بۆ یەكێتی دەیەوێت ببێتە هێزی یەكەم؟

09:36 - 2024-07-04
رێبوار ستار
236 خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چونكە بە میراتی مێژوو و سەروەری، هەر خۆی گەورە و كاریگەری سەر گۆڕەپانی خەباتی نیشتمانیی بووە، لە تێكۆشانی دیموكراسیشدا بە هەمان تایپی خەمخۆری و كاریگەریی ماوەتەوە و وەك هێزێكی شۆڕشگێڕی بەهێزی كوردستانیی لەهەموو قۆناغەكاندا توانیویەتی خۆی بسەلمێنێت و ببێتە بە‌هێزترین هێز، بۆ داهاتووش بە هەمان هێز و خەون و ورەوە بەردەوام دەبێت لەو كاروانە.
قۆناغی بەرپەرچدانەوەی  دیكتاتۆری
یەكێتی لە رۆژگاری ئەستەم و سەختدا، كە قۆناغی بەرپەرچدانەوەی  دیكتاتۆری و زوڵم و زۆری رژێمی بەعس بوو، بەكردەوە ئەو راستیەی سەلماند، كە لەتوانایدایە زۆر بەربەستی ناوخۆیی و ناوچەیی بەردەم خەباتەكەی تێكبشكێنێ‌ و بە ئیرادەی پۆڵاینی تێكۆشەرانی ئەوكات و ورەی بەهێزی پێشمەرگە، خەباتی نەتەوەیی بگەیەنێتە ترۆپك، مێژووی پڕ سەروەری و داستان و بەرگریكردن و قوربانیدان و گیانبەخشینەكانیش شاهیدی ئەو رۆژانەن، ئەمەش لەو راستییە مێژووییەوە سەرچاوە دەگرێت كە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، هەرخۆی پێویستییەكی قۆناغی خەبات بوو، كە تروسكایی و ئومێدی خەباتی كوردایەتی و هەڵگیرسانەوەی شۆڕش لای خەڵك نەمابوو.
 ئامانجی دامەزراندن و دروستبوونی یەكێتی ئاوێتەبوون بوو لەگەڵ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بۆ ئەوەی ببێتە داكۆكیكارێكی سەرسەختی خەڵك دژ بە زوڵم و چەوساندنەوە و نا دادپەروەری و حوكمی خۆسەپێنی ئەوكات، دواجاریش توانی سەربكەوێت و ئیرادەی گەل بخاتە سەر و ئیرادەی خۆسەپێنی بەعسەوە، هەر ئەم یەكێتییەش دواتر بەهەمان نەفەسی خەباتی شاخ و پێشمەرگانە بەرگری كرد لە كۆمەڵانی خەڵك، لە دوای دامەزراندنی پەرلەمان و دەزگاكانی حكومەت هەموو تواناكانی سەركردە و تێكۆشەرە بەئەزموون و خاوەن بڕوانامە و پسپۆڕەكانی خستەگەڕ تا دامودەزگایەكی حكومی خزمەتگوزار و ئاوەدان پێكبهێنرێت بۆ خزمەتی خەڵك و تێكۆشەرە بەتواناكانی و رۆشنبیرەكانی ناردە ناو پەرلەمان، بۆ ئەوەی لەوێ ببنە نوێنەری هەموو چین و توێژەكان.

 


ركابەری سەرەكی لە كوردستان دوو هێزی گەورەی وەک یەكێتی و پارتین و هەردوولا کاریان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی پەرلەمان کردووە

 

یەکێتی دژ بە ساختەکاری وەستاوەتەوە
یەکێتی کاری بۆ دامەزراندنی دامەزراوەی شەرعی کرد كە سەرچاوەی رێكخستنەوەی كۆمەڵگا و یاسا و رێسا هاوچەرخەكان بێت، بۆ بەرژەوەندی خەڵك و بە دامەزراوەكردنی جومگەكانی دەزگاكانی هەرێم. لەسەرو هەموشیانەوە توانای ئیداری و یاسایی و سیاسی و روناكبیری سەرۆك مام جەلال پشتیوانیەكی بەهێز و گەورە بوو بۆ سەركەوتنی پەرلەمان و حكومەت.
 روونیشە كە ركابەری سەرەكی لە كوردستان دوو هێزی گەورەی وەک یەكێتی و پارتین و هەردوولا کاریان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی پەرلەمان کردووە بۆ بەڕێوەبردنی سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان، لە رابردوو ئێستاشدا یەكێتی وەستاوەتەوە بەرامبەر ئەو ساختەكارییانەی لە هەڵبژاردنەكاندا بە بەرنامە ئەنجامدراون لە لایەن پارتییەوە، کە هاوكێشەی هێزی لاسەنگ كردبوو، بەڵام بەداخەوە کە ئەو حزبە لە پێناو بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی، هەموو جۆرە شێوازێكی نایاسایی وساختەکاری بەكارهێناوەو بەردەوامیش بووە لەوە، تەنانەت دوای پڕۆسەی ئازادی عیراقیش.
سەرکەوتنی هەوڵەکانی یەکێتی
 خۆشبەختانە دوای خەباتی دیموكراسی و یاسایی یەكێتی لە بەغدا، هەوڵەكانی سەرۆك بافڵ و یەكێتی سەری گرت و بڕیارە ئەمجارە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی بێ ساختە لە هەرێم بكرێت، یەكێتیش لەوپەڕی ئامادەباشیدایەو هەموو توناكانی خۆی خستۆتەگەڕ تابتوانێ زۆرترین كورسی پەرلەمان مسۆگەربكات و ببێتەوە هێزی یەكەم لە هەرێمی كوردستان، ئەویش بۆئەوەی دواتر حكومەتێكی شەفافی خزمەتگوزار پێكبهێنرێت، كە حكومەتی خەڵك بێت و دوور دوربێت لە خۆسەپێنی و تاكڕەوی. 
یەكێتی ئەیەوێت ببێتەوە هێزی یەكەم، بۆ ئەوەی هەموو ئەو گرفتانەی یەخەی ئەم هەرێمەی گرتووە، بەهۆی دەسەڵاتی خۆسەپێنیەوە چارەسەر بکات، لەبەر ئەوە پارتی ترسی لێنیشتووە و كەوتۆتە داتاشینی سیناریۆی بێ بنەما بۆ یەکێتی بۆئەوەی بەربەست بۆ هەڵبژاردن دروست بكات.

وتارەکانی نوسەر