كاریگەریی سەركەوتنی ترەمپ لەسەر جەنگی روسیا و ئۆكرانیا

09:46 - 2024-08-14
پ.د.خالید ئەلعزی*
113 خوێندراوەتەوە

پ.د.خالید ئەلعزی

تایبەت بە کوردستانی نوێ


بۆچوونی جیاجیا هەیە لەبارەی ئەو زیانانەی كە ترەمپ بە ئەمریكای دەگەیەنێت، ئەگەر ئەمجارەش بە سەرۆك هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام نیمچە كۆدەنگییەك هەیە لەبارەی ئەو زیانانەی كە لەوانەیە بە دیموكراسی لیبراڵی بگەیەنێت، بە تایبەتیش لە ئەوروپا و دامەزراوە فرەلایەنەكان.

ترسی ئەوروپا لە گەڕانەوەی ترەمپ
چەند رۆژێك لەمەوبەر رۆژنامەی لافانگاردیای ئیسپانی بەم چەند وشەیە گوزارشتی لە ترسی ئەوروپا كرد لە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی، هەڵبەت لە رێگەی ئەو هەڵبژاردنەوە كە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا بەڕێوە بچێت.
چونكە قسەكانی ترەمپ، كاتێك باسی لەوەكرد، كە روسیا و ئەمریكا، زۆر بە خێرایی دەتوانن گفتوگۆ بكەن و كێشەكان چارەسەر بكەن، دواتریش دەتوانێت لە ماوەی 24 سەعاتدا جەنگی ئۆكرانیا رابگرێت، ئەمە قسەیەكی پۆپۆلیستیانەیە ئاراستەی جەماوەری ئەمریكای دەكات، ئەو جەماوەرەی باج دەدات و پارەكەشی دەچێت بۆ كڕینی چەك و چۆڵ و پڕچەككردنی وڵاتانی دیكەش. 

 

گوتاری پۆپۆلیستیانەی كاتی هەڵبژاردن جیاوازە لە سیاسەتی داڕێژراوی دامەزراوەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ چارەسەری قەیرانەكاندا، لەبەرئەوە پێویستە سەرۆكی داهاتوو بزانێت كێ دەبێتە وەزیری دەرەوەی كابینەكەی و كێ دەبێتە وەزیری ئاسایش و كێ وەزارەتی خەزێنە وەردەگرێت

ناتوانێ ئەو جەنگە رابگرێت
لە دۆخێكی وا قورسدا، كە خەرێكە خۆی بەسەر جیهاندا دەسەپێنێت لە دوای پەتای كۆرۆنا و جەنگی روسیا و ئۆكرانیاوە، ترەمپ ناتوانێ ئەو جەنگە رابگرێت، چونكە هیچ سەركەوتنێك نابەخشێ بە پوتین، كە لەو دۆخە ئابووری و سەربازییەدا پێویستی پێیەتی، رەنگە لە ئەگەری سەركەوتنیدا بتوانێ زمانێكی گفتوگۆ لەگەڵ پوتندا بدۆزێتەوە و لەسەر دوو خاڵ قسەی لەگەڵدا بكات، یەكەمیان پاراستن و مسۆگەركردنی ئاسایشی ئۆكرانیا، لەلایەن روسیا و ئەمریكاوە،  دووەمیش كە خاڵێكی بنەڕەتییە، ئەوەیە كە ئۆكرانیا نەچێتە ناو پەیمانی ناتۆوە.

سزاكانی ئەمریكا بەسەر روسیادا
كێشەكە لە راگرتنی جەنگدا نییە، بەڵكو ئەو سزایانەیە كە ئەمریكا سەپاندوویەتی بەسەر روسیادا، ئەویش بەهۆی جەنگی ئۆكرانیاوە، ئەو سزایانەش هیچ سەرۆكێك ناتوانێت لایان ببات تا لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران و كۆنگرێسدا رێك نەكەوێت، واتە نە ترەمپ و نە غەیری ترەمپ ناتوانن بچنە ناو ئەو گفتوگۆیەوە.
تەنانەت ئەگەر ترەمپ لە دوای سەركەوتنی بڕیاریش بدات هەنگاوێكی لەو جۆرە بنێت، تا یەك ساڵی دیكە و بگرە زیاتریش ناتوانرێت سەیری ئەو كەیسە بكرێت، چونكە هەڵبژاردن دەكەوێتە تشرینی دوووەمەوە، سەرۆكایەتی بایدنیش دوای دوو مانگ كۆتایی دێت، تا ترەمپ دەسەڵات وەردەگرێت و ئیدارەكەی پێكدەهێنێت، دەگاتە بەهاری داهاتوو، بەو شێوەیەش زۆربەی دۆسێكان دوادەخرێن بۆ كاتێكی دیكە.

گوتاری پۆپۆلیستیانە
گوتاری پۆپۆلیستیانەی كاتی هەڵبژاردن جیاوازە لە سیاسەتی داڕێژراوی دامەزراوەكان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ چارەسەری قەیرانەكاندا، لەبەرئەوە پێویستە سەرۆكی داهاتوو بزانێت كێ دەبێتە وەزیری دەرەوەی كابینەكەی و كێ دەبێتە وەزیری ئاسایش و كێ وەزارەتی خەزێنە وەردەگرێت، ئەو سیانە بەشێكن لە قووڵایی دەوڵەت و نوێنەرایەتی ئەو حزبە دەكەن كە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، لەگەڵ دامەزراوە داراییەكان و لۆبییەكان و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە، بەو شێوەیە دەبینین ئەمانە چۆن لە كایەی نێودەوڵەتیدا یاری دەكەن و چ بڕیارێك دەدەن، ئەو كاتە دەتوانین بڵێین ململانێكە رێڕەوی خۆی وەرگرتووە، ئەگەر نا گوتاری پۆپۆلیستیانە پشتی پێ نابەسترێ.
لە عەرەبییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید

وڵاتانی ئەوروپا ترسیان هەیە لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ

وتارەکانی نوسەر