هەڵبەت مەبەستم لەپڕۆژەکەی مام سێ سی و دوەکەو چوارەکە نییە، ئەوەی کورد لە خۆڕاو بێ تێگەیشتن کردیان بەگاڵە، لەکاتێکدا ئەو پڕۆژەیە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان زۆر گرنگ بوو، با لەدەنگداندا سەدا پەنجای رێژەکە بەری، بەڵام کە لەپۆستدا بیست لەسەدی پۆستت نەبێ سودی چییە، بۆیە یەک بەخۆم ئێستا دەڵێم بەڕاستی ئەو بیرکردنەوەو دەربڕینە دروست و ئاوەزی بوو.
من لێرەدا مەبەستم لەتەقەلاو پڕۆژەیەکی دیکەی مام جەلال بوو، پڕۆژەی گەڕانەوەی بەرپرس و پلەدارە کەرکوکییەکان بۆ شارەکەی خۆیان، ئەمە خەباتە گەلی برا کەرکوک وای گەرەک، گەڕانەوەی بەرپرس و سەرمایەدارانی کەرکوک بەخاو خێزانەوە بۆ ئەو شارەو ناوچە دابڕێنراوەکان تین و تاوێکی مەزنە بۆ کوردی کەرکوک، لەوێ با کافیەو یانەی کۆمەڵایەتی و باخچەی کۆبوونەوە و گفتوگۆ سازبکرێت، کەرکوک بکرێتەوە مەکۆی کورد نیشاندان، ئەمە خەونی ئەو پیاوەبوو، کە دەیویست کورد لەحەمرینیش هەبن، چونکە حەمرین موڵکی کوردانە، ئەی خۆ لەخۆڕا نەدەگوترا، یا حەمرین، یا دەمرین.
بابەتی گەڕانەوەی بەرپرسە کەرکوکییەکان بۆ کەرکوک بابەتی ئازادی نیشتەجێبوون و مانەوە لەسلێمانی و هەولێر و شوێنگەلی دیکە نییە، ئەمە بابەتی ژیان و داکۆکییە لە شوناس، ئەگەر هەموو ئەو کەرکوکیانە ماڵ بەرنەوە ئەوێ و لەوێ بەشداریی کۆڕو کۆبونەوەو دانیشتنی کەرکوکیانە بن، ئەوە بووژانەوەیەکی گەورە لەبوارە جیاجیاکاندا دەست پێدەکات، کوردی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانیش هەست بە ئاسایش و تەناهی زیاتر دەکەن، تاڵەبانی کاتی خۆی بۆ سەرخستنی ئەم بەرنامەیە هەنگاوی زۆری ناو هاوکاری زۆریشی کرد، لێ بەبیانوی جیاجیا پڕۆژەکە زیندەچاڵکرا.
کەرکوک پێویستیی بەخوێنێکی کوردییە تا بەدەمارەکانیدا بگەڕێت و بڕێک بوێری وخاوەندارێتی بۆ بگەڕێتەوە، شاری دەبێت لەشارەکەی خۆیدا، شاری بوون بدرەوشێنێتەوە، بەتایبەت بۆ شارێکی وەک کەرکوکی هەمیشە بەردەم رەشەبای عەرەباندن، لە شاری خستن هەمیشە بەشێکی پەیوەستە بەپشتتێکردن وجێهێشتنەوە، ئەوەتا لەشارێکی دیرۆکی و دێرینی وەک کفریدا بەهۆکاری هەمیشە جێهێشتن ئەگەر خەمخۆری کۆمەڵێک کەسی جوامێر نەبێت، کە بەردەوام شەڕی مانەوە لەسەر ئەو شارە دەکەن، دەمێک بوو کفری، بەلەدلوزرا، بوبوو بەوێرانە.
ئێستا کە عیراق و کەرکوک وناوچە دابڕێنراوەکان لەبەردەم سەرژمێریدان و سەرژمێریش یەکێکە لەخاڵەکانی بەندی سەدوچل، لەهەرکات زیاتر کاتی ئەوەیە کەرکوکییەکان لەکەرکوک بن، بۆ ئەمکارە پێویستە، پارتی و یەکێتی و ئەحزابی چەپ و راستی کورد پڕۆژەو بەرنامەیان هەبێت، دوای بەلاداهاتنی کەشتییەکە دەستی شکاوم نایخوات، چونکە ئەودەم دەست نا رەنگە پشت بشکێت، شکانی پشت گیرسانەوەی ئەستەمە، کەرکوک هیمەتی دەوێ نەک لاوانەوە، قوربانی دەوێ نەک حەیران.