بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە

10:23 - 2024-07-17
وتار
253 خوێندراوەتەوە

باخان عەبدوڵـڵا

 

بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە گەر لەنێوان وڵاتان یان لە نێوان گروپە لە یاسا دەرچووەکانیشدا بکرێت مەبەست لێی لە  زۆرینەی کات دا  قازانج و دەستکەوتی ماددییە

بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، کە لێرەو لەوێ و بە جیاوازی ژینگە و کۆمەڵگە و کاریگەری و مەترسیەکانی پێناسەی جۆراو جۆری بۆ کراوە بەڵام بە گشتی و بە پوختی دەتوانین بڵێین:
بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە واتە  مامەڵە کردن بە مرۆڤەوە، ئەوەش لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتنی مرۆڤەوە دەبێت، بە تایبەتی منداڵان و ئافرەتان،  ئەمەش بەمەبەستی بەکارھێنانیان بۆ   کارپێکردنی بەزۆرەملێ، کردن بە کۆیلەی سێکسی، مەبەستی سێکسی بۆ پەیداکردنی پارە یاخود لەشفرۆشی پێکردن، ھاوسەرگیری بە زۆرەملێ، فرۆشتنی ئەندامانی جەستە، بە سەربازکردنی بە زۆرەملێ.
بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە گەر لەنێوان وڵاتان یان لە نێوان گروپە لە یاسا دەرچووەکانیشدا بکرێت یان لە هەر بارێکی تری جیاواز بکرێت مەبەست لێی لە زۆرینەی کاتدا  قازانج و دەستکەوتی ماددییە، لەبەرئەوە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا بە  بەگشتی بەتاوانێک لە (تاوانەکانی دژ بە تاک) ئەژمار دەکرێت و ناوی دەهێنرێت، ئەمەش  بەھۆی ئەنجامدانی تاوانەکە دژ بە جەستە و ژیان و پێگەی ئەوکەسەی تاوانلێکراوە .
لە ئێستادا بەهۆی  زۆر بوونی ژمارەی قوربانییەکان و زیاد بوونی مەترسی و کاریگەرییەکانی پاش تاوانەکە، زۆرینەی وڵاتان لە رێگەی دەرچوواندنی قانوونی تایبەتمەندەوە هەوڵ دەدەن رووبەڕوو ببنەوە لە پێناو کەمکردنەوەی ڕێژەکە و پێش پێ گرتنی بە پێی توانا. 
لە ماددەی 37، خاڵی سێیەم  لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق - 2005، ئاماژە بەوە کراوە: 
کارکردنی بە زۆرەملێ (سوغرە) و بەندایەتی و بازرگانی بە بەندەوە قەدەغەیە، ھەروەک چۆن  بازرگانی بە ئافرەت و منداڵ و بەکارهێنانیان بۆ سێکس قەدەغەیە.

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش 
پەرلەمانی کوردستان، بە قانوونی  ژمارە 6ی ساڵی 2018، قانوونی  بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوەی ساڵی 2012 چالاک کردووە، کە لەناوەڕۆکی قانوونەکەدا بەوجۆرە پێناسەی تاوانەکەی کردووە بەمجۆرە:
مەبەست لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ: راکێشانی کۆمەڵێک کەس یان گواستنەوەیان یان حەواندنەوەیان یان پێشوازیکردنیان بەھۆی ھەڕەشەکردنی بەھێز یان بەکارھێنانی ھێز یان جۆرەکانی تر وەک، شێوەکانی بە زۆر یان رفاندن یان بەلاڕێدابردن یان فێڵکردن یان بەکارھێنانی دەسەڵات یان پێدان یان وەرگرتنی بڕێکی پارە یان دیاری بۆ وەرگرتنی رەزامەندی کەسێک کە دەسەڵاتی ھەیە، یان سەروەسیەت (ولایە) لەسەر کەسێکی تر، بە مەبەستی فرۆشتنیان یان بەکارھێنانیان (الاستغلال) لە کارەکانی بەدڕەوشتی یان سێکسی یان سوخرە یان کاری بەزۆر یان بەکۆیلەکردن یان سواڵکردن یان بازرگانیکردن بە ئەندامانی لەشیان یان بۆ مەبەستی خستنەژێر تاقیکردنەوەی پزیشکی.
‏لە دیارترین هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بریتیە لە (رێککەوتنی تەواوکار بۆ نەھێشتنی کۆیلایەتی، پڕۆتۆکۆڵی قەدەغەکردن و سەرکوتکردن و سزادانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بە تایبەت ژنان و منداڵان 2000.
رێککەوتنی  کارپێکردنی بەزۆرەملێ 1930 رێککەوتنی ھەڵوەشاندنەوەی کارکردنی بەزۆرەملێ.
پڕۆتۆکۆڵی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی کۆچبەران لە رێگە وشکانی و ئاوی و ئاسمانییەکان.  رێککەوتنی ھەڵوەشاندنەوەی خراپترین جۆری کارکردن بە منداڵان. رێککەوتن لەسەر کەمترین تەمەنی کارپێکردن 1973).
ئامانج لە دەستوور و سەرجەم قانوونە ناوخۆی و نێودەوڵەتیەکان و وە ڕێکارو ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانیش بریتییە لە  گرتنە بەری ڕێکاری پێویستی قانوونی دژ بە بکەرانی تاوانەکە و کەمکردنەوە و رێگری کردنیان بە تایبەت، لەڕووی بەزۆرەملێکرنی کارپێکردنی منداڵان و استغلالکردنی ئافرەتان(بە تایبەت خانمانی خزمەتکارو کارگوزاری شوێن و ماڵان) و بازرگانی کردن بە ئەندامانی لەشی مرۆڤ کە ئەمانە لە ئێستادا ڕووە دیارو ترسناکەکەی بازرگانی مرۆڤن، بەڵام هەوڵەکان تا ئێستا لە ئاست گەورەی و ترسناکی تاوانەکەدا نیە و پێویستمان بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری پێشوەختە و بەپەلە و هەماهەنگی و هاوکاری هەمەچەشن هەیە.

 

وتارەکانی نوسەر