باکگراوند

بەریتانییەکان دژەباویی خۆیان سەلماند

10:02 - 2024-07-07
جەمال ئارێز
144 خوێندراوەتەوە

(49)

دیاردەیەکی نامۆ بەرۆکی وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەتی حزب و رەوتە سۆشیالیست و پێشکەوتنخوازەکانیانی گرتووە کە لە زۆربەی هەڵبژاردنەکاندا ئەم تەرزە لە هێز و حزبی سیاسی بەرەبەرە پاشەکشە دەکەن و تادێت هێزە کۆنزەرڤاتیڤ و راسیستەکان قەبارەیان گەورەتر دەبێت و بیری کۆنەپەرستانە و رەگەزپەرستانەی خۆیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتەکاندا زیاتر گەشە پێدەدەن.
راستە باکگراوندی ئەم دیاردەیە لەدوای تەنگژە ئابوورییەکەی (2008 - 2009) وە سەریهەڵدا، چونکە تەنگژەکە راستەوخۆ کاری کردە سەر  میللەتانی ئەوروپا بەهۆی ئەوەی کرێی کار لە ئاستێکدا مایەوە، بەڵام باج و رسومات لەسەریان زیادی کرد و لەبەرامبەریشدا حزبە سۆشیال دیموکرات و چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لە سۆنگەی بڕوابوونیان بە پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤەوە رێگرییەکی ئەوتۆیان لە کۆچەران و پەناخوازان نەکرد و وەک ئێستا یاساکانی مافی پەنابەری و سنوورەکان لەبەردەم کۆچەراندا توند نەکرابوون، بۆیە ئەو بڕوایەی لای زۆرێک لە هاووڵاتیانی وڵاتانی ئەوروپا دروستکرد کە ئیدی دەبێت سنوورێک بۆ پەنابەران و کۆچەرانی نایاسایی دابنرێت، چونکە کورد وتەنی: (دەبێت هەر کردەی ئەوروپییەکان بێت و بردەی کۆچەران)، ئەمەش بووە خاڵێک کە لەوێوە ئەستێرەی بەختی هێزە راسیست و رەگەزپەرستەکان بگەشێتەوە و هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانیش پاشەکشە بکەن.

 

بەریتانییەکان تێگەیشتن کە بابەتەکە لاوازیی پارتی پارێزگارانە نەک بابەتی کۆچەران، بۆیە سزایەکی توندی ئەو حزبەیان دا و پارتی کرێکارانیان کردەوە بە حزبی ژمارە یەک

 

بەهاری عەرەبی و دواتریش جەنگی دژبە تیرۆریزمی داعش، وەرچەرخانێکی دیکە بوو کە ئەوروپای کردە پەناگەیەکی ئارام بۆ خۆرهەڵاتییەکان کە لەدەست جەنگ و تیرۆر پەنایان بۆ دەبرد، ئەوەش بۆخۆی تا رادەی رق لێبوونەوە و بوغزاندنی کۆچەران دەنگی خەڵکی ئەوروپایان کردە سندوقی حزبە راستڕەوە توندڕەوەکانەوە، بەجۆرێک ئەو لێشاو و شەپۆلەی کۆچەران هێندە بەهێزبوو، وڵاتانی ئەوروپای کردە وێستگەی حەوانەوە و هەمووان لە قۆناغی دووەمدا روویان لە بەریتانیا دەکرد، ئەوەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، چونکە هیچ کام لەو وڵاتانە پابەند نەدەبوون بەو بەڵێنانەی بە بەریتانیایان دەدا سەبارەت بە رێگریی لە پەنابەرانی نایاسایی.
ئەگەرچی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا توانیی بۆ قۆناغێک بەریتانییەکان رازی بکات بە رێگریی لە کۆچەران و پەنابەران، بەڵام نەک نەیتوانی باری ئابووریی وڵاتەکە ئاسایی بکاتەوە، بەڵکو لە ساڵی 2020 –ەوە بەهۆی کۆرۆنا و دواتریش 2022 بەهۆی جەنگی روسیا – ئۆکرانیاوە ئاستی پاشەکشەی ئابوورییەکەی 35 ٪ ی تێپەڕاند.
بەریتانیانییەکان لەو ماوەیەدا تێگەیشتن کە مەسەلەکە هێندەی پەیوەستە بە لاوازیی پارتی پارێزگاران و پابەندنەبوونییەوە بەو بەرنامەیەی بۆ حوکمڕانی داینابوو، هێندە پەیوەست نییە بە بابەتی  کۆچەران و پەنابەرانەوە، بۆیە سزایەکی توندی ئەو حزبەیان دا و جارێکی دیکە پارتی کرێکارانیان وەک حزبی ژمارە یەک هێنایەوە سەر گۆڕەپانی سیاسی و ئیداری، ئەوەش رێک پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کە لەم چەند ساڵەدا دەیان حزبی راسیست، یان بوونە زۆرینە، یاخود بە رێژەیەکی کەم هاوپەیمانییان پێویستە تا خۆیان حکومەت پێکبهێنن، بەڵام ئەمجارە بەریتانییەکان هاوکێشەکەیان پێچەوانە کردەوە کە ئەگەری هەیە ئەوە جگە لە گۆڕانکاری لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، کاریگەریی لەسەر جەنگی روسیا – ئۆکرانیاش دروست بکات.

وتارەکانی نوسەر