بۆ روسیا لە شەڕی ئۆكرانیادا سەركەوتن بەدەست ناهێنێت؟

11:02 - 2024-06-25
پ.د.خالید ئەلعزی*
156 خوێندراوەتەوە









تەیبەت بە کوردستانی نوێ

 بە وتەی پسپۆڕانی پەیمانگەكانی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە جەنگ كە بە (ISW) ناسراوە، هەرچەندە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی روسیا هەڕەشە و هاتوهاوار زۆر دەكات، بە هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمیشەوە، بەڵام روسیا ناتوانێت ئۆكرانیا تێكبشكێنێت، ئەگەر خۆرئاوا سەرچاوەكانیان بەكاربهێنن بۆ پشتیوانی لە ئۆكرانیا.

پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی جەنگ (ISW):
ستراتیژی پوتین بۆ سەركەوتن لە جەنگدا، پشت بەستنە بە چەواشەكردنی ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانەكانی ئۆكرانیا، بۆ ناچاركردنیان بە راگرتنی پشتیوانی لەو وڵاتە 

دەستنیشانكردنی ئامانجێكی هاوبەش
هەڵسەنگاندنی پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە جەنگ بەو شێوەیەیە، كە روسیا لە توانایدا نابێت ئۆكرانیا، یان خۆرئاوا تێكبشكێنێت، بگرە شكستیش دەهێنێت، ئەگەر خۆرئاوا گەلەكۆمەكێ بكەن دژی كرملن. پوتین لە سەردانەكەیدا بۆ كۆریای باكوور و ڤێتنام پرۆسەی زانیاریی فراوانی خستەگەڕ، كە ئامانجی تێكدانی هەوڵی هاوبەشەكانی ئۆكرانیا بوو بۆ دەستنیشانكردنی ئامانجێكی هاوبەش كە خۆی لە تێكشكاندنی دەستدرێژییەكانی روسیادا دەبینێتەوە بۆ سەر ئۆكرانیا.
لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا هاوبەشەكانی ئۆكرانیا چەند هەنگاوێكی گرنگییان نا بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێكی ستراتیجی هاوبەش و دەستنیشانكردنی دەرەنجامێكی ستراتیجی گونجاو بۆ جەنگ.
پشتیوانی لە سەروەریی ئۆكرانیا
بەم دواییانە زیاتر لە 80 بەرپرسی خۆرئاوایی و نێودەوڵەتی هەڵوێستێكی بنەڕەتییان داڕشت سەبارەت بە پشتیوانی لە سەروەریی ئۆكرانیا و پاراستنی خاكەكەی وەك بنەمای ئاشتیی هەمیشەیی لە ئۆكرانیا، ئەوەش لە بەیاننامەیەكدا لە كۆنگرەی ئاشتیی جیهان لە 16ی حوزەیراندا راگەیەنرا.
لە 13ی حوزەیراندا ئۆكرانیا چەند رێكەوتنێكی لە بواری ئاسایشدا لەگەڵ ئەمریكا و ژاپۆندا ئیمزا كرد بۆ ماوەی 10 ساڵ، زۆر وڵاتیش پشتیوانیی درێژخایەنیان بۆ ئۆكرانیا دووپاتكردەوە، هەڵبەت لە چوارچێوەی كۆمەڵەی حەوت و كۆبوونەوەی رامشتاین-دا.
پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە جەنگ ئاماژە بەوەش دەكات، كە ستراتیژی پوتین بۆ سەركەوتن لە جەنگدا، پشت بە چەواشە كردنی ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكانی ئۆكرانیا دەبەستێت بۆ ناچاركردنیان بە راگرتنی پشتیوانییان لە ئۆكرانیا و دەستبەرداربوون لە بنەما سەرەكییەكانی یاسای نێودەوڵەتی، كە رێزگرتنە لە سەروەریی وڵات و پاراستنی خاكەكەی.
پسپۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە جەنگ، ئەوەش بە هەند وەردەگرێت كە هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی ئامرازێكی سەرەكییە بەدەست روسیاوە بۆ یاریكردن لە كایەی سیاسیدا. 

لە عەرەبییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید

وتارەکانی نوسەر