مەسیحییەكانی عیراق‌ و نوێنەرایەتیی پەرلەمانییان لە سەردەمی پاشایەتیدا

10:45 - 2024-06-11
خەلیل عەبدوڵلا
315 خوێندراوەتەوە

كتێبی (مەسیحییەكانی عیراق، توێژینەوە سەبارەت بە چالاكیی نوێنەرایەتییان لەسەردەمی پاشایەتی 1925-1958)، لە نووسینی (د. عەمار  یوسف عەبدوڵڵا)، كتێبێكی 143 لاپەڕەییە‌ و بە زمانی عەرەبی نووسراوە، ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری‌ و هونەری سریانیی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری ‌و لاوان، ئەم كتێبەی بە زنجیرە 71ی رۆشنبیریی سریانی، چاپ ‌و بڵاو كردەوە.
لە چوار فەسڵ پێكهاتووە
ئەم كتێبە لە چوار فەسڵ پێكهاتووە، لەو چوار فەسڵەدا باسی رۆڵ‌ و چالاكیی نوێنەرانی مەسیحی لە 16 خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ساڵانی (1925-1958)ی سەردەمی حوكمی پاشایەتی دەكات.
ئەوەی جێگەی سەرنجە بێجگە لە نوێنەرانی كورد ‌و عەرەب لە ئەنجومەنی نوێنەران، پێكهاتەكانی دیكەش نوێنەریان لەو ئەنجومەنە هەبووە.
مەسیحییەكان چوار نوێنەر‌ و جولەكەكان چوار نوێنەریان لە ئەنجومەنی نوێنەران لە پارێزگانی بەغدا ‌و بەسرە ‌و موسڵ هەبووە، بەم شێوەیە: مەسیحییەكان لە بەغدا یەك نوێنەر ‌و لە موسڵ دوو نوێنەر ‌و لە بەسرە یەك نوێنەر.
جولەكەكان لە بەغدا دوو نوێنەر‌ و لە هەریەك لە موسڵ ‌و بەسرە یەك نوێنەر.
هەرچەند داوا كراوە نوێنەر بۆ پێكهاتەكانی سابیئە‌ و ئێزیدی دیاری بكرێت، بەڵام داواكە رەتكراوەتەوە بەهۆی كەمی ژمارەی ئەو دوو پێكهاتەیەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە پێكهاتەی توركمان هیچ نوێنەرێكی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دیاری نەكراوە، پاساوی ئەوەش ئەوە بووە كە نوێنەری پێكهاتەكان لە سەر بنەمای ئاینیی ناموسڵمان دیاری كراون، ئەوەش تەنها ئایینی مەسیحی‌ و جولەكەی گرتۆتەوە، توركمانەكان لەبەر ئەوەی موسڵمان بوون نوێنەریان بۆ دیاری نەكراوە، لەگەڵ گەلانی كورد‌ و عەرەبی موسڵمان حسابیان بۆ كراوە.
ئەم كتێبە لە چوار فەسڵ پێكهاتووە، لەو چوار فەسڵەدا نووسەر تیشكی خستۆتە سەر رۆڵ‌ و پێگە ‌و چالاكیی نوێنەرانی مەسیحی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە سەردەمی پاشایەتیدا.
چوار نوێنەریان هەبووە
مەسحیییەكان لە هەر خولێكی ئەنجومەنی نوێنەراندا  چوار نوێنەریان لە پارێزگاكانی بەغدا ‌و بەسرە ‌و موسڵ هەبووە.
ئەو نوێنەرانە كەسانی بەتوانا ‌و زیرەك ‌و شارەزا ‌و رووناكبیر بوون، سەرباری كەمی ژمارەیان رۆڵی دیاریان  لە گفتوگۆی بابەتە جیاجیاكان‌ و لیژنە هەمیشەییەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەبووە.
فەسڵی یەكەمی كتێبەكە باسی هەڵویستی نوێنەرانی مەسیحی لە ئەنجومەنی دامەزراندن‌ و پەیماننامەی عیراق‌ و بەریتانیای ساڵی 1922 پڕۆژە دەستووری ساڵی 1925‌و پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئوممە (ئەنجومەنی نوێنەران ‌و ئەنجومەنی ئەعیان) دەكات.
نوێنەرانی مەسیحی گفتوگۆی چڕ‌ و پڕیان سەبارەت بە پەیماننامەی عیراق ‌و بەریتانیای ساڵی 1922 لە ئەنجومەنی دامەزراندن كردووە، سەرباری كەمی نوێنەرەكانیان توانیویانە هەندێ‌ بەندی ئەو پەیماننامەیە رەت بكەنەوە ‌و گۆڕانكاری لە بەندەكانی تردا بە قازانجی گەلانی عیراق بكەن.
هەروەها رۆڵی دیار ‌و كاریگەریان لە گفتوگۆكانی پەسەندكردنی دەستووری هەمیشەیی عیراقی ساڵی 1925‌و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئوممە بە هەردوو باڵەكەیەوە ئەنجومەنی نوێنەران ‌و ئەنجومەنی ئەعیان هەبووە ‌و گۆڕانكارییان تێدا كردوون.
فەسڵی دووەمی كتێبەكە باسی رۆڵ ‌و هەڵویستی نوێنەرانی مەسیحی لە پرسە ئابوورییەكان دەكات، لەوانە (بابەتەكانی كشتوكاڵ، پڕۆژەی پیشەسازی‌ و ئاوەدانی ‌و بودجەی گشتی ‌و دراوی نیشتمانی).

 

نوێنەرانی مەسیحی گفتوگۆی چڕ‌ و پڕیان سەبارەت بە پەیماننامەی عیراق ‌و بەریتانیای ساڵی 1922 لە ئەنجومەنی دامەزراندن كردووە

 

متمانەیان پێدراوە
ئەوەی جێگەی سەرنجە، چەند نوێنەرێكی مەسیحی شارەزای بواری ئابووری بوون، بە زانیاری ‌و شارەزاییەوە گفتوگۆی ئەو بوارەیان كردووە‌ و لە لیژنەی دارایی پرۆژە یاسایان لەو بارەیەوە پێشكەش كردووە‌ و لەبەر وردی ‌و باشی پڕۆژەكان وەك یاسای ئەو بوارە لە ئەنجومەنی نوێنەران متمانەیان پێدراوە ‌و پەسەند كراون.
نوێنەرانی مەسیحی لە بوارەكانی بودجە ‌و باج‌ و رسوماتیش شارەزایی زۆریان هەبووە‌ و شوێن پەنجەیان بە دارشتنی یاساكانی ئەو بوارانەوە دیار بووە.
ئەوەشی جیگەی سەرنجە لە گفتوگۆكانیاندا لە ئەنجومەنی نوێنەران جەختیان لەوە كردۆتەوە كە یاساكانی باج ‌و رسومات نابێ‌ باری دارایی سەر شانی هاووڵاتیان‌ و خاوەن پیشە بچوكەكان قورس بكات.
فەسڵی سێیەمی كتێبەكە، باسی هەڵوێستی نوێنەرانی مەسیحی لە پرسە كۆمەڵایەتی ‌و رۆشنبیری ‌و كارگێڕییەكان دەكات.
نوێنەرانی مەسیحی لە لیژنە هەمیشەییەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندا رۆڵی دیاریان هەبووە لە  دەركردنی چەندین یاسای نوێ‌ لەو بوارانەدا.
فەسڵی چوارەمی كتێبەكە باسی هەڵویستی نوێنەرانی مەسیحی لە رووداوە ناوخۆیی ‌و دەرەكییەكان دەكات.
لەم فەسڵەدا بەوردی تیشك خراوەتە سەر ژیانی حزبی ‌و پەرلەمانی‌ و ئازادییە گشتییەكان ‌و تەجنیدی ئیجباری ‌و هەڵویستی روونی خۆیان سەبارەت بە دەستوەردانی سوپا لە سیاسەت‌ و خۆپێشاندانی كرێكاران دەربڕیوە ‌و بە توندی لە دژی وەستاونەتەوە.
لە خوێندنەوەی ئەم كتێبەدا
نوێنەرانی مەسیحی سەبارەت بە جوڵانەوەی هۆزەكان ‌و رووداوی مردنی مەلیك غازی‌ و داگیركاری دووەمی بەریتانیا لە ساڵانی 1941-1947، بێدەنگییان هەڵبژاردووە‌ و هیچ هەڵوێستێكی دژ یاخود لایەنگرییان بە باش‌ و بە خراپ دەرنەبڕیوە!
لە خوێندنەوەی ئەم كتێبەدا، دەگەیتە ئەو ئەنجامەی كە نوێنەرانی مەسیحی، سەرباری كەمی ژمارەیان لە چا‌و پێكهاتەكانی تردا،  بەهۆی توانا‌ و شارەزایی‌ و ئاستی بەرزی رۆشنبیرییان،  رۆڵی دیاریان لە گفتوگۆكانی ئەنجومەنی نوێنەران ‌و دارشتنی یاسا‌ و بڕیارەكاندا هەبووە. ئەوەش ئەو راستییە دەردەخات كە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان هێندەی پەیوەندی بەتوانا ‌و چۆنایەتیی نوێنەرەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندی بە چەندایەتی ‌و زۆری‌ و بۆری نوێنەرەوە نییە!.

وتارەکانی نوسەر