ئایندەی دراوە سەوزەکە

10:11 - 2024-05-23
ئەکرەم ئەمین
398 خوێندراوەتەوە

دۆلاری ئەمریکی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و بەستنی رێکەوتننامەی (بریتۆن ودز)  دەستی کرد بە باڵادەستی و سەپاندنی هەژموون بەسەر وڵاتانی تر و بازرگانی جیهاندا، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە و شەکەتبوونی وڵاتانی ئەوروپا و داڕوخانی ئابوورییان دەرفەتێکی گەورەبوو بۆ ئەو زاڵبوونە.
سەرەتا لە بەرامبەر چاپکردنی دۆلار زێڕ دادەنرا، بەڵام لە ساڵی 1971دا ئەمریکا تاک لایەنە بڕیاری دا کە چیتر زێڕ دانانرێت لە بارامبەر چاپکردنی دۆلاردا، ئەمەش بوو بە شۆکێکی گەورە بۆ وڵاتان، بەڵام هیچ دەرفەت و رۆشناییەکییان نەبوو کە بڕیارەکە رەتبکەنەوە، بۆیە دۆلار بە باڵادەستی مایەوە.
ئێستا ئەمریکا %15.5ی کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆیی هەموو جیهان پێکدەهێنێت و %88ی هەموو کاروبار و ئاڵوگۆڕی دروای جیهان بە دۆلار دەکرێت و %58ی کۆی گشتی یەدەکی دروای جیهان بە دۆلارە و %70 بۆ %80ی قەبارەی بارزگانی هەموو جیهان بە دۆلار دەکرێت. کەواتە ئایندەکەی بۆ کوێیە؟
ئایندەی دۆلار
ئەمریکا جگە لەوەی وڵاتێکی زلهێزی سەربازییە، لە رووی ئابوورییەوە یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام وڵاتانی چین و روسیا و چەند وڵاتێکی تر لە هەوڵی خۆبەهێزکردن و خۆڕاپسکاندندان لەدەست مامەڵەکردن بە دۆلار، بۆ ئەوەش وڵاتانی برێکس هەوڵدەدەن دراوێکی تایبەت بە خۆیان دەربکەن و پشت بە زێڕ ببەستن، بەڵام تا ئێستا نەبووە بەکردار و ماوەتەوە، بەڵام چین و روسیا %90 لە مامەڵە بازرگانییەکانی نێوانیاندا پشت بە دراوی یوان و رۆبڵ دەبەستن.

 


وڵاتانی برێکس هەوڵدەدەن دراوێکی تایبەت بە خۆیان دەربکەن و پشت بە زێڕ ببەستن، بەڵام تا ئێستا نەبووە بەکردار

 

بۆچی وڵاتان لە دۆلار بێزاربوون؟
ئەمریکا دۆلار وەک چەکێکی ئابووری  و سیاسی دژی رکابەرەکانی بەکاردەهێنێت و هەڵبەز و دابەزی ئابووری و دۆلاری ئەمریکا کار لە ئابووری وڵاتان دەکات و گۆڕانکاریی ماوەماوەی نرخی سوودی بانکی لە ئەمریکا بۆتە هۆکاری زیان و لەنگەرنەگرتنی ئابووری وڵاتان، ئەمەش وای کردووە وڵاتان بە تایبەتی رکابەرکانی ئەمریکا لە هەوڵی خۆدەربازکردندا بن و بە دوای جێگرەوەی دۆلاردا بگەڕێن.
ئێستا ئەمریکا زیاتر لە 32 تریلیۆن دۆلار قەرزارە و قەرزەکەشی رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات، ئەمەش زەنگێکی ترسناکە لەسەر ئایندەی دۆلار، لە کاتێکدا وڵاتێکی وەک چین گەورەترین یەدەکی دۆلاری هەیە و لە گەشەیەکی بەردەوامدایە. 
هێشتا دۆلار هەر یەکەمە و پارێزگاری لە بەهێزییەکەی دەکات و هەرچەندە خەریکە ماندوو دەبێت، بەڵام تاجەکەی لەسەری خۆیدا هێشتۆتەوە و رادەستی ناکات، چونکە جێگرەوەی تەواوەتی نیە.

وتارەکانی نوسەر