هەرمان

تۆفانی ئەقسا توركیا و سوریا نزیك دەكاتەوە

10:19 - 2024-06-26
ئارام عه‌لی عه‌زیز
281 خوێندراوەتەوە

ئارام عه‌لی عه‌زیز

 

تۆفانی ئەقسا كارتەكانی لەناوچەكەدا تێكەڵ بەیەكتری كردەوە و دووبارە رێكخستنەوەی وەكو زەرورەتێك خۆی بەسەر هەموو لایەكدا سەپاند. 
سەرنەكەوتنی نەتانیاهو لە غەززە و لێكەوتەكانی واقیعێكی تەواو جیاوازی لە واقیعی پێشوو هێناوەتە كایەوە و ناوچەكەی خستەسەر بەرمیلێك بارووت و دەرگای بەسەر هەڕەشەی ستراتیژیی گەورەدا كردەوە. لەبەرئەوە هێزە نێودەوڵەتیی و ئیقلیمییەكان تەركیزیان خستەسەر رێڕەو و ئاراستەی رووداوەكان لە غەززە.
دەوڵەتانی ئەستانە بۆ بایەخدان بە كاریگەرییەكانی جەنگی غەززە لەسەر بەرژەوەندیی و هەژموونی ئیقلیمییان لە سەرەتای ئەمساڵدا كۆبوونەوە بۆ جێگیركردنی ئاگربەست لە ئیدلیب و تەئكیدكردنەوە لە گرنگیی پرۆسەی ئەستانە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ قەیرانی سوریا. بۆ ئەمەش روسیا و ئێران، توركیایان هاندا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان  لەگەڵ سوریادا، بەڵام ئەنجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتەوە.
لە راستیدا جەنگی غەززە دەرفەتێکی دیفاكتۆیانەی بۆ ژیاندنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی سوریا و توركیا هێنایە كایەوە، چونكە ئەو دوو وڵاتە لە ئەگەری سەپاندنی چارەسەرێكی گشتگیری مەسەلەكان لە ناوچەكەدا، زەرەرمەند دەبن، بەتایبەتی دوای راگەیاندنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەلایەن ئیدارەی خۆسەری رۆژئاواوە، كە هەردوولا بە هەڕەشە و مەترسیی بۆ سەر خۆیانی دادەنێن و توركیاش هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی كرد، بەڵام هەڵبژاردنەكە بۆ مانگی ئاب دواخرا.
بڕیاریشە لە كۆتایی ئەم مانگەدا كۆبوونەوەی لووتکەی شەنگهای لە ئەستانەی پایتەختی كازاخستان سازبكرێت، كە تیایدا باس لە دوا گۆڕانكارییەكانی گۆڕەپانی سوریا و لێكەوتەكانی جەنگی غەززە و لوبنان و یەمەن لەسەر رەوشی سوریا دەكرێت.
 چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی ئەردۆغان و پوتینیشدا باس لە هەوڵی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی رۆژئاوای كوردستان بكرێت كە توركیا تیایدا سەپاندنی واقیعێکی نوێ لە سوریا رەتدەكاتەوە و هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەكات.
هەرچەندە پشتیوانیی ئەمریكا بۆ رۆژئاوای كوردستان توركیای نیگەران كردووە، بەڵام توركیا مانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە سوریاش پێ باشە لەبەرامبەر هەژموونی روسی و ئێرانی لەو وڵاتە. 

 

چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی ئەردۆغان و پوتینیشدا باس لە هەوڵی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی رۆژئاوای كوردستان بكرێت 

 

لە دوای حەوتی ئۆكتۆبەر و جەنگی غەززەشەوە چاوپۆشییەكانی ئەمریكا لە پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان زیادیكردووە، ئەمەش تا رادەیەکی زۆر لە دواخستنی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوادا رەنگیداوەتەوە، كە توركیا و سوریا بە مەترسیی و بە سەپاندنی ئەمری واقیعی ئیدارەی كوردییان دادەنا.
لەلایەكی دیكەشەوە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە كە كاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا لەسەر ناوچەكە و سوریا جۆرە لێك نزیككردنەوەیەكی توركیا و دەوڵەتانی ناوچەكە و بەتایبەتی لەگەڵ سوریا دەهێنێتە ئاراوە، بەمەش ئیدارەی خۆسەریی رۆژئاوا، كە بڕیارە لە مانگی هەشتدا هەڵبژاردنە دواخراوەكە بکات، دەخاتە بەردەم كۆمەڵێك ئەگەری مەترسیدارەوە، بەتایبەتی لەو رەوش و هاوكێشە نوێیانەی كە جەنگی غەززە لە ناوچەكەدا خوڵقاندوێتی.

وتارەکانی نوسەر