بیمەی ئۆتۆمبێل

10:44 - 2024-06-05
هاشم غەمگین
156 خوێندراوەتەوە

هاشم غەمگین


بیمەكردنی ئۆتۆمبێل هۆکارێکی سەرەکییە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی دەستبەجێی هەر شۆفێرێک کە تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبێت.
چۆنێتی بیمەكردنی ئۆتۆمبێل لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە جیاوازە، لە هەندێك وڵات بە شێوەی ناچارییە و هەموو شۆفێرێك دەبێت پێوەی پابەندبێت، لە هەندێك وڵاتیش بەشداریكردن بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانەیە، بەڵام بە گشتیی لە سوود و قازانجی شۆفێرانە، لە وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی و لە هۆڵەندا بەتایبەتی بەدوو شێوە كاری بیمە و دڵنیایی بۆ ئۆتۆمبێل دەكرێت، جۆرێكیان بۆ حاڵەتی رووداوی هاتوچۆیە، پێکدادان بێت یاخود وەرگەڕان. بەشێوەی وەرزی یان ساڵانە هەر شۆفێرێك بڕێك پارەی دیاریكراو بە كۆمپانیاكانی دڵنیایی دەدات، بڕی پارەكەش بەپێی مۆدێل و نرخ و جۆری ئۆتۆمبێلەكە دیاری دەکرێت.
سەرەتا هەر شۆفێرێك پەرتوكێكی پێدەدرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر تووشی رووداوێك بوو، وێنە و ئەدرەس و چۆنێتی رووداوەكەی تێدا تۆماربكرێت و لیژنەی كۆمپانیای دڵنیایی بۆ لێكۆڵینەوە و پشكنینی لێ ئاگادار بكرێتەوە تا قەرەبوو کردنەوەکەی لە ئەستۆ بگرێت.

 

بیمەكردنی ئۆتۆمبێل هۆکارێکی سەرەکییە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی دەستبەجێی هەر شۆفێرێک کە تووشی رووداوی هاتوچۆ دەبێت

جۆرێكی دیكەی دڵنیایی بۆ فریاكەوتنی ئۆتۆمبێلە لەكاتی پەككەوتندا، بۆ پشكنین و چاككردنەوە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بە شۆفێر لە هەر شوێنێكی سنووری ئەوروپادا، بۆ ئەو مەبەستە كۆمپانیایەكی دڵنیایی بە ناوی (anwb) هەیە، كە لقی لە هەموو شارەكانی وڵاتانی ئەوروپا هەیە، خاوەنی چەندین كارمەند و كرێكار و تیمی راهێنراوە. كەرەستە و ئامێر و فڕۆكە و ئۆتۆمبێلی پێشكەوتووی بۆ ئەو مەبەستە هەیە، هەر شۆفێرێك ئۆتۆمبێلەكەی دووچاری راوەستان و پەككەوتن بوو، لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بەو كۆمپانیایەوە دەكات و ئەدرەس و شوێنی راوەستانی پێڕادەگەیەنێت، پاشان بە زووترین كات تیمی فریاكەوتنی ئەو كۆمپانیایە بۆ چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی دەگاتە لای، هەر شۆفێرێك بۆ بەشداریكردن لەم دڵنیاییە دەبێت ساڵانە بڕێك پارە بدات، پاشان كارتێكی تایبەتی ئەو كۆمپانیاییەی بۆ دەكرێت.
ئێستا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەیە، دەبینین رۆژانە چەندین رووداوی پێكدادان و وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل لە شوێنە جیاجیاكان دەبێت، ئەمەش زیانێكی زۆری ماددی و مەعنەوی و گیانی بە شۆفێران دەگەیەنێت، بەڕێوبەرایەتی دڵنیایی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بەنیازە پڕۆژەی بیمەكردنی ناچاریی ئۆتۆمبێل بكاتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەگەر بێت و بەو رێكار و پێوەر و خزمەتگوزارییانەی وڵاتانی ئەوروپا بێت، كارێكی باش و سوودبەخشە.

وتارەکانی نوسەر