووم بە جۆرەکانی مار، وەکو رەشەمار و ماری ئاوی کە بێ ژەهر بوون و کڵوفتە مار کە سەری پان و کورت و ژەهردار بوو.  بینینی چەقەڵ و رێوی و سەگی هار و جیاوازیم لە نێوان تەیرەکان و هێلانەکانیان دەکرد.
خەڵکی خانەقی بەگشتی و جەلەوە بەتایبەتی بایەخی زۆریان بە بەبولبولی خورما (خورماخۆرە) دەدا.
هەندێجار لەگەڵ حەمید ئەکبەری هاوڕێم دەچووین بۆ هێنانی بەچکە بولبولی ناو هێلانەکان چونکە حەمید خولیای بە خێوکردنی بولبول بوو لە قەفەسدا، تائێستاش هەوڵی دایک و باوکی  بەچکە بولبولەکە لە یادم دەرناچێت کە چۆن لە دەوروبەری سەرمان باڵە فڕە و زیکە زیکیان دەکرد و جاروباریش خویان دەدا بە زەویدا وەکو شیوەن جگەرسووتاوێک بۆ کۆرپەکەی .ئەم دیمەنە لەگەڵ تراجیدیای ئەو ژنەی لافاو مناڵە کۆرپەکەی برد لە کاتی لافاوەکەی پار ساڵی هەولێردا، لە یادەوەریمدا تێکەڵ بوون و غەمباریان کردم و چاوەکانیمان پڕکرد لە ئەسرین.
راداری دیاریکردنی شوێنی مار لە باخەکاندا بولبولەکان بوون کە بە پۆل لە دەوروبەری شوێنەکە دەفڕین و زیکەزیکیان دەکرد لە ترسی ئەوەی مارەکە نزیک نەبێتەوە لە هێلانەکەیان و هێلکە یان بەچکەکەیان قوتبدات، بەمەش باخەوان و خەڵکی نزیک لەو شوێنە بە ئاگا دەهاتن و هەوڵی کوشتنی مارەکەیان دەدا.
باشترین مارکوژی ئەو سەردەمە لە جەلەوە عەباس مایخان بوو، بەردەوام بەدوای ماردا دەگەڕا و شارەزابوو،  توفاقی مار کوشتنیشی هەبوو، خۆشیان باخیان هەبوو.
مارەکانیش هەندێجار خەڵکیان دەگەزی و بە هەلاکەتیان دەبرد.
خاڵو یاوەر خەڵکی ئاغەوخەلیفە بوو، پیاوێکی ئەسمەر، چاوڕەش و تیژ ، نە باریک و نە قەڵەو، نە باڵابەرز و نە کورت، دشداشەی کەمێک کورتی لە بەردەکرد و قایشی پانی لە کەمەری دەبەست و جامانەی لە سەر دەبەست، قولاپی باخەوانی لە کەمەر دادەنا،کەمێک بە پەلە دەڕۆشت، خاوەن خێزان بوو.
ئەم پیاوە باخەوان بوو. کێشەیەکی دەروونی هەبوو لە بەهاران و لە کاتی بەرهەمهێنانی پاقلەدا  تێکدەچوو و دەهری دەبوو، کەس نەیدەوێرا نزیکی بێتەوە و بەتەنها لە باخەکەی خۆیدا دەمایەوە، خەڵکیش دەیانوت یاوەر دیسان شێت بووە و کەس لێی نزیکنەبێتەوە، ئەمەش بوو بە مایەی دەردەسەری بۆ خۆی و کەسوکاری.
خاڵو یاوەر لە باخەکەی خۆی مارێکی کوشندە پێوەیدەدات و دەستبەجێ دەیکوژێت و کۆتایی بە ژیانی دەهێنیت. لەو حاڵەتەی رزگاری دەبێت کە نە لە شێت و نە لە عاقڵ دەچوو!
بۆ ئەو سەردەمە یەکەم کەس بوو  لە خانەقی کوشتەی ژەهری مار بوو...
دارخورما نێر و مێی هەیە، لە بەهاراندا دەبوایە باخەوانەکە تۆوی نێرەکە وەکو توخوم موتوربەی دارە مێیەکان بکات. هەندێکجار لە کاتی لابردنی سەعاف و کرابە وشکەکان وەکو تراشکردنی سەری دارخورماکان و موتوربەکردن و سەرامدا، باخەوانەکان بە توبێڵە سەردەکەوتن بۆ سەری دارخورماکان و جاروبار دەکەوتنە خوارە و تووشی ناڕەحەتی سەخت دەبوون.
ساڵانە لە کاتی بڕینی بەرهەمی دارخورماکاندا (سەرام) ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەهاتن بۆ کاری باخەوانی لە خانەقی لەگەڵ خەڵکدا بە هەرەوەزی خورمایان کۆدەکردەوە و بەشی خۆیان لە خورماکە دەبرد.
بەداخەوە لەم سەردەم و رۆژگارەدا باخەکانی خانەقی وەکو جاران نەماون و زۆربەیان بە شۆڤڵ و بلدۆزەر لەڕەگەوە هەڵکەنراون و تەختکراون. لە سەردەمی رژێمی گۆڕبەگۆڕدا بە بیانووی سەربازی و ئاسایشەوە یان وشکبوونەوە بە هۆی کەمیی ئاو یان سووتاون و یان دارخورماکان سەربڕاون بە هۆی چاوچنۆکی هەندێ ناکەس بەچەی شارەکە بۆ ئەوەی بیکەن بە عەرەسە و بیفرۆشن وەکو پارچە زەوی بیکەن بە بینا، ئەمەش دەرئەنجامی بێ دەسەڵاتی و بێباکی ئیدارەی شارەکە و بەربڵاویی گەندەڵییە لە دامودەزگاکاندا.

وتارەکانی نوسەر