ئێران لە نێوان سیما و سیاسەتی نوێدا

10:00 - 2024-07-10
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
92 خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


ئێران وڵاتی سیستماتیک و دامەزراوەیی جێگیرە و هەڵبژاردن هیچ دەرهاویشتەیەکی نەرێنی دەرەکی ئەوتۆ بەدوای خۆیدا ناهێنێت کە لەبری ئەوەی ئێران بۆ پێشەوە ببات، بیگەڕێنێتە دواوە



لەدوای کەوتنەخوارەی فڕۆکەکەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی پێشووی ئێران لە (19ی ئایاری 2024) و گیان لەدەستدانی، دواجار هەڵبژاردنی (مەسعود پزیشکیان) لە 5ی تەمموزی 2024، وادەڕوانرێتە ئێران کە لە دۆخی وەستاوی خۆیدا نەماوە و رووبەڕووی گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی نوێ دەبێتەوە و دەکرێت لەدوای ئەمە ئێرانێکی جیاواز ببینرێت.  
ئەو تێڕوانینە بۆ وڵاتێکی وەک ئێران رەنگە پەلە خوێندنەوە بێت، چونکە ئاوەزمەندانی ئێرانی بایی ئەوەندە وریایانە مامەڵەیان کردووە کە ئێران بە ئاقارێکی نادروستدا نەبەن.
لە راستیدا ئەوە خوێندنەوەیەکی دروست نییە بۆ دەوڵەتێکی گەورەی وەک ئێران کە پێمانوابێت بە گیان  لەدەستدانی سەرۆکێک و هاتنی سەرۆکێکی دیکە، ئیدی نەخشەی سیاسی و دیپلۆماسیی  ئێران دەگۆڕدرێت و سەرتاپای وێنەی هەژموونداریی و وێستەکانی لە ناوچەکەدا ئاوەژوو دەبێتەوە، بۆ وڵاتێک کە پایەکانی دەوڵەتبوونی بە بەهێزی چەسپیوە و هێزی خۆیی لە یەکگرتوویی و دنیابینیی وردی دوای دەسەڵاتی «شا» وەرگرتووە، ئەستەمە وا بەئاسانی تووشی داخورانی جومگەیی خۆی ببێت و بکەوێت و لاواز ببێت.
ئەگەر هەرکەسێک باس لە ئێران بکات وەک دەوڵەت، دەبێت باس لە سیاسەت بکات نەک سیما، ئەوەی لە ئێراندا گۆڕدرا سیمای سەرۆکێکە بە سەرۆکێکی دیکە، نەک گۆڕینی سیاسەتی (رەئیسی) بە سیاسەتی (پزیشکیان)، بەمانایەک لەماناکان دەوڵەتبوون مانادانە بە جێگیربوونی سیاسەت و ستراتیژ و ئامانجە باڵاکان و ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنیان، نەک خلۆربوونەوە لە سیاسەتی «رەئیسی»یەوە بۆ دامێنی سیاسەتی نوێی «پزیشکیان» و دووبارە دەستپێکردنەوە و رەنگڕێژکردنەوەی ستراتیژی ئێران.
هەڵبژاردنەکانی ئێران هەر مەسجێکی ناردبێت بۆ دەرەوە و هەرچۆنیش بخوێنرێتەوە، شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە هەڵبژاردنێک بەتەنها سیاسەتی وڵاتێکی گەورەی وەک ئێران لەسەر هێڵی ناوچەیی و جیهانی خۆی لانادات و ستراکچەری ئەم دەوڵەتە کە لەدوای 1979وە وەک نوێترین دەرکەوتەی ناوچەکە دەبینرێت، ناگۆڕێت و تووشی هیچ داخورانێکی بونیادی و سیاسی و تەنانەت ئەمنیشی ناکات.
ئێران پێش ئەوەی بچێتە هەڵبژاردنەوە، دەچێتە ناو هەندێک کەین و بەینی دەرهاویشتە ناوخۆییەکانی هەڵبژاردنەوە، دیارترین دەرهاویشتە و گۆتاوەڕۆی ئەم هەڵبژاردنە دۆخی ناوخۆیی وڵاتە کە بەلای دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە گرنگە، دەنا ئێران لە 45 ساڵی رابردوودا، هێندە سیاسەتی دەرەکی خۆیی بەهێزکردووە بەئاسانی تووشی داکشان و لاوازی نەبێتەوە.
بەمانایەکی دیکە ئێران وڵاتی سیستماتیک و دامەزراوەیی جێگیرە و هەڵبژاردن هیچ دەرهاویشتەیەکی نەرێنی دەرەکی ئەوتۆ بەدوای خۆیدا ناهێنێت کە لەبری ئەوەی ئێران بۆ پێشەوە ببات، بیگەڕێنێتە دواوە و تووشی قەیرانی گەورەی بکات و بە زیان بۆیان بشکێتەوە.

وتارەکانی نوسەر