باکگراوند

یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن

10:03 - 2024-07-14
جەمال ئارێز
112 خوێندراوەتەوە

 (50 و کۆتایی)

بەراوردێک لە نێوان کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە ساڵی 2005 و ئەمەی ساڵی  2023دا بکەین، چەند سەرنجێکمان لەلا دروست دەبێت کە ناشێت بازیان بەسەردا بدەین.
سەرباری ئەوەی کێشەی کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ سەروبەندی دۆزینەوەی نەوت و دەستپێکردنی تەعریب و تەرحیل و گۆڕینی دیمۆگرافیی، بەڵام پیادەکردنی ئەو سیاسەتە لە کۆتاییەکانی بەر لە رووخانی رژێمی پێشوودا گەیشتە ترۆپک و لە عیراقی نوێشدا هەر ماوەتەوە چونکە:
 *یەکەم ئەزموونی حوکمڕانیی سیاسیی ئیئتیلافی و دیموکراسی بوو، کە زۆرێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی پێشووی  هاوسەنگەر و دۆستی مەسەلەی کوردیش، بوێریی ئەوەیان نەبوو بە رەسمی بچنە ژێرباری داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانەوە و دان بە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەدا بنێن، چونکە ئەوانیش هەڵبژاردنیان لەپێش بوو تا دەنگی عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە لەخۆیان نەڕەنجێنن.
*وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی پرۆسەی ئازادیی عیراقیش کە حاکمی فیعلیی ئەو قۆناغەی عیراق بوون، بۆ دڵنەوایی و رازیکردنی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی گەرەکیان بوو سۆزی ئەو وڵاتانە بۆ پرۆسەکەیان رابکێشن و نیگەرانییەکانیان بڕەوێننەوە، بەتایبەتی لەو خاڵەی کە دەیانوت عیراقی نوێ هی (شیعە و کوردە).
*سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و سەرکردە عیراقییە میانڕەوەکانیش لەنێوان سەلماندن و نەسەلماندنی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەدا خاڵێکی ناوەندیان دۆزییەوە و لە چوارچێوەی ماددەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ماددەی 140 ی دەستووردا جێیکرایەوە.
ئەوەی لێرەوە دەهێنێت سەرنجی بدەین، ئەوەیە لە یەکەم هەڵبژاردنی ئازادانەدا کورد زۆرینەی  دەنگ و کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکی چنییەوە و قەبارەی هەمووان ئاشکرابوو، بەهۆی ئەوەی:

 

دیار نییە ئەم کۆبوونەوەیە بە گوشاری سودانی کرا، کۆبوونەوەی داهاتوو و چوونە ناو وردەکارییەکانی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکانیان لەژێر گوشاری کێدا بەڕێوەدەچێت؟

 

*لە خولی یەکەمدا سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بەگشتی لەیەک هاوپەیمانیدا بوون و سەرۆک مام جەلال رۆڵێکی سیاسیی و یاسایی کارای دەبینی، بەڵام لە دووەمدا سەرکردایەتی و حزبە کوردییەکان بەگشتی پەرت و ناتەبا بوون.
*لە یەکەمدا عەرەبی سوننە بەشداریی نەکرد، لە دووەمدا زۆر کارایانە هاتنە ناو پرۆسەکەوە.
*لە یەکەمدا سەرکردەکانی شیعە ئەوانە بوون کە زۆرترین خاڵی هاوبەش و هاوخەباتی سەردەمی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ سەرکرادیەتیی کورددا کۆیدەکردنەوە، کە بەشی زۆریان نەماون.
*لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش دوای چەندین هەڵبژاردن لەسەر ئاستی لۆکاڵی و عیراقیش، رێژەی کورد لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە راستیی کوردستانیبوونی ناوچەکانی سەلماند، بۆیە وڵاتانی ئیقلیمیش زیاتر دەستیان وەرداوەتە ئەو کەیسەوە و هێشتا پێناچێت بیانەوێت بە ئاشتی و یاسایی چارەنووسی ئەو ناوچانە یەکلایی ببێتەوە.
*لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش هیچکام لە ئەمریکا و وڵاتانی خاوەن پێگە و زلهێز نایانەوێت بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و عەرەبیدا بخەنە تەڵەزگەوە لەسەر کێشەیەک کە ئەوان بە کێشەی خۆیانی نازانن، بەتایبەتی لەم هەلومەرجە نێودەوڵەتییەدا کە جیهان لە تاک جەمسەرییەوە گۆڕراوە بۆ فرە جەمسەریی هێز و ئابووری. 
بۆیە دیار نییە ئەم کۆبوونەوەیە بە گوشاری سودانی کرا، کۆبوونەوەی داهاتوو و چوونە ناو وردەکارییەکانی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکانیان لەژێر گوشاری کێدا بەڕێوەدەچێت؟ 

وتارەکانی نوسەر