قەڵای كەركوك نۆژەن بكەنەوە

09:52 - 2024-05-28
هاشم غەمگین
210 خوێندراوەتەوە

كەركوك شارێكی مێژوویی رەسەنی كوردە، چەندین نەتەوە و پێكهاتەی جیاوازی لەخۆگرتووە، فرە ئایین و پەرستگا و كەلتورە، مێژوویەكی پرشنگداری هەیە و مەڵبەندی پێكەوەژیانە و چەندین كەسایەتی و سەركردەی سیاسی و شۆڕشگێڕی ناودار و روناكبیر و بیرمەند و  هونەرمەندی تێدا هەڵکەوتووە چ لە ئێستا و چ لە رابردووشدا.

دەکرێت ئیدارەی داهاتووی پارێزگای کەرکوک سوود لە نموونەی قەڵای روودخانی پارێزگای رەشتی باکووری ئێران وەربگرن، تا قەڵای کەرکوک بکەنە شوێنێکی گەشتیاریی و جوانییەکانی پێشووی بۆ بگەڕێننەوە

 بەهۆی پەیڕەوكردنی سیاسەتی حکومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراقەوە، شارەکە لەم ساڵانەی دوای حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە لەزۆربەی پڕۆژەکانی ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتن و خزمەتگوزاریی بێبەشكراوە، ئەگەرچی كەركوك شارێكی دەوڵەمەندە لەڕووی سامانی سروشتی   نەوت و گازەوە، بەڵام چەندین ساڵ داهاتی ئەو سامانە  بۆ سەركوتكردن و دەربەدەركردنی خەڵكی رەسەنی شارەكە بەكار هێنراوە، نەك بۆ مەبەستی خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی تەرخان بكرێت.
هەتا ئێستاش ئەو شارە بۆتە جێی ململانێ و مشتومڕ و ناكۆكیی سیاسی دەرەكی و ناوخۆیی، بەو هۆیەوە لە زۆر مافی بودجە و خزمەتكردن بێبەش کراوە.
ئەو شارە لە هەر جۆرە پڕۆژەیەكی گەشتیاریی بێبەشن، بۆیە زۆربەی خەڵکەکەی بۆ گەشتوگوزار و بەسەربردنی كاتێكی خۆش دەچنە سەیرانگای شارەكانی دیكەی كوردستان.
یەکێک لە لایەنە خراپەکانی گرنگینەدان بە کەلەپوور و فەرهەنگی ئەو شارە، فەرامۆشكردنی قەڵای كەركوك و دەوروبەرێتی، كە رەمز و هێمای شارەكەیە و زیاتر لە (150) ساڵە هیچ پڕۆژە و خزمەتگوزاریی و گۆڕانكارییەك لەو قەڵایەدا نەكراوە، كە پانتاییەكی بەرفراوانی هەیە و لە (170) دۆنم زەوی پێكدێت و پێوانەی بەرزیی قەڵاكە (130) پێیە و چەند دەرگایەكی سەرەكیی هەیە بۆ سەردان و هاتوچۆكردن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پایە و تاوەر و بیناو پەرستگە و  بازاڕ و شوێنەوار و  رێڕەوی لەخۆگرتووە.
 لە رابردوودا ئەو قەڵایە شوێنی فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆڕەكان بووە، چەندین رووداوی مێژوویی تێدا روویداوە، پەرستگای جووەکان و کریستیان و ئاینەکانی تری لێبووە، تا ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردووش كورد و تورکمان لەو قەڵایەدا نیشتەجێبوون، بەڵام دواتر رژێمی بەعس هەر لەو ساڵانەدا هەموو دانیشتوانەکەی دەربەدەر كرد، تەنانەت بیرۆكەی ئەوەشی هەبوو ئەو قەڵایە بەتەواوی خاپوور بكات. 
قەڵاکەی كەركوك لەڕووی هەڵکەوتەوە شوێنێكی گونجاو و جوانی هەیە و كەوتۆتە ناوەڕاستی شارەکەوە، بەڵام لەدوای پڕۆسەی ئازادكردنی عیراقەوە هیچ بودجەیەكی وای بۆ تەرخان نەكراوە تا  بكرێتە شوێنێكی گەشتیاری و خەڵكی شارەكە سوودی لێوەربگرن، 
بۆ گرنگی ئەو قەڵایە و سوود لێوەرگرتنی وەک پڕۆژەیەكی گەشتیاری و ئابووری نموونەیەك دەهێنمەوە لە سنوری شاری رەشتی باكووری ئێران کە قەڵایەكی بچووكی دێرین هەیە لەو ناوچەیەدا بەناوی (قەڵای رودخان) کە ساڵانە لەهەموو وەرزەكاندا هەزاران گەشتیار رووی تێدەكەن و دەرفەتی كاری بۆ چەندین كەس رەخساوە، ئەگەرچی قەڵاكە هێندەی قەڵای كەركوكیش گەورە نییە و بەڵام بۆ گەیشتن بە قەڵای رودخان دەبێت گەشتیار چیایەکی بەرز و دارستانێكی چڕ ببڕێت و وەک کاتیش یەك سەعاتی پێویستە تا پێی بگات، لەکاتێکدا قەڵای کەرکوک نە شوێنەکەی سەختە و نە ئەوەندەش کات دەبات، بۆیە دەکرێت ئیدارەی شارەکە و خەمخۆرانی وەک شوێنێکی کەلەپووری و گەشتیاری قەڵای کەرکوکیش بە کردنەوەی رێستۆرانت و كافتریا و چەندین فرۆشگەی فرۆشتنی جلوبەرگی سەردەمی كۆنی ئەو ناوچەیە و شوێنی فرۆشتنی کەرەستەی میللی ئەو شوێنە زیندووبکەنەوە و شوێنی حەوانەوە و مانەوەی تا درەنگیش بۆ گەشتیاران دابین بکەن، رەنگە ئەمە داوایەکیش بێت بۆ ئیدارەی داهاتووی پارێزگاکە.

وتارەکانی نوسەر