هـێزی نه‌رم

هێزی نەرمی سلبی

09:49 - 2024-06-10
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
730 خوێندراوەتەوە

كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 



لەماوەی گۆشەکانی رابردوودا وارێکەوتووە کە بەتەنیا لەهێزی نەرمی ئیجابی بدوێم، لەوانەیە ئەمە واکەوتبێتەوە لای خوێنەران کە هەموو هێزێکی نەرم باش و سەرکەوتووە یان لەوانەیە وا لێک بدرێتەوە کە هێزی نەرم بەتەنیا روویەکی ئیجابیی هەیە و روونادات رووی سلبی خۆیمان نیشانبدات، بەهەر هۆکارێک بێت کەمێک دواکەوتم لەوەی پێتان بڵێم هێزی نەرمیش چەکێکی دوو سەرەیە، لەوانەیە لەجیاتی ئەوەی پەیوەندییەکان باش و رێکبخات تێکیان بدات، لەبری ئەوەی بەنەرمی و بێ شەڕ و توندوتیژیی ئامانجەکان بپێکێت، ببێتە مایەی ئاڵۆزکاندنی دۆخەکان.. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لای وتەیەکی جۆزێف نای کە خۆی چەمکی هێزی نەرمی داهێناوە، راشکاوانە دەڵێت: «ئەگەر هەوڵەکانی هێزی نەرم توانای قەناعەت پێ هێنانی دەوروبەر و راکێشانیانی نەبێت ئەوا ستراتیجیەتەکەی مەحکوم دەبێت بە شکست» هەردەبووایە لە دەرفەتێکی وەک ئەمڕۆدا پێتان بڵێم: هێزی نەرمیش وەک هەر ئامڕازێکی تر ئەگەر بکەوێتە دەستی نەزان یان تیرۆریست یان ئەوانەی پێیان دەڵێین خەڵکی خراپ، بەدڵنییاییەوە بە ئاڕاستەیەکی تەواو پێچەوانەی مەبەست و ئامانجەکەی بەکاردەهێنرێت.ئەو پرسیارە لە شوێنی خۆیدایە کە دەڵێت: کامانە هێزی نەرمی سلبین؟ دەتوانین بڵێین داعش لەسەرەتادا کە لەهەموو جیهانەوە بەناوی ئایینەوە هەزاران گەنجی کوڕ و کچی لەهەموو نەتەوەکانەوە راکێشا و دواتر دڕندانەترین تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی پێ ئەنجامدان لەوهێزانەیە. لەناو کۆمەڵگەی خۆشماندا ئەو تایپە کەسانەی پێیان دەوتــرێت پـــەردە بــەدەمیانەوە نییە و بــەردەوام کارگەی ناشیرین کردن و سوککردنی کەسایەتییە سیاسی و ئەدەبی و هونەرییەکانی وڵاتەکەی خۆیان خستۆتە کار و بەشێوازێکی کۆمیدتراژیدیی کاردەکەنە سەر رای گشتی، زۆر جار کۆیش ناکەن لە هیچ بوختان و تەشهیرێک، بەجۆرێک کە یاسایش دەستی پێیان ناگات، لەکاتێکدا کە هەندێجار بوونەتە هۆی مردنی رۆحیی یان کوژرانی کەسایەتییەکان. هەروەها بەناو موعارەزەکانی ئەم وڵاتەی خۆمان، دەستێکی باڵایان لە هونەری رسواکردندا هەیە، ئاوەکەش لەپێش هەمووانەوە گۆڕان رشتی و ئەمانی دی بە سەربەخۆکانیشەوە پێی لێ دەخشێنن. حزبەکان لە ململانێی نێوانیاندا ئەمە بەکاری دەهێنن و چەکێکی کاریگەریشە، چاودێریی کردنی تایبەتمەندیی کەسەکان و کۆتو بەندکردنی ئازادیی کەسی، سیاسی و ئەدیب و نووسەرەکان پێچەوانەی پرنسیپە ئاشکراکانی حزبەكانە بە تایبەتی ناڕازییەکان، کەچی میدیا سێبەرەکانیان پێچەوانەی ئەوە کاردەکەن. لەهەندێ وێستگەدا ئەم قۆناغانە بە کوشتن چارەسەر دەکران ئێستا بەسود وەرگرتن لە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی، نەیارەکان لەرووی مەعنەوییەوە ئغتییال دەکرێن، ئەمەیش نیعمەت و نیقمەتی هێزی نەرمە ئازیزان. 

وتارەکانی نوسەر