پیلانی تیرۆرکردنی ترەمپ

10:49 - 2024-07-16
ئازاد جۆڵا
179 خوێندراوەتەوە

ئەمریکا یەکێکە لە بەهێزترین و کاریگەرترین وڵاتانی جیهان، دوای رزگاری لە داگیرکاری ئینگلیزەکان ئەوکات لەچوارچێوەی 13 ویلایەت بۆ یەکەمجار و وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و ئازاد لە ساڵی 1776 بوو بەخاوەنی یەکەم دەستووری رەسمیی وڵات و لە نێوان نزیکەی 170 وڵات بە کۆنترین دەستوور دادەندرێت کە تائێستاش چەندین جار ئەم دەستوورە هەمواری بەخۆوە بینیوە کە لە قازانجی گەلی ئەمریکا بووە و هاوتەریب بووە بەگۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی نێوخۆی ئەمریکا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە وڵاتی دەستوور و پابەندییە دەستوورییەکان دەناسرێ و کەمترین پێشێلکاری دەستووری تۆمارکراوە.

هۆکاری بەهێزی و بوونی هەژموونی ئەمریکا، پابەندییە دەستوورییەکان و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات بووە لە کات و ساتی خۆیدا، لەڕێگای یاسای هەبژاردنەکان و دەنگی راستەقینەی گەلەوە

هۆکاری بەهێزیی هەژموون و بەرەوپێشچوونی ئەمریکا، پابەندیە دەستوورییەکان و دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات بووە لەکات و ساتی خۆیدا، لەڕێگای یاسای هەڵبژاردنەکان و دەنگی راستەقینەی گەلەوە. 
بەدرێژایی مێژوو لە ئەمریکا ناکۆکی و ململانێکان، جیاوازی بەرنامە و پلانی داڕێژراوی چوار ساڵەیان زیاتر نێوخۆیی بووە نەک دەرەکی، ئەگەر لەمەیاندا جیاوازییەکیش هەبوو بێ، ئەوا زۆر کەم و سنووردار بووە، چونکە هەمیشە سیاسەتی گشتییان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، هێڵی سوور بووە و لەسەرووی هەموو شتێکەوە بووە، بۆیە جیاوازییەکان لە بەرنامە و هەڵمەتی هەڵبژاردندا، زیاتر تیشک دەخەنە سەر ژیان و کاروباری نێوخۆی وڵات، بەڵام کاتێک بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و لە بانگەشەی هەڵبژارندا بەرنامە و بەڵێن و هەوڵەکان لەسەر ئاستی دەرەوە نزیک دەبنەوە لە هێڵی سوور یان مەترسیی دەبێت لەسەر ئاسایشی گشتی ئەمریکا، ئەوا قبووڵکراو نابێت و وەڵامی توند بەدوای خۆیدا دەهێنێت. 
هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپیش بەدەر نییە لەم مەترسییە کە بەشێک لە ئەمریکییەکان و حکومەت خۆشی هەستی پێکردووە، ئەگەر سەیری بەرنامە و سیاسەتی دەرەکی خودی ترەمپ و کۆمارییەکان بۆ چوار ساڵی ئایندە بکەین، هەندێکیان رەنگە وەک هێڵی سوور لێکبدرێنەوە، وەک بەڵێنەکانی ترەمپ بەوەی ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا ئەوا دەستبەجێی و بێ دواکەوتن راگرتنی شەڕی نێوان غەززە و ئیسرائیل، روسیا و ئۆکرانیا بەدیدەهێنێت و ئاشتی دەگەڕێنێتەوە، لەکاتێکدا کە ئەمریکا وڵاتێکی سەرمایەدارییە و لەلایەن سەرمایەدارە جولەکەکانەوە بەڕێوەدەچێت و هەر ئەوانیش نەخشە داڕێژەری ئاڕاستەی سیاسەتی گشتی و دەرەکین. 
ئەو هەوڵەی بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ درا سەرکەوتوو بوو، ترەمپ تیرۆرکرا بۆچی؟ چونکە هەر بەڕاستی بە موعجیزە بە ملیم لە کوشتن رزگاری بوو.
مێژوو دووبارە دەبێتەوە، لە 22-11-1963، جۆن کەنەدی تیرۆرکرا، کاتێک کاریکرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ڤێتنامییەکان، هەوڵەکەی کەنەدی لەلایەن زۆربەی سیاسییەکانی ئەمریکا و سەرمایەدارەکانەوە قبووڵکراو نەبوو، بۆیە تائێستاش بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوەیان لەبەردەستدا نییە بۆ دیاریکردنی چۆنێتی تیرۆرکردنەکە. 
تیرۆرکردنی کەنەدی، هێشتا بابەتی قسە و مشتومڕی نێو خەڵکە، راپرسییەکانی کە لە ماوەی ساڵانی نێوان 1966-2004 کراون، بۆیان دەرکەوتووە کە لە %80 ی خەڵکی ئەمریکا پێیانوایە پیلانگێڕی بووە و پەردەپۆش کراوە، دەکرێت هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپیش چەندین پیلانی داڕێژروای لە پشتەوە بێت، بەڵام کاتی دەوێت تا ئاشکرا دەبێت.

وتارەکانی نوسەر