بانگەشە و هەڵبژاردنی شارستانییانە

11:29 - 2024-07-02
هیوا محەمەد
236 خوێندراوەتەوە

لە دێرزەمانەوە پرۆسەی هەڵبژاردن هەبووە، جا ئیتر بەمەبەستی  خێر یان شەڕ، رێزلێنان  یان پێشبڕکێ بووبێت.
 بۆ نموونە لەڕێگەی هەڵدانی بازەوە پاشا هەڵبژێردراوە، یان بە پیشبڕکێ و زۆرانبازی، براوە دیاریکراوە و پلەی پێدراوە، لەگەڵ ئەوەش زۆر جار بەزیوەکە کوژراوە، چونکە گرەوەکە وابووە. 
هەڵبژاردن لەم سەردەمەدا شێوازێکی ترە، ئەمەیان بە فەرمانی پاشا براوە خەڵات ناکرێت و دۆڕاویش ناکوژرێت.

هەرکەس یان لایەنێک، پەنای بردە بەر بەکارهێنانی هەڵبەستنی درۆ و بوختان و جنێودان و ئاژاوەنانەوە و هەڵدانەوەی مێژووی کۆنی چەواشەکراو، ئەوا نیشانەی ئەوەیە کە لەئێستاوە دەزانێ دەنگی پێویست بەدەستناهێنێت

هەڵبژاردن بۆ مانەوە لە دەسەڵات
 لە سیستمی دیموکراسیدا، لەبەرئەوەی ئازادی تاک دەپارێزرێت و ماف و ئەرکەکانی دیاریدەکات، هەڵبژاردن دەبێتە هەوڵدان بە شێوەی سیاسیانە بۆ نوێنەرایەتی کردنی خەڵک  و لەوێشەوە وەرگرتنی دەستەڵات و بەڕێوەبردنی وڵات و مانەوە لە دەستەڵاتدا.
سیاسەتیش ئەو شێوە کارکردنەیە کە لەڕێگەی دروستکردنی  گروپ و دەستە و رێکخراوەوە دەکرێت و هەموو پرسەکان لەخۆدەگرێت وەک نەتەوەپەرستی، خۆشەویستیی نیشتمان و داکۆکیکردن لێی، چینایەتی، رەگەزپەرستی، پاراستن و فراوانکردنی بەرژەوەندییەکان، هتد..
لە پرۆسەی هەڵبژاردندا ئەمانە هەموویان دێنە پێش و تەنها شتێکیش کە دەبێتە خاڵی مەبەست بەرژەوەندیی لایەنی کانیدکراو و حزبەکەیەتی، هەموان لە هەوڵی بەرز راگرتنی مێژووی خۆیاندان، دکتۆرێک کە باشترین خزمەت بەخەڵک دەکات، ئەگەر خۆی کاندید کرد، دیارە پەرلەمانتارییەکەی بەلاوە باشترە.
کە وابوو تەنها خزمەتکردن نییە بەڵکو بەرژەوەندیەکانیش لە بەرچاو دەگیرێن، چونکە ئەوەی خۆی کاندید دەکات دەست لە کاری سیاسەتیش وەردەدات.

هەڵخەڵەتاندنی خەڵک لەکاتی بانگەشەدا
شێوازی جوانی هەڵبژاردن ئەوە نییە کە بەزۆر و خستنەبەری تەماع دەنگت پێبدەن، ئەوەی کە دەنگت دەداتێ دەبێت سۆزی بۆت هەبێت یان بەرژەوەندیی لەگەڵتدا هەبێت، ئەو کەسانەش لە رۆژانی بانگەشەدا  دروست نابن، بەڵکو لەو کەسانە پێکدێن کە پێشتر لەگەڵتدا بوون (رێژەیەکی کەم لەو ماوەی بانگەشەدا دەکەونە ژێرکاریگەریی تۆوە و هاوسۆزت دەبن و دەنگت دەدەنێ، ئەمانە زیاتر لەو گەنجانە دەبن کە  یەکەمجارە  تەمەنیان رێگەیان پێدەدات دەنگ بدەن)، بۆیە پێویستە حزب یان کاندید وانەزانێ کە ئەو دەنگانە زۆریان لە ئەنجامی ئەو بانگەشەیە بەدەستدێن، هەڵبەتە ناڵێین کە بانگەشە رۆڵی نییە، بەڵام مێژووی کاری رابردووش رۆڵی گەورەی هەیە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ.

باسی باشیی خۆیان بکەن نەک خراپیی بەرامبەر
هەر لەبەرئەوە جەماوەری حزب و کاندیدەکانی دەبێت شێوازێکی شارستانیی کارکردن بگرنە بەر بۆ بانگەشە و  هەڵبژاردن، با کارێک بکەن پۆستەر و دروشمەکان خۆیان بدوێن، با رەنگ و لۆگۆکان خۆیان نیشان بدەن، با بەشان و باڵدا هەڵدانی حزبەکەت لە بنکەکانی بانگەشە و  هۆڵەکانی سمیناردا بێت و بەرنامەی کارت روونبێت و کارەکانتان خاڵ بە خاڵ شیتەڵ بکەنەوە و ماوەی جێبەجێکردنی بۆ دیاریبکەن، خەڵک چاوی کراوەتەوە سەردەمی ئێستا لەگەڵ  چوار ساڵی رابردوو جیاوازە.
 جەماوەر ئەوەندەی مەبەستییەتی چ  بەرنامەیەک یان چ حکومەتێک دەتوانێ خۆشگوزەرانی ژیانی بۆ دابینبکات، ئەوەندە مەبەستی نییە کێ حوکمڕانیی دەکات، ئەوانەی کە پێیان  خۆشە حزبەکەیان بیباتەوە ئەوە سیاسییەکانی ناو حزبەکەن کە تیایدا ئەندامن. 

کاندیدی بەتوانا کێیە؟
کاندیدی زیرەک ئەوەیە پێش ئەوەی بەخەڵک بڵێ چی بۆ دەکات؟ گرەنتی لە حزبەکەی خۆی وەربگرێت کە پشتگیریشی بکات لە هەوڵەکانیدا لە پەرلەمان. 
کاندیدی بەتوانا ئەوەیە کە بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆی بە روونی باسکردنی بەرنامەکانی کاری خۆی بێت نەک بکەوێتە سەر و گوێلاکی کاندیدی بەرامبەر.
مرۆڤی شارستانی، هەوڵدەدات ژیرانە بەرامبەرەکەی تێبگەیەنێت لەوەی کە بەرنامە و کاری حزبەکەی ئەو جوانترە لەوی تر، بەڵام ئەگەر کەوتە جنێودان بە نەیارەکەی، ئەوا دوو زیان لە خۆی دەدات، یەکەم  سۆزی ئەو کەسە بەلای خۆیداناهێنێ و دووەم وادەکات کە کەسەکە بچێت دەنگ بە نەیارەکەی ئەو بدات.

پاراستنی کەشی ئارامیی بانگەشە
تێکدانی پشووی خەڵک لە کاتی درەنگیی شەودا، نیشانەی ناشارستانی ئەو کەسەیە، دەنا لەکاتێکدا زۆرینەی  خەڵک لە ماڵی خۆیانن و خەوتوون تۆ بەم ئۆتۆمبێلەوە بە هۆڕن لێدان بۆ کێ هاوار دەکەیت؟ 
ئەگەر ئەم ساڵ بە شێوەی جوان و شارستانییانە بانگەشەی هەڵبژاردنت کرد، ئەوا ئەو لاوانەی کە پاش چوار ساڵی تر دێنە جێی تۆ بە جوانتر بەڕێوەیدەبەن، بەڵام ئەگەر بڕیار بێت لە هەموو چوار ساڵ جارێک  چەند کەس دەست و قاچی شکێندرا و چەندین شەڕ روویدا، ئەوا دەرەنجام بۆمان دەبێتە کەلتور و ساڵ لە دوای ساڵ خراپتر دەبێت. 
هەرکەس یان لایەنێک، پەنای بردە بەر بەکارهێنانی هەڵبەستنی درۆ و بوختان و جنێودان و ئاژاوەنانەوە و هەڵدانەوەی مێژووی کۆنی چەواشەکراو، ئەوا نیشانەی ئەوەیە کە لەئێستاوە دەزانێ دەنگی پێویست بەدەست ناهێنێ، چونکە هەموان بیستومانە کە دەڵێن ئەو هێرشکردنە بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن باشە، بەڵام پێویستە قسەکردن بۆ خەڵک بنەمای هەبێت و لە خۆوە نەکرێت، چونکە دوایی خەڵک دیسان دەمی پرسیار و چاوی دیتنی هەیە.

وتارەکانی نوسەر