پ. د. خالید ئەلعزی- بەیروت
تایبەت بە كوردستانی نوێ
مەرجەكانی نەتانیاهۆ وردە وردە بە زەبری ئاگر و ئاسن دەسەپێنرێت، ئەویش لە رێگەی بەكارهێنانی هێزی زیاتر و زیاتر، بێئەوەی هیچ یاسایەكی نێودەوڵەتی و ئەخلاقی و مرۆیی رایبگرێت
لە ژێر دروشمی پشتیوانیدا كە چەمكی یەكێتیی گۆڕەپانەكان دەیسەپێنێت، چارەنووسی لوبنان بە چارەنووسی غەززەوە بەستراوە، ئەم پەیوەستبوونەش بۆتە بارگرانی بەسەر لوبنان و حزبوڵڵاشەوە، بە تایبەتی دوای پەرەسەندنی روبەڕوبوونەوەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی ململانێكان، كە تیایدا ئیسرائیل توندوتیژییەكانی زیادكرد لە دوای 25ی ئابی رابردوو، ئەویش دوای ئەوەی حزبوڵڵا ویستی تۆڵەی كوشتنی فوئاد شەكەری فەرماندەی ئەركانەكەی بكاتەوە، بەڵام ئیسرائیل دەستی پێشخست و گورزێكی دیكەی وەشاند، بەوەش سنووری روبەڕوبوونەوەكان فراوانتر بوون و هێرشەكان هەندێك ناوچەی تازەیان گرتەوە، هەر ئەوەش رێخۆشكەر بوو بۆ رووداوی تەقینەوەی پەیجەرەكان، كە بە بوومەلەرزەی ئەلەكترۆنی دژی حزبوڵڵا دادەنرێت، بە دواشیدا تەقاندنەوەی ئامێرە بێتەلەكان و دواتر پرۆسەی كوشتنی فەرماندەی هێزی رەزوان، تا وایلێهات ئاگری شەڕ پشتێنەیەكی لە باشووری لوبنان و ئەو شوێنانە گرتەوە كە پێشتر شەڕیان تێدا نەبوو.
كار گەیشتە ئەوەی شارەكانی باشوور دابخرێن و هێرش و لێدان بگاتە ناوچەكانی باكووریش، سەرەتا ئیسرائیل لە بەردەم هەڕەشەی هێرشێكی وشكانیدا بوو، بەڵام گوشارەكە گوازرایەوە بۆ سەر حزبوڵڵا و دەوڵەت ئەویش بە هەڵاتنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە باشوور بەرەو پایتەخت و گوندەكانی دەوروبەر، ئەوەش شڵەژانێكی گشتی دروستكرد، وەك ئەوەی ئیسرائیل بیەوێت هاوكێشەی گۆڕینەوەی باكوور بە باشوور جێبەجێ بكات و بڕیاری 1701 بە دڵی ئیسرائیل جێبەجێبكرێت، چونكە مەسەلەی چۆڵكردنی ناوچەكانی لیتانی لە باشوور بە قووڵی سێ تا 10 كیلۆمەتر نەما، بەڵكو گۆڕا بۆ چۆڵكردنی ئەو ناوچانە بە قووڵایی 22 كیلۆمەتر لە نەبەع تاسەوە تا رووباری زەهرانی.
مەرجەكانی نەتانیاهۆ وردە وردە بە زەبری ئاگر و ئاسن دەسەپێنرێت، ئەویش لە رێگەی بەكارهێنانی هێزی زیاتر و زیاتر، بێئەوەی هیچ یاسایەكی نێودەوڵەتی و ئەخلاقی و مرۆیی رایبگرێت، ئەم هێرشانەش ورەی زیاتر دەدەن بە سوپای ئیسرائیل بۆ دەرچوون لەو قەیرانە ناوخۆییەی تێیكەوتووە و لە ناو كۆمەڵگەی عیبریدا بە ترسنۆك تۆمەتباری دەكەن.
لە شکستی غەززەوە بۆ لوبنان
لێرەوە دەبینین جەنگی پشتیوانی، كە هیچ یارمەتییەكی غەززەی نەدا، بۆتە دیمەنێك لە دیمەنەكانی شكستی دانوستانێكی خێرا و گەیشتن بە رێكەوتنێك بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنە نێودەوڵەتییەكان، چونكە چووینەتە قۆناغی بەرگریكردن لە لوبنانەوە، ئەویش لە شەڕێكدا كە هاوسەنگیی هێزی تێدا نییە، هەر ئەمەش بوو كە رابەری گشتی حزبوڵڵا هەفتەی پێشوو لە دواهەمین وتاریدا ئاماژەی پێكرد وتی: باڵادەستیی ئیسرائیل لە بواری تەكنەلۆجیادا بە روونی دیارە و بەردەوامیی جەنگیش بۆ بەهێزترینە.
لەبەر ئەوە پێویستە بڵێین لە جەنگی پشتیوانی و جەنگی لوبناندا چاوەڕێمان دەكرد لایەنێك پشتیوانیمان بكات، بەڵام حزبوڵڵا بێ پشتیوان شەڕ دەكات، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئێران دۆسێی خۆی بردە واشنتۆن، لەمەودوا حزبوڵڵا ناتوانێ بە تەنیا شەڕ بكات، چونكە ئێران بەشداری ناكات، لەبەر ئەوەی لەبەردەم رێكەوتنێكی فراواندایە بۆ ئەوەی درێژە بە دۆسێ ئەتۆمییەكەی بدات، ئەمەش سەرەتای پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلە لە ناوچەكەدا.
كەواتە ئێمە لە قەیرانێكی راستەقینەداین، ئەویش لە رێگەی بەستنەوەی چارەنووسی لوبنان بە غەززەوە و لەژێر دروشمی پشتیوانیدا، لە كاتێكدا لوبنان خۆی چاوەڕوانە پشتیوانی بكرێت و ئەمریكاش لە هەوڵی گەیشتن بە چارەسەرێكدایە كە بە دڵی ئیسرائیل بێت، ئیسرائیلیش هیچ جۆرە چارەسەرێكی قبووڵ نییە، تا سەرجەم مەرجەكانی بۆ ملكەچكردنی حزبوڵڵا قبووڵ نەكرێت.
لەبەر ئەوە چاوەڕوانی، سەرداری دۆخەكەیە بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێك لە پرۆسەیەكی دیپلۆماسی خێرادا كە لوبنان لە وێرانبوون رزگار بكات و خەڵكی باشووریش بە شكۆی خۆیانەوە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، یان چاوەڕوانییەكی دوور و درێژ لەسەر حسابی لوبنانێكی لاواز و گەلێكی بێدەسەڵات، تا هاتنی ئیدارەیەكی نوێ كە بڕیاری تەواوی بەدەست بێت بۆ یەكلاییكردنەوەی بارودۆخی غەززە و لوبنان و ناوچەكەش.
لە عەرەبییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید
لە ئەگەری رانەگرتنی جەنگ بۆ سەر لوبنان پێدەچێت بەیروت هاوشێوەی غەززەی لێبێت