یەكێتی خۆی چارەسەرە

10:30 - 2024-06-05
بورهان شێخ رەئوف
164 خوێندراوەتەوە

بورهان شێخ رەئووف


عادل عەبدولمهدی لە یادی 34 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا بە ئامادەبوونی مام جەلال وتی: دامەزراندنی ی.ن.ک نەك هەر پێویستییەكی كوردستانی بوو، بەڵكو پێویستییەكی عیراقی و ئیقلیمی بوو. هەروەها وتی گەواهی دەدەم ئەگەر خەبات و قوربانییەكانی یەكێتیی نەبوایە ئەو ئازادی و دیموكراسییەی ئێستا لە هەموو عیراقدا هەیە، هەرگیز بەدینەدەهات و سەرۆک  جەلال تاڵەبانی چارەسەری کێشەکانی عیراق و كوردستانە .
لەدوای نەخۆش كەوتن و كۆچی دوایی مام جەلال، ناكۆكی و ململانێكانی نێوان هەرێم و بەغدا قووڵتر و گرژتر بوون و بە ئاراستەی خراپ رۆیشتن و کەوتینە قەیرانی داراییەوە. 

 

لەدوای نەخۆش كەوتن و كۆچی دوایی مام جەلال، ناكۆكی و ململانێكانی نێوان هەرێم و بەغدا قووڵتر و گرژتر بوون و بە ئاراستەی خراپ رۆیشتن و کەوتینەتە قەیرانی داراییەوە

ئێستا وا لە یۆبیلی زێڕینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نزیك دەبینەوە، كاتی ئەوە هاتووە دوور لە سۆز و مەرایی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو كاروانە درێژە بكەین شكست و پاشەكشەكان و سەركەوتن و دەستكەوتەكان هاوپەیمانی و لێكترازانەكان، دەستنیشانكردنی خاڵە لاوازەكان و چارەسەركردنیان، لە هەمانكاتدا پەنجە خستنە سەر خاڵە بەهێزەكان و پەرەپێدانیان.
راستە یەكێتی (49) ساڵی رابردوو ژمارەیەكی بەهێزی هاوكێشەی سیاسی كوردستانی باشوور  و عیراقیش بووە، سەروەرییەكانی، شەهیدەكانی، قوربانییەكانی بەتایبەتی هیچ لایەنێكی سیاسی لە كوردستاندا بە ئەندازەی یەكێتی قوربانی نەداوە بەتایبەتی لە ئاستی سەركردەكانی، بەڵام بۆ رۆژگاری ئێستا ئەوە بەس نییە هەرباسی سەروەرییەكانی رابردوو بكەین بۆ نەوەی ئێستا، بەڵكو یەكێتی دەبێت وەڵامی بۆ داخوازییەكانی خەڵك هەبێت، پێداگری لە سەر پرنسیپەكانی سۆشیال دیموكرات بكات كە خۆی بە حزبێكی سۆشیال دیموكرات دەزانێت، ئەویش دەبێت زیاتر هەوڵبدات  بۆ هێنانەدی هەلی كار و بیمەی بێكاری و بیمەی تەندروستی، شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ بێنەوایان، دابینكردنی قەرز و سلفەی ژن هێنان و عەقار و زۆر شتی تر، بە تایبەتی ئەزموونی ئەوەمان هەیە كاتێك  كە یەكێتی پەیڕەوی ئەو سیاسەتانەی كرد و یەكەم بووە لەسەر ئاستی كوردستان.

لێكترازان و جیابوونەوەكان 
هەموو ئەو جیابوونەوانەی كە لە مێژووی یەكێتیدا لە (49) ساڵی رابردوودا روویداوە هەر لە حەفتاكانەوە تا هەشتاكان و لە هەردوو دەیەی دوای دوو هەزارەوە، گەورەترین گورزییان لە جەستەی رێكخراوەیی  یەكێتی دا، بەڵام نەیشیان توانی ببنە ئەڵتەرناتیفی یەكێتی و دۆخی كوردستانیش بەرەو باشتر ببەن، بە پێچەوانەوە هەموو ئەوانە دوای ماوەیەكی كەم لە جیابوونەوەیان پووكانەوە و یەكێتیان لاواز كرد بەرامبەر ركابەرە سەرەكی و مێژووییەكەی و هاوسەنگی هێزیان تێكداو بە تایبەتی نەیانتوانی ململانێكان ببەنە دەرەوەی سنووری پارێزگای سلێمانی.
لە بەرامبەر ئەو جیابوونەوانەشدا چەندین حزب و لایەنی تریش هاتنەوە ناو یەكێتی، ئەگەرچی هەندێكیان هەر لەوانەش بوون كە لە یەكێتی جیا ببوونەوە .
بۆ قۆناغی ئێستاش، هیچ ریفۆرم چاكسازییەك بەبێ‌ یەكێتی ناكرێت، چونكە یەكێتی هێزە خوێنی شەهیدە، مێژووە، خاوەنی پەیوەندیی عیراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە، هەڵگری كەلتوری دەوڵەمەندی سەرۆک مام جەلال و پێگەی پتەوی جەماوەری و كادری دڵسۆز و لێهاتووە.
بۆ لەمەودوا دەکرێت هەوڵبدرێت بە شێوازێكی وردتر و خێراتر رێڕەوی حوكمڕانی راست بكاتەوە و متمانەی خەڵك وەربگرێتەوە.

وتارەکانی نوسەر