شوخت

مۆزەخانە بۆ مێژووی پڕ مەرگەساتی ئەم میللەتە

06:34 - 2022-05-22
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
509 خوێندراوەتەوە

ئەورۆژە (مێرڤان)ی كوڕم وتی باوكە لە هەولێر مۆزەخانە هەیە بمبەیت ببینم بزانم چی لێ هەیە؟ ئەو پرسیارەی ئەو دوای بینینی ژمارەیەك مۆزەخانەی دونیابوو کە لەڕێی تۆڕی ئینتەرنێتەوە دیتبووی كە ژمارەیەكی زۆر شوێنەوار و كەلوپەلی مێژوویی تێدا پارێزراوە.
ئەو پرسیارە لەكاتێكدا بوو كە لەم ماوەیەدا زنجیرەیەك چالاكی رۆشنبیریی و سیاسی بەڕێوەچووە سەبارەت بەرووداوە تراژیدی و پڕ نەهامەتییەكانی بەسەر گەلی كورددا هاتوون، وەك مەرگەساتی ئەنفال، كیمیاباران و كوشتوبڕی ئێزیدخان..تد بەڵام ئەو چالاكیانە جگە لەدەستەبژێر و كەمینەیەكی خوێندەوار، جێی بایەخی گشتیی نین یان هەموان تێیدا بەشدارنین بۆ یادكردنەوە و زیندوو راگرتنی و دواتر پیشاندانی ئەو مەرگەسات و نەهامەتیانە بە جیهان.
لە ئەمریكا تەنها لە واشنتۆن زیاتر لە 20 مۆزەخانەی جیاواز هەیە، هەر مۆزەخانەیەك شوێنەواری بەشێك لە مێژووی خۆیان و ژیانیان پیشان دەدات كە بەدڵنیاییەوە بە بەراورد بە كوردستان، تەمەنی ژیان و مرۆڤ لەوێ‌ ئەوەندە درێژ نییە، بەڵام كاتێك مۆزەخانەكان دەبینی، مێژووی شارستانییەت و مرۆڤایەتی بەروونی خراوەتە روو. 
یەكێك لەوانە مۆزەخانەی (هۆلۆكۆست)ە كە مەرگەسات و نەهامەتییەكانی جولەكە بەهەموو شێوازێك خراوەتە روو. لەوێدا لەڕێی فیلمی سینەماییەوە مەرگەساتەكان و ئەو ئامێرانەی جولەكەكانی پێ‌ قڕكراوە وەك كورەی تواندنەوەی مرۆڤ و ئامێری لە سێدارەدان و ئەو جل و بەرگ و پێڵاو و یادگارییانەی جولەكەكان لەماوەی جەنگی دووەمی جیهانیی هەڵگیراوە. كە دەچیتە ژوورەوە بەبێ‌ دەنگی بە مێژووی مەرگەساتی جولەكە ئاشنا دەبیت. لە مۆزەخانەیەكی دیكە، مێژووی هیندییە سورەكان خراوەتە روو. 
ئەوەی جێی سەرنجە، جگە لەرۆژانی كاركردن، رۆژانی پشوو بە بەرنامە و بەپاڵپشتیی دارایی حكومەت و رێكخراوە ناحكومییەكان، سەدان هەزار كەس لەسەرتاسەری ئەمریكا دێنە واشنتۆن و ئەو مۆزەخانانە بەسەردەكەنەوە.
لە كوردستانیش ژمارەیەك مۆزەخانە هەن، بەڵام سەرنج بدەین نەتوانراوە سوودیان لێ ببینرێت چ بۆ خستنەڕووی مێژوو و شوێنەواری میللەتانی كوردستان بۆ نەوەكانی رابردوو ئێستا و داهاتوو، چ هەوڵبدرێت ئەو نەهامەتی و مەرگەساتانەی بەسەر ئەم میللەتە هاتوون لە مۆزەخانەیەك یان چەند مۆزەخانەیەكی جیاواز رێكبخرێت و لەو رێگەوە هەم نەوەی ئەمڕۆ بەو مەرگەسات و نەهامەتییانە ئاشنابكرێت هەمیش بۆ ئەوانەی دێنە كوردستان. 
بۆ نموونە مۆزەخانەیەك بۆ مەرگەساتی كیمیاباران، یەكێك بۆ ئەنفال و یەكێكیش بۆ مەرگەساتی ئێزیدیان. لەو مۆزەخانانەدا جگە پیشاندانی كەلوپەل و یادگاری قوربانییان، هاوكات لەڕێی فیلم و بەڵگە مێژووییەكان مێژووی پڕ مەینەتی خەڵكی كوردستان لە هەموو پارچەکان بخرێتەڕوو. ئەو رووداوانەی بەسەر جولەكەدا هاتن لە ئەوروپا بوو، بەڵام مۆزەخانەیان لە ئەمریكا دروستكرد، چونكە ئەمریكا كاریگەرە و پشتیوانی لێكردن، ئێمە ئەگەر نەتوانین مۆزەخانە لە وڵاتانی كاریگەر دروستبكەین، ئەوا هەردەبوو مۆزەخانەی تایبەت بەجینۆساید و قڕكردنی گەلانی كوردستان، لە هەرێم دروست بكەین.

وتارەکانی نوسەر