هیوا کامیل
ئەم مانگی ئایارە مژەدبەخشە کاتێک بە دەفتەری بیرەوەریی و سەروەریدا دەچینەوە، ئەو مانگەیە کە چەند جوامێرێکی نیشتمانپەروەر بڕیاریاندا کۆڵنەدەن و تەسلیمی ئەمری واقیعی سەپێنراوەی دوای ئاشبەتاڵ نەبن.
مرۆڤە خۆنەویستەکان
ئەو مرۆڤە خۆنەویست و نەبەزانەی کە پاش گۆڕینەوەی چکلێتە نامە و تەلەفۆنکردن کەوتنە تەگبیر بۆ خۆ سازدان لە شامی مەکۆی خۆ سازدانەوەدا یەکیان گرتەوە و دوای گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوەیەکی چەند رۆژە لە قاوەخانەی توڵەیتوڵەی شامەوە بڕیارێکی چارەنووسسازیاندا و مژدەی خۆسازدانەوە و مقاوەمەتیان دا بە گوێی خەڵکی کوردستان و کردیانە پەیامێکی توندیش بۆ نەیارانی گەلی کوردستان، لە زلهێزە جیهانییەکان و داگیرکەرە ئیقلیمییەکانی دەورەبەری کوردستان، کە بێخەم مەبن کورد زیندووە.
لە هەمان مانگی ئایاردا کە یادی لەدایکبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر دەستی ئەو جوامێرانەدا دەکەینەوە، قوڵپی گریان و خەمێک بەرۆکمان دەگرێت، چونکە لەو مانگەدا دووان لەو جوامێر و سەرکردە سەرەتاییانەی یەکێتی و شۆڕشی نوێ ئۆغریان کرد و بەجێیان هێشتین، ئەوانیش هەردوو سەرکردەی رۆژانی سەخت نەوشیروان مستەفا و عادل موراد بوون، هەروەک سەرکردەیەکی پەنهانیش لە هەمان مانگدا کتوپڕ بەجێی هێشتین کە ئەویش شازاد صائیبی نەمر بوو.
لوتکەی هەڵوێست
مێژووی دوور و نزیکی شۆڕشی گەلان، کەم نموونەی لە شێوەی کەسایەتی نەوشیروان مستەفا تۆمارکردووە، چونکە زۆربەی ئەوانەی لە مێژوودا ناویان بە نەمریی دەمێنێتەوە، ئەوانەن کە قوربانییان بە خۆشی و دەستکەوت و ئیمتیازاتە کەسییەکانی خۆیان داوە لە پێناوی گەل و نیشتمانەکەیاندا، بۆیە ئەگەر نەڵێین نموونەی لەم جۆرە هەر نییە، ئەوا دەتوانین بڵێین زۆر دەگمەنە، چونکە دەگمەنە کەسێک لە فیردەوسی ڤیەننای پایتەختی نەمسا و بووکی رازاوەی ئەوروپا و لە دوا قۆناغی خوێندنی دکتۆرادا بێت، بەڵام بەبێ هیچ گوشارێکی سیاسی و ئەمنی و تەنها بە تموحی رزگاریی میللەتەکەی دەست لەو تموحەی هەڵبگرێت و بۆ شۆڕش و خەبات بگەڕێتەوە بەرەو فێرگەی سەربازیی دێرک و دواتر بە قاچاخەڕێ خۆی بگەیەنێتەوە خڕی ناوزەنگی پایتەختی شۆڕش و بەرگری.
کوردێکی فەیلی دووجار ستەم لێکراو
یەکێکی تر لەو کەڵە پیاوە شۆڕشگێڕ و پەرۆشانەی خۆسازدانەوە و بەرەنگاریی دیکتاتۆری، عادل مورادە کە ئەویش سەرباری قاڵبوونی لە بواری رۆژنامەنووسی و چالاکی لە رێکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا، وەک هەر کوردێکی فەیلی دووجار ستەم لێکراو بوو چ ستەمی نەتەوایەتی و چ ستەمی مەزهەبی. ئەو دەرفەتی گەورەی لەپێش بوو کە هەر لە شام و تاراوگەدا وەکو هەزارانی دیکە بەهۆی عەرەبی زانین و سەلیقە رۆژنامەوانییەکەیەوە خۆی تەرخان بکات بۆ پەیداکردنی بژێویی، بەڵام هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە فاکتەری ئەوەی کە بە هەڵەداوان خۆی بگەیەنێتە شام و توڵەیتوڵە تا شەرەفی بەشداریی لە دامەزراندنی یەکێتی و مژدەی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێی گەلی کوردستانی پێ ببڕێت.
لە دەیەی رابردوودا پێنج لەو حەوت سەرکردەیەی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی ئۆغریان کرد و ماڵئاواییان لە گەلەکەیان کرد، کە ئەوانیش سەرۆک مام جەلال و د. کەمال فوئاد و نەوشیروان مستەفا و عادل موراد و عەبدولڕەزاق فەیلی بوون.
ئەگەرچی ماڵئاوایی هەر پێنجیان بە ئازارە و بۆشاییەکی گەورەیە لە خەباتی رزگاریی نیشتمانیدا کە پڕبوونەوەی ئەستەمە، بەڵام خەمی کۆچی نەوشیروان مستەفا و عادل موراد تێکەڵە بە سەروبەندی یادی گەڵاڵەبوونی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی توڵەیتوڵە و ئەڵمانیا و دەرچوونی یەکەمین بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتی و مژدەی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ.
مافناس و دیپلۆماتکار و دەوڵەتمەدارێکی بێ دەوڵەت
هەر لەو مانگەدا و لە 21/5/2001 دا لە رووداوێکی دڵتەزێندا ئەجەل هاتوو گیانی شازاد جەمیل صائیب ناسراو بە کاکە شای لێ بردین، ئەو کاکە شایەی کە جگە لە پەرۆشی بۆ سەرخستنی کوردستان و کوردایەتی، هیچ ئومێد و تەماعێکی لە پۆست و پلەدا نەبوو، بەڵکو وەک هاوڕێ نزیکەکانی دەگێڕنەوە سەرکردایەتی یەکێتی کە پۆستی شیاوی هەبووایە بە شوێن کەسانی شیاوی وەک ئەودا دەگەڕا.
کاکە شا لە سامان و داراییدا لە هیچی کەم نەبوو، جگە لەوەی رێبواری رێگای ئازادیی گەل و خاکەکەی بوو، ئەو لە ئەستەمترین رۆژەکانی خەباتی نهێنیدا پێگەکەی وەک پارێزەرێکی کارامە بۆ خزمەتی شۆڕش و کوردایەتی بەکاردەهێنا و ببووە ئەڵقەی گرێدانەوەی شام و شار و شاخ.
کاتێک لە لایەن دەزگا سیخوڕییەکانیشەوە ئاشکرابوو، خۆی گەیاندە شاخ و لەوێش ئەگەرچی ماوەیەکی زۆر نەمایەوە و بە بڕیاری سەرکردایەتی وەک دیپلۆماتکاری شۆڕش رەوانەی دەرەوەکرا، بەڵام لەو ماوەیەدا شوێن پەنجەی خۆی نەخشاند و دادگای باڵای شۆڕشی دروستکرد، لە سۆنگەی ئەوەی بڕوای بەوە بوو کە نابێت شۆڕشێک دروشمی دادپەروەریی بەرزکردۆتەوە، خۆی بەبێ گەڕانەوە بۆ یاساکان بڕیار لە چارەنووسی دیل و تۆمەتباران بدات، بۆیە هەیکەلی دادگا باڵاکە و دادگای مەڵبەندەکانی داڕشت و پاشان رووەو دەرەوە رۆیشت بۆ ئەرکە نوێیەکەی.
ساڵی 2001 دا سەرکردایەتی کاکە شایان تەکلیف کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی کشتوکاڵ لە ئیدارەی سلێمانی پێشوو، بەبێ چەند و چوون پۆستی نوێنەری یەکێتی لە تورکیا بەجێهێشت و گەڕایەوە کوردستان، بەڵام مخابن تەمەن رێگەی نەدا لەو بوارەشدا رۆڵی خۆی ببینێت، لە کارەساتێکی ئۆتۆمبێلدا لەسەر رێگای دوکان سلێمانی خۆی و شۆفێرەکەی گیانیان لەدەستدا.
ژیاننامەی نەوشیروان مستەفا
*ساڵی 1944 لە سلێمانی لە دایکبووە.
*قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە و کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواوکردووە.
* ساڵی 1963 بۆتە ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان. ھەر لەو ماوەیەشدا بۆتە ئەندامی پارتی.
*جگە لە کاری سیاسی رۆژنامەنووس و مێژوونووس و نووسەرێکی بە سەلیقە بووە و خاوەنی چەندین کتێبە لە بوارەکانی مێژوویی و لێکۆڵینەوەی سیاسی و رۆژنامەوانی.
*ساڵی 1971 بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا چووەتە دەرەوەی وڵات و لە نەمسا درێژەی بە خوێندن داوە.
*ساڵی 1975 لەگەڵ مام جەلال و چەند هاوڕێیەکیدا ی.ن.ک-یان دامەزراندووە.
*ساڵی 1976 دەستبەرداری خوێندنی دکتۆراکەی بووە و گەڕاوەتەوە شام و رۆژئاوای کوردستان بۆ سەرپەرشتی ناردنەوەی دەستە چەکدارەکان بۆ ناوەوەی وڵات.
*ساڵی 1977 گەڕاوەتەوە کوردستان و لە خڕی ناوزەنگەوە سەرکردایەتی بەشێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی شۆڕشی کردووە.
*سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی بووە.
*ئەندازیاری داڕشتنی نەخشەی راپەڕینی ساڵی 1991 بوو و هەر خۆشی لە نزیکەوە سەرپەرشتیی لایەنی پێشمەرگەیی و رێکخراوەیی کردووە.
*لە رۆژی 19/5/2017دا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.
ژیاننامەی عادل موراد
* ساڵی 1949 لە شاری بهغدا لەدایکبووە.
*ھهرسێ قۆناغی سەرەتایی و ناوهندی و ئامادهیی له بهغدا تهواوكردووه.
*ساڵی 1965 له بهغدا پهیوهندیی به رێكخستنهكانی پارتی دیموكراتی كوردستانهوه كردووه.
*له ساڵی 1966دا له زانكۆی بهغدا وهرگیراوه و هاوکات سهرپهرشتیی هێڵێکی رێکخستنەکانی كردووه.
*ساڵی 1969 بووە بە پێشمهرگه و لە سنووری باڵەکایەتی بووە بە مامۆستای شۆڕش.
*
*ساڵی 1970 بووە بە سکرتێری یهكێتیی قوتابیانی كوردستان.
* ساڵی 1975 لە ئێرانەوە روو دهكاته شام و لهوێ بەشدار دەبێت لە دامهزراندنی ی.ن.ک.
*ماوەیەک سەرپەرشتی رێکخستنەکانی ئەوروپای یەکێتی کردووە و دواتر روودەکاتەوە شام و بەکاری رۆژنامەنووسییەوە سەرقاڵ دەبێت.
*ساڵی 1994 له کراوە بە لێپرسراوی مهكتهبی راگهیاندنی یهكێتی.
*ساڵی 2000 وهك لێپرسراوی پهیوهندییه عەرەبییەکان له شام دەستبەکاربوو.
*ساڵی 2003 لە بەغدا ئهركی پهیوهندییە عیراقی و عەرەبییەکان لەئەستۆ دەگرێت.
ساڵی 2004 بووە بە باڵیۆزی عیراق له رۆمانیا.
*ساڵی 2012 بووە بە سکرتێری ئهنجومهنی ناوهندیی و تا کۆچی دوایی لە رۆژی 18/5/2018 لەو پۆستەدا بەردەوام بوو.
ژیاننامەی شازاد جەمیل صائیب
(کاکە شا)
ساڵی 1968 کۆلیژی مافی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە و دەستیکردووە بەکاری پارێزەرایەتی.
*لەپاڵ کارەکەیدا بەشداریی خەباتی سیاسی و رووناکبیریی کردووە و لە ساڵانی 1969-1970 سەرنووسەری گۆڤاری رزگاری بووە کە لەلایەن باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە دەرچووە.
ساڵانی 1970 تا 1975 لە ریزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستاندا کاری کردووە، تا دوای هەرەس و دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵێکی دیاری لە گەیاندنی رێنمایی و راسپاردەکانی سەرکردایەتی نێوان دەرەوەی وڵات و ناوەوەدا گێڕاوە.
ساڵی 1980 چۆتە شاخ و بۆتەوە پێشمەرگە تا ساڵی 1983، لەو ماوەیەشدا سەرپەرشتی دامەزراندنی دادگاکانی شۆڕشی کردووە و هەیکەلەی دادگا فەرعییەکانیشی لە سنووری مەڵبەندەکاندا رێکخستووە.
ساڵانی 1983-1987 بۆتە نوێنەری یەکێتی لە شام.
لە ساڵی 1988 یشدا بۆتە نوێنەری یەکێتیی لە ئەوروپا .
لە ساڵی 1994یشەوە بۆتە نوێنەری یەکێتی لە تورکیا.
*ساڵی 2001 پۆستی وەزیری کشتوکاڵی لە کابینەی سێیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان – ئیدارەی سلێمانی- دا پێ سپێردراوە.
لە 21/5/2001 دا بە رووداوێکی هاتوچۆدا لە نزیکی شارۆچکەی پیرەمەگروون گیانی سپارد.