یەكێتی پێدەنێتە نێو نیوسەدە خەباتەوە

12:25 - 2024-06-01
عەتا تەها
537 خوێندراوەتەوە


ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 49 ساڵ خەباتی بێوچان تێدەپەڕێنێت و پێدەنێتە نێو نیوسەدە لە خەباتی شۆڕشگێڕی شاخ و خەباتی مەدەنیی شار، دلێرانە توانی هەردوو خەباتی شاخ و شار پێكەوە گرێ بدات لەپێناوی دۆزی رەوای گەلی كوردی ستەمدیدەدا.
هەڵبەتە بەپێی جۆر و پێویستی قۆناغەكە سیاسەتێكی حەكیمانەی پیادەكردووە كە لەگەڵ سەردەمە جیاوازەكاندا خۆی بگونجێنێت و هەرلەسەرەتایی دامەزراندییەوە تاكو رۆژگاری ئەمڕۆ لە هەموو هەلومەرجە دژوارەكاندا رۆڵی كارای گێڕاوە لە بزاوتی رزگاریخوازی گەلی كورد و ژمارەی شەهید و قوربانیەكانی شاهیدی ئەو راستیەن.
بێگومان بناغەی دامەزراندنی یەكێتی لەسەربنەمای مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی نەتەوەی بووە، وەك هەموان دەزانین لە ساتەوەختی دروستبوونتیەوە مام جەلال بە هاوكاری چەند هەڤاڵێكی لێهاتوو كە لە پەنجەكانی دوو دەست تێنەدەپەڕین، لە رۆژگارێكی سەخت و مەحاڵدا لە دەرەوەی كوردستانی باشوور یەكەم كۆبوونەوەی گرێدا، ئیتر ئەو كۆبوونەوەیە بوو بە بناغەی دامەزراندنی یەكێتی. ئەمە هەرچەندە ئەودەمە هەلومەرجێكی زۆر نالەبار یەخەی كوردی گرتبوو چونكە ماوەیەكی كەم تێپەڕی بوو بەسەر شكست و نسكۆی شۆڕشی ئەیلولدا كە شكستەكە هێندە گەورە بوو بەشێك لە سەركردەكانی شۆڕشی ئەیلول، تەنانەت كوردستان و خەڵكی كوردستانیان بەجێهێشت.
بۆیە لەودەمەدا تروسكایەك هیوا لای هیچ كەسێك بەدی نەدەكرا، بەڵام سەرۆك مام جەلال لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا توانی ببێتە فریادڕەسی مێژوویی و هەرزوو دەستی دایەوە خەباتی سیاسی و لەو پێناوەشدا كەمتر لە ساڵێك جۆری خەباتی سیاسی گۆڕا بۆ خەباتی چەكداری و یەكەم چەخماخە و بڵێسەی ئاگر هەڵگیرسا و شۆڕشی نوێ توانی لە شەوەزەنگی تاریكییەوە ئاسۆیەكی روون دروست بكات، بێگومان رووناكی و ئاسۆی روون لە خۆڕا نەهاتۆتە كایەوە. وەك لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا ئەم حزبە رووبەڕووی زۆر هەوراز و نشێوی سەخت بۆتەوە و دەیان جاریش لە موئامەرەی نێوخۆیی و دەرەوەش خۆی دەربازكردووە و مەحاڵی گۆڕیوە بۆ واقیع و هەموو كۆسپ و لەمپەرەكانی تێكشاندووە. ئەگەرچی لەدوای مام جەلال. ئەوكات پلان و پیلانگێڕی زیاتر لە دژی گیراوەتەبەر و ویستراوە هەلی غیابی مام جەلال بقۆسترێتەوە بەڵام بوێرانە هەمووی تێپەڕاند، خۆ ئەگەر راستگۆبین رەنگە قۆناغێك لە قۆناغەكان یەكێتی جەستەی نەخۆشكەوتبێت و هەوڵی كەوتن و لەناوچوونی درابێت، بەڵام سەرەنجام بە لێهاتوویی سەرۆكێكی كارێزمای وەك سەرۆك بافڵ هەموو هەوڵە نەزۆكەكان پوچەڵ كرانەوە.

وتارەکانی نوسەر