گومانی تێدا نییە نووسین پرۆسەیەكی خەباتی فیكری و كۆمەڵایەتی و كەلتورییە لە پرۆسەی ناردنی پەیامێكی سەخت بۆ وەرگر لە چوارچێوەی ناوەڕۆكێكی روون و ئاساندا، كە گوزارشت لە رووداوەكان دەكات و هەواڵ دەگوازێتەوە و بابەتەكان بە راستگۆیی و پیشەیی شیدەكاتەوە بە پێشكەشكردنی بۆچوونەكان، ئەمەش بەو مانایە دێت ئاسانكاریی دەكات بۆ ئەوەی وەرگرەكە بتوانێت لە هەر رووداوێكەوە رای گشتی دروستبكات لەسەر هەر رووداوێك یان هەر دۆسێیەك كە لەسەر گۆڕەپانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وروژێنراوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی كێ كارەكەی كردووە، چونكە رووداوەكان بوونیان هەیە و گرنگن، میدیاكان ئەركی سەرەكییان ئەوەیە بەڕاستگۆیی بیانگەیەنێت بەبێ ئەوەی دەستكاری بكات بۆ پاراستنی سروشت و وردبینیی رووداوەكە.
ئەوەی وایلێكردم ببم بە یەكێك لە نووسەرانی ئەم رۆژنامەیە، كە بە زمانی كوردی دەردەچێت، ئەوەیە بەهایەكی زیاترم پێدەبەخشێت كە لە ژیانی پیشەیی خۆمدا بەدەستمهێناوە. ئەم رۆژنامەیە نووسینەكانم رووماڵ دەكات بە زمانی دایكم و ئەو زمانانەی تر كە پێیاندەنووسم، وا دیارە ئەمە ئەو رێگایەیە كە دامەزرێنەرانی ئەم رۆژنامەیە پەیڕەوی دەكەن، كە بەردەوامە لەسەر هەڵگرتنی ئەم كەلتورە و كراوەیی بەرامبەر بە كەسانی دیكە.
كاتێك تۆ هاووڵاتییەكی عەرەبیت، بەڵام بەرهەمەكانت لە رۆژنامەیەكی زمانی كوردیدا بڵاودەبێتەوە، شتێكی زۆر گرنگ و نایابە، بەو پێیەی تۆ بە زمانی ئەوان قسە بۆ گەلێك دەكەیت و بۆچوونی خۆت بۆ ئەم خەڵكە میهرەبانە دەردەبڕیت، كە خۆشەویستییان بۆ ئەوانی تر هەیە. بە تۆماركردنی ناوی خۆت لە رۆژنامەیەكی كوردیی دێریندا، كە پەیوەستە بە كاروباری كورد و لە سەكۆكانیدا شوێن بۆ نووسەرانی عەرەبیش دەڕەخسێنێت تا بە زمانی كوردی بیروبۆچوون و ئەفكارەكانیان لەگەڵ گەلی كورددا ئاڵوگۆڕ بكەن، گوزارشتە لە رێزگرتنێكی زۆر بۆ ئەوانی تر كە بەشدارن لە پەرەپێدانی رێڕەوی رۆژنامەكەدا.
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی رۆژنامەكەوە، پێویستە سڵاو لە ستافەكەی بكەین كە پێداگریی لەسەر بەرهەمهێنان و دەرچوواندنی رۆژنامەیەكی كاغەزیی دەكەن و لە پەیج و سۆشیال میدیاكانیشدا بەئەلیكترۆنی دەكەن، پێداگرییەكەشیان لەم هەلومەرجە سەختەدایە كە رۆژنامەگەریی پێیدا تێپەڕدەبێت لە ناوچەكە و هەموو جیهانیشدا، ئەوەش تیشكێكە هیوادەبەخشێت بەوەی چاپەمەنی بیرۆكە و كەلتورێكە بارودۆخ و سەختییەكان تێدەپەڕێنێت و بەشێوەیەكی گشتیش نووسین كردەیەكی خۆشەویستە و كەسی میدیایی؛ خۆشەویستیی گەورەی بۆی هەیە.