سەرەتایەک بۆ دواخستنێکی تر

10:54 - 2024-07-03
هیوا محەمەد
120 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد


وتیان ئەگەر پێمان چاک نەکرێت، خۆ پێمان تێکدەدرێت! دەیان ساڵە ئەمەی کە پێی وتراوە شۆڕش و خەبات و بە چەندین هەڵدێردا براوە و لەلایەن کەسانی دیکەی دڵسۆزەوە راستکراوەتەوە و خراوەتەوە سەر رێڕەوی راستەقینە، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە ئاقارێک ئاراستەکراوە کە لەسوودی خۆیاندا نەبێت شۆڕش نییە و بێ مانایە، ئەگەر لە خواست و بەرژەوەندیی خۆشیاندا بووبێت، ئەوا مێژووی پڕ لەسەروەریی و داستانی جۆرا و جۆرە، ئەگەر ژمارەیەکی زۆریش لە تێکۆشەر و دڵسۆزی ئەم نەتەوەیەیان بۆ بەدیهێنانی ئەو بەرژەوەندییانە شەهید کردبێت.
نامەوێت گوزەر بە مێژوودا بکەم، چونکە لە بری وتارێک سەدان وتار هەڵدەگرێت، بەڵام تەنها ئەوە بە بیردێنمەوە کە لە ماوەی  ئەو هەموو دواخستنەی وادەی هەڵبژاردندا لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە، هەموو جارێک جەختم لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە پ.د.ک نایەوێت بەم یاسا نوێیەی هەڵبژاردنەوە بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، چونکە  پێشبینیکەرە و دەزانێت کە ئەو کورسییانە ناهێنێت کە ئێستا و پێشتر هەیبووە و هەیەتی، بەڵام دەشزانن عینادی و پێداگرییان لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردن نابێت بکرێت و دوای بخەن، لەسەریان بە جۆرێک دەشکێتەوە کە دەبێتە هۆکاری زیاتر لەدەستدانی دەنگەکانیان، بۆیە پەنا بۆ خوڵقاندنی هۆکاریی دیکە دەبەن تا بیکەنە بیانووی دواخستنی هەڵبژاردن.

هاوهەڵوێستن لەگەڵ تورکیا
دەزانین کە تورکیای دراوسێی هەرێم، پەیوەندییەکی دێرین و باشی هەیە لەگەڵ پ.د.ک تارادەی دۆستی نزیک و جێی متمانە، هەڵوێستی هەردوولاشیان پڕاوپڕ یەکە سەبارەت بە دۆخی کورد لەو وڵاتە و بەتایبەتی پارتی کرێکارانی کوردستان و دژایەتیکردنیان.
تەنانەت سەبارەت بە رۆژئاواش هاو راو بۆچوونن، کەوابوو بۆ تورکیای ئاکەپە، گرنگە کە ئەم حزبە لەم بەشەی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی باشی هەبێت و لێی کەمنەبێتەوە، چونکە دەزانێت ئەگەر ئەوان دەسەڵاتەکانیان کەمبێتەوە، ئەوا ئەلتەرناتیڤی ئەوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە دەسەڵاتی زیاتری دەبێت لە هەرێم، لەم حاڵەتەشدا کە تورکیا ی.ن.ک تاوانبار دەکات بە داڵدەدەانی پەکەکە و کوردی رۆژئاوا و کۆمەککردنیان کە ئەسڵی نییە، ئەوا فروانبوونی دەسەڵاتیشیان بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر تورکیا لە رێگەی کاریگەرییانەوە لەسەر کوردی باکوور.

 

پ.د.ک نایەوێت بەم یاسا نوێیەی هەڵبژاردن بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، چونکە  پێشبینیکەرە و دەزانێت کە ئەو کورسییانە ناهێنێت کە پێشتر هەیبووە و ئێستا هەیەتی

ئەم تێڕوانینەی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو و کەمکردنی کورسییەکانی پ.د.ک تیایدا، واتا کەمبوونەوەی دەسەڵاتەکانیشیان، بۆیە لێرەوە بەپێی هەواڵەکان، دەستیکردووە بەجووڵەی سەربازیی لە دەوروبەری پارێزگای دهۆک و دانانی خاڵی پشکنین لەسەر رێگای گوند و قەزا و ناحیەکان و وەک خۆشیان دەڵێن ئەمە درێژ دەبێتەوە تا بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە قەندیل، واتا تا دەڤەری پشدەر و راپەڕین، کە ئەمەشی کرد کەشی هەڵبژاردن دەکەوێتە ژێر مەترسی و باسەقامگیرییەوە و سەدان گوندی گەورە و بچووک بێبەش دەبن لە بەشدارییکردن لە هەڵبژاردندا.

ئەمە سیناریۆی دواخستنی هەڵبژاردنە
ئەمە یەکێکە لە سیناریۆکانی دواخستنی جارێکی تری هەڵبژاردن، دەنا نەدەخرایە 20 ی مانگی ئۆکتۆبەر، لەکاتێکدا دەبوو لە 10 ی حوزەیراندا بکرێت، دەبوو دوابخرێت بۆ مانگی هەشت، چونکە ئامادەکارییەکان هەموو لە مانگی ئایارەوە کراون لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە، تەنها بایکۆتکردنی پ.د.ک دوایخست، دوورخستنەوەی بۆ مانگی ئۆکتۆبەر، بەمانای دروستکردنی کۆسپە بۆ نەکردنی. 

رەنگە دۆخی تورکیا هاوکاریی نەکات
ئەگەرچی پێدەچێت دۆخی تورکیا لەرێگەی دروستبوونی ئەو کێشانەی کە لە شارە داگیرکارەوە کوردنشینەکانی سوریاوە سەریانهەڵداوە، قووڵتر ببێتەوە و بگاتە راپەڕینێک کە تورکیا سەری نەپەرژێتە سەر جێبەجێکردنی ئەو سیناریۆیە لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لەوەی کە هەندێک گروپی چەکداری سەر بە تورکیا
(جاشەکان) لێی هەڵگەڕاونەتەوە و شەڕ لە نێوان ئەوان و سوپای تورکیادا روویداوە.

نارڕەزاییەکان لە دژی سوپای تورکیا لە باکووری سوریا پەرەدەستێنێت

وتارەکانی نوسەر