هەڵبژاردن و حوکمڕانیی نوێ

10:10 - 2024-07-01
ئازاد جۆڵا
86 خوێندراوەتەوە

ئازاد جۆڵا


یەکێک لە سەرەکیترین بنەماکانی دیموکراسی، گەڕانەوەیە بۆ رای گشتی و زۆرینەی خەڵک لەڕێگای هەڵبژاردنەوە بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات.
لەدوای راپەڕینی ئازاری 1991، دەرفەتی ئەوە رەخسا، نموونەیەکی دیموکراسیانە و پێشکەوتووخوازنەی ئەوتۆ پێشکەش بکرێت، پێچەوانەی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق و ناوچەکە و ئەو کارەسات و ماڵوێرانی و خوێنڕشتنەی کە لەڕابردوودا بەسەر کورددا هات.

سەرەتا بە پشتیوانی و هاوکارییە دارایی و سەربازی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەنگاوی باش نرا بۆ بنیاتنان و خۆڕێکخستنەوە و خواست لەسەر پەیڕەوکردنی بنەما دیموکراسییەکان و دروستبوونی پێگەیەکی نموونەیی لە ناوچەکەدا کە ئەمە خواستی زۆرێک لە وڵاتان بوو. وەک هەنگاوی یەکەم و بەشێوەیەکی کرداری، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان لە 19-5-1992 دەستیپێکرد و هەنگاوی بۆ نرا، ئەمە بۆ ئەوکات دەستکەوتێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانی بوو، جێگای سەرەنج و تێڕامانی دۆست و دوژمن بوو، ئەوکات بۆ رێگری لەم مافە دیموکراسی و رەوایە هەڕەشەی جۆراوجۆر کراو راگەیەندرا، بەڵام باوەڕی بەهێزی گەل بەم مافە و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هۆکاری سەرکەوتن و دانانی بەردی بناغەی ئەم ئەزموونە بوو.
ئێستا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 32 ساڵ، پێویست بوو لە خولی هەشتەمی پەرلەماندا بووینایە و هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرایە، بەڵام  بەداخەوە دوای ئەم هەموو کارەساتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کوشتنی ئینتیما و دڕدۆنگی سیاسی و پەرتەوازەییەی نێو ماڵی کورد و خۆسەپاندن و دەستاودەست نەکردنی دەسەڵات، خۆمان لەم دۆخە خراپەدا دەبینینەوە.

 


هەڵبژاردنێکی بێگەرد بکرێت و لە رێیەوە دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات بکرێ و حکومەتێکی کارای خزمەتگوزاری بەهێز وجێگای متمانە و باوەڕی خەڵک پێکبهێندرێت

ئێستا سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دوو ئاڕاستەی پێچەوانەی یەکتری لەئارادان، ئاڕاستەی یەکەم پێکهاتووە لە بەشی زۆری حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و دیموکراسیخوازانی نێوخۆ و دەرەوە، خوازیار و پێداگرن بۆ ئەوەی هەرچی زووە هەڵبژاردنێکی بێگەرد بکرێت و دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات بکرێ و حکومەتێکی کارای خزمەتگوزاری بەهێز و جێگای متمانە و باوەڕی خەڵک پێکبهێندرێت. 
ئاڕاستەی دووەمیش حزبێکی سەرەکی هەرێم و هەندێکی سەر  بەخۆیانن کە بە بیانووی جۆراوجۆری بێ بنەما کار بۆ دروستکردنی کۆسپ لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەن.
بوونی بۆشایی یاسایی و سیاسی وەک نەمانی پەرلەمان و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و لەدەستدانی شەرعیەتی دامەزراوەی دادوەری و بەردەوامیی زیاتر لە ساڵێکی حکومەتی کاربەڕێکەری بێ کاریگەر و ماوەی تەواوبوونی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم، نیگەران بوون و لەدەستدانی متمانەی زیاتری لە لای وڵاتانی دۆست و رێکخراوە جیهانییەکان لێدەکەوێتەوە.
ئەوانەش هۆکارێکی سەرەکین بۆ لەدەستدانی ئەم ئەزموونە، دواتریش جێبەجێکردنی خواست و خەونی دوژمنان. ئێمەش بەم هەڵسوکەوت و هەڵوێستانە هەرخۆمان دەبین بە جێبەجێکاری پیلان و بەرنامەی دوژمنان و لاوازبوون و لەباربردنی هەرێم .

وتارەکانی نوسەر