هـێزی نه‌رم

ژنانی رێکخستن

09:55 - 2024-06-03
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
739 خوێندراوەتەوە

لەسەروبەندی یادی 49ساڵەی یەکێتی دا وەک یەکێ لەرێبوارە هەمیشەییەکانی ئەو رێگەیە ، بەنیازم لەم پانتاییە بچووکەی رۆژنامەکەمانەوە چیرکێکی گەورەی ژیانمتان بۆ بگێڕمەوە لە ریزی رێکخستنە نهێنییەکانی ناو شاری سلێمانیدا،ساڵی 1982  لەناو بەرمیلێک گەنمی ماڵی باوکما بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و دەمانچەیەکم بینی، دەمزانی خاڵە شێخ ئەحمەدم لەوێدا شاردبوویەوە کە لەگەڵ بەکری دارتاشدا  عەوداڵی کاری رێکخستن بوون، خاڵم بەسەر ماتۆڕێکەوە بە نەرم و نیانیی و بێدەنگی سەرقاڵی رێکخستن بوو، منیش دەستم کرد بە خوێندنەوەی بڵاوکراوەکان و لای کەس ئەم نهێنیەم نەدرکاند، ساڵی 1984 لە دواناوەندی سۆلاڤی کچان هاوڕێی ئازیزم چرۆ محەمەد کەریم شەریف بانگهێشتی کردم بۆ ریزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران کە شانەکەمان سەربە کەرتی ڕێکخستنی بازیان بوو ،ئەویش سەربە تیپی 57 ی سەگرمەبوو. لەهەندێ دیداردا کە وەک شاعیر یان راگەیاندنکار گفتوگۆم لەگەڵ کراوە باسی بەشێک لە مەترسی و گرفتەکانی ئەو قۆناغەی ژیانمم کردووە و وتوومە لە مەنعە تەجەولەکەدا داوام لە دایکم کرد یامەتیم بدات لە شاردنەوەی ئەو فەردە بەیاننامەو بڵاوکراوانەی لەلام بوون، ئەویش کە زانی ئەوەندە چاونەترسم شتم لێشاردۆتەوە لەتوونی حەمامەکەماندا هەموویانی سووتاند و گوێی بە گریانی من نەدەدا بۆ بەرگریی لە گەورەترین خولیای تەمەنم، کەچی وێنە و نامەی خاڵەکانمی کە ئەوکاتە پێشمەرگە بوون لە شاخ لە قتوویەکدا لەژێر چیمەنی باخەکەماندا شاردەوە. لەگەڵ چرۆی هاوڕێم خەڵکمان دەهێنایە ناو رێکخستن وبەیاننامەمان دەخستە ناو حەوشەی ماڵان و مەکتەب و فەرمانگەکانەوە، خۆپیشاندانی خوێندنگە و کۆڵانەکانمان رێکدەخست و لە حەلقەی رۆشنبیریدا بەشداریمان دەکرد و راپۆرتی هەفتانە و مانگانە و ساڵانەمان بۆ سەرووخۆمان دەنارد. کارەکان زۆر و مەترسیداربوون بەڵام  توانا و ئومێدی ئێمە بێ سنووربوو.
لەم شەوانەدا لەگەڵ چرۆ هەندێ یادەوەریمان بۆیەکتر دەگێڕایەوە و لە دڵەوە پێدەکەنین و دەمانووت ئەو سەردەمە و رووداوەکانی سەرسوڕهێنەربوون. ئەو گێڕایەوە ویستبووی خوێندکارێکی خوێندنگەکەمان رابکێشێت بۆناو رێکخستن کچەکە وتبووی وەرە قسە لەگەڵ دایکم و باوکم بکە با رێگەم بدەن، چرۆ دەچێت قسە لەگەڵ خێزانەکە بکات دەبینێت باوکی کچەکە لەپیاوانی بەعسە و ئامۆژگاریی چرۆ دەکات بەو جوانی و گەنجییەوە خۆی و خەڵک تووشی زیندانی بەعس نەکات! ئێستایش پێی سەیرە کە باوکی کچەکە لای بەعس لەدەمیەوەی نەدا و شانەکانمان دووچاری شکست نەهات.منیش بۆم گێڕایەوە چۆن ویستم کچی خزمێکم لە کەرکوک بهێنمە ناو رێکخستن دەستی کرد بە هات و هاوار و دایکی تێگەیاند بەڵام ئینکارم کرد هیچم پێ وتبێت، لەدوای راپەڕین وتیان ئێستا زانیمان کچەکەمان راستی دەکرد بەڵام تۆ سەرکێشیت لەپێناوی فراوانکردنی رێکخستنەکانا دەکرد.

وتارەکانی نوسەر