بنمیچی شووشەیی و کاریگەریی لەسەر ئەدای پیشەیی ژن

11:04 - 2024-06-23
پ.د.ژیا عەباس قادر
287 خوێندراوەتەوە

بنمیچی شووشەیی یەکێکە لەو جیاکارییانەی لە شوێنی کار و لە نێو پارتە سیاسییەکاندا ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، ڕێگری لە گەشتنی ژنان بە پێگە باڵا سیاسی و کارگێڕییەکان دەکات. هاوکات (دایڤید ویلسون) پێناسەی دەکات بەوەی کۆمەڵێک بەربەستی دروستکراو و شاراوە و نەبینراون، کە ڕێگری لەبەرەوپێشچونی پیشەیی ژنان و کەمینەکان دەکەن لە گەیشتنیان بە لوتکەی هەرەمی پیشەیی و پۆستە باڵاکان.
ئەم بەربەستانە هیچ پەیوەندییەکیان بە توانا و لێهاتوویی کەسەکانەوە نییە ئەوەندەی پەیوەستە بە رەگەز و پلەوپایەی‌ کۆمەڵایەتی‌. ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری‌ هەیە، وەک: ئەو وێنە تەڵخ و شێواوەی کە کۆمەڵگە بۆ ژنی‌ دروستکردووە بۆ نموونە کاتێک ژنێک وەک کەسێکی لاواز  و بێدەسەڵات و پاشکۆ و ملکەچ وێنا دەکرێت و وای لێتێدەگەیەنرێت ئەرکی ئەو تەنها ماڵ و منداڵ بەخێوکردنە، ئیتر چۆن بتوانێت لە خۆی ڕاببینێت کە دامەزراوەیەک یان دەوڵەتێک بەڕێوەببات.

 

کاتێک ژنێک وەک کەسێکی لاواز وێنا دەکرێت ئیتر چۆن بتوانێت لە خۆی راببینێت کە دامەزراوەیەک یان دەوڵەتێک بەڕێوەببات

 

 (ساندرا بیم) دەڵێت:(منداڵ لە تەمەنێکی زووەوەی 3 - 4 ساڵی دەگەڕێت بەدوای ئەو خەسڵەت و سیفەتانەی گونجاوە بۆ رەگەزەکەی و هەوڵدەدات بەو وێنەیە رەفتار و هەڵسوکەوت بکات و پاشانیش بە کاریگەری پرۆسەی پاداشت و سزا لە کەسێتیدا جێگیر دەبێت، ئەمەش تا گەورەتر بێت زیاتر تیایدا ڕەنگدەداتەوە و بەمەش دوبارە خۆی دەبێتەوە هۆکار لەپێش گەشتنی بە پێگەی باڵای سیاسی و کارگێڕی‌).
 (موس کانتر) لە ساڵی (1977) توێژینەوەیەکی ئەنجامدا، بۆ دەستنیشانکردنی کاریگەریی زۆریینە و کەمیینەی ڕەگەزەکان لەکاردا، لەسەر دروستبوونی جیاکاری لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی.  (کانتر) پێی وایە لەهەر کارێک ڕێژەی ڕەگەزێکی وەک ژن (15 %)کەمتر بێت، ئەوە مانای ئەوەیە ژنان کەمینەن لەو کارە و پیاوان زۆرینەن، ئەمە وادەکات هەمیشە ئەو ڕێژە کەمەی ژنان دیاربن و هەموو رەفتار و هەڵسوکەوت و جوڵە و قسەکردنیان لەژێر چاودێریدا بێت و لەسەر ئەم بنەمایە رەفتاریان لەگەڵ دەکەن و بەردەوام پچوکیان دەکەنەوە، وسەرکەوتنەکانیان ناگەڕێننەوە بۆ زیرەکی و تواناو لێهاتوویی خۆیان.
بەگشتی، ئەم دیاردەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەرشوێن و پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا دەبێت وەک :دووبارە چەسپاندنەوەی وێنە باوەکان بۆ ژن و رێگەنەدانیان بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان.
*سەرۆکی بەشی کاری‌ کۆمەڵایەتی-زانکۆی سلێمانی

وتارەکانی نوسەر