کورد بۆ ناگات بەوەی کە دەیەوێت؟

10:13 - 2024-07-01
هیوا محەمەد
125 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد




ئەوروپییەکان پێیان باش نییە، تورکیا ببێتە ئەندام لە یەکێتییەکەیاندا، چونکە ئەوان نایانەوێت وڵاتێک ئەندام بێت کە کێشەی ناوخۆیی لەگەڵ نەتەوەیەکی تردا هەبێت 

نەتەوەی باڵادەست بەسەر نەتەوەیەکی دیکەدا لەناو یەک وڵاتدا بن، چەندە بەهێز بن و بتوانن نەتەوەی ژێردەستیان سەرکوت بکەن، هێشتا خۆشیان زەرەرمەندی گەورەن و کۆمەڵگەکەش لە ناسەقامگیریدا دەژی و دوادەکەوێ لە رەوتی پێشکەوتنی جیهان و رۆڵەکانی هەردوو نەتەوە و سەروەتی وڵاتەکەیان بەهەدەر دەدەن لە رێی دژایەتی کردنی یەکتر و شێوازی ململانێکان، جا لەوەشگەڕی نەتەوەکانی دیکەش وەک خۆشکەری ئاگری بن کا، دەکەونە نێوانیان و یاری بە بەرژەوەندییەکانیان دەکەن.
کێشەی نێوان کورد لەگەڵ هەموو ئەو نەتەوانەی هەیە وەک عەرەب و فارس و تورک، کێشەی نەتەوە بەرامبەر بە نەتەوە نییە و ئەوەی ململانێکە بەڕێوەدەبات ئەو حکومەتانەن کە بە درێژایی مێژووی رابردوو حکومڕانییان کردووە و نەیانویستووە یان بەتەواوی رەتیان کردۆتەوە و ملیان بە چارەسەری ئاشتییانە نەداوە، دەنا هیچ کەس پێی خۆش نییە رۆڵەکەی بکاتە قوربانیی کێشەیەک کە لە کۆتاییدا درەنگ یان زوو هەر دەبێت مل بنێن بۆ چارەسەر.
ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش بووە، تیایدا نەتەوە سەردەستەکان ئەو راستییە دەزانن کە لە وڵاتەکەدا کورد دووەم نەتەوەی سەرەکییە و کەمینە نییە، ئەوەش دەزانن نەتەوەیەکی وا دەبێت مافەکانی پارێزراو بێت ئەگەر لە چوارچێوەی خودی وڵاتەکەشدا بێت، ئیتر ئەگەر ئەمڕۆ ئەمە بکرێت لە سبەی باشترە، چونکە چەندە زیان لە کورد دەکەوێت هێندەش زیان لە بەرامبەرەکان دەکەوێت کە سەرقاڵی ئەو کێشەیەن و رەنگە دوژمنانی دیکەی ناوچەکەش دەستیان تێوەردابێت و کێشەکە لەبەرژەوەندیی خۆیان بەکاربهێنن.
بە دیوێکی تردا سومعەی ئەو وڵاتانە کە نەتەوە سەردەستەکان حکومڕانییان دەکەن و کوردیان تێدایە، لەکەدار دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چونکە ئەمڕۆ جیهان روو لە ئازادی و دیموکراسی و کرانەوەیە بە رووی یەکدا. ئەوروپییەکان پێیان باش نییە، تورکیا ببێتە ئەندام لە یەکێتییەکەیاندا، چونکە ئەوان نایانەوێت وڵاتێک ئەندام بێت کە کێشەی ناوخۆیی لەگەڵ نەتەوەیەکی تر هەبێت و رەتیان بکاتەوە و سەرکوتیان بکات.
نزمیی ئاستی ئابووریی تورکیا بەهۆی ئەو کێشانەوەیە کە لەگەڵ کورد هەیەتی و پارەیەکی زۆر خەرج دەکات بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی و ئۆپەراسیۆنی سەربازی و کڕینی سیخوڕ. 
دەیان هەزار دایکی تورک وێڕای دایکی کورد رۆڵەیان لەدەست داوە لەو شەڕانەدا، بەڵام ئەگەر بە شێوازی ئاشتییانە و مرۆڤدۆستانە ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، ئەوا وڵاتەکە و هەردوو نەتەوەکەش لە ئارامیدا دەژین.
کورد لە هیچکام لەو بەشانە داوای جیابوونەوەی نەکردووە، بەگشتی هەمووی داوای داننان بە مافەکانیدا دەکات، کورد نایەوێت تاکەکانی لەسەر کورد بوون لە سێدارە بدرێت، با وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکەی وڵاتەکە لەسەر تاوان سزا بدرێت نەک لەسەر ئینتیمای نەتەوەیی.
لە رۆژئاوا، ئەگەر حکومەتی سوریا راستی بکردایە کە دەڵێت یەکپارچەیی خاکی سوریا دەپارێزین، ئەوا بە هاوکاریی کوردەکان دەتوانێت ئەمە بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە رەتکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ کورد، وایکردووە هێزی ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکە لە بەشە کوردییەکەیدا هەبن و لەولاشەوە تورکیا چەند شار و گوندی لێ داگیرکردوون، ئەم کێشانە بە خودی حکومەتی سوریا و کورد چارەسەر دەکرێت، نەک لایەنی دیکە، هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەبیش دەحەوێنەوە.

کورد خۆشی تاوانبارە
دەپرسین بۆچی کورد نەیتوانیوە خۆی بگاتە ئامانج؟ ئێستاشی لەسەر بێت، کورد لە هیچ بەشێکی کوردستان نەیتوانیوە یەک گوتار و ئامانج بێت، ئێمە هێندە لە دیموکراسیدا قاڵ بووینتەوە پێمانوایە ئەگەر بە هەموان یەک حزب و یەک ئامانجمان هەبێت، ئیتر ئەوا لای ئێمە دیموکراسی نییە، ئەگەرچی یەک کێشەی نەتەوەییشمان هەیە.
کە ئەمەش ناکەین و باوەڕمان بە فرەیی هەیە، دێین و راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە قۆناغە جیاجیاکاندا دەبینە چاوساغی دوژمن و بست بە بستی خاکەکەمانی دەخەینە بەردەست تەنها بۆ ئەوەی پێگەمان وەک حزبێک بپارێزێت، ئەمە بە درێژایی مێژوو چەندین جار روویداوە و ئێستاش بەردەوامە. دەشڵێین ئەرێ کورد بۆ نابێ بە شت؟

کورد ژیانێکی ئارام و دوور لە چەوسانەوە و گەشەسەندووی دەوێت

وتارەکانی نوسەر