پیرۆزە لە سلێمانی و دەوروبەری

11:38 - 2024-07-19
ستران عەبدوڵڵا
207 خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا

دەفتەرەكانی مێژوو دەڵێن لە عەهدی پادشایی عیراقیشدا كەمترین خوێندنگە لە سلێمانی بوو، مێژوونووسی گەورە كەمال مەزهەر لیستی بەراوردیشی كردووە كە دەڵێت سلێمانی ئاوا كەمترینی بۆ كراوە بەراورد بە لیواكانی تری عیراق.
وەك بڵێی لە مێژە داوێكی باریكی گەمارۆدان یەخەی ئەم شارەی گرتبوو. كەریم زانستی و پیرەمێرد و باربووی ئەهلی هیمەت لە شارە حەیاتەكە كارێكیان كرد شاری هۆشیاری و كوردایەتی لە كاروان دوانەكەوێت و هەر پێشەنگی خوێندەواری بێت. وەكو چۆن پێشڕەوی كوردایەتییە.
لە دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەكتەب و خوێندەواری و ئاوەدانی لە (سلێمانی و دەوروبەری)، بە وەسفی مێژوونووس ئەمین زەكی بەگ، دەستكەلایەكی رەوا بوو بە دەست حكومەتی كوردستانەوە تا بیسەلمێنێت كورد حوكمی خۆی بكا باشتر ئیدارە دەكا تا ئەوەی بەغدا لە مەركەزەوە بیبا بەڕێوە.
ساڵنامەكانی حكومەتی هەرێم خشت و رشتەی مەكتەبەكانی زۆنی سەوزی دەژمارد كە لە سایەی حوكمی خۆبەخۆی كورددا چەندی بینا كردووە و چەند نەوەی پێگەیاندووە. سەرۆك مام جەلال لە وتاری (شەرق ئەوسەت)دا وا وەسفی فیدراڵی كوردستان دەكات كە فیدراڵییەكی كەڵەگەتە و بۆڕبۆڕینی لەگەڵدا ناكرێت. بۆ بەڵگەی ئەمەش ئاماری ئاوەدانی مەكتەبی هێناوەتەوە لە سلێمانی وەك نموونەی سەركەوتن.
ئەوە بەڵگەیە لەسەر مەزنی خوێندنگە و خوێندەواری.
سلێمانی و دەستەخوشكەكانی، لە چەمچەماڵ تا كەلار، هەمیشە یەكەمینن لە لیستەكانی كوردستان و عیراقدا. ئەمساڵ پەروەردەی كوردستان جاڕی دا یەكەمەكانی كوردستان هەر یەكەمی كوردستان: شارە حەیاتەكەیە.
ئەوە بەرهەمی شەونخونی خوێندكارەكان خۆیان و پەروەردەی باشی باوك و دایكەكان و پشوودرێژی مامۆستا و خوێندنگاكانیانە، هەڵبەتە ئەمانە لە تابلۆی سەركەوتندا شەریكی كۆششی خوێندكار نین و ئیدیعای واشیان نەكردووە بەڵام، ئەكید خوێندكاری بەوەفا و بە هیمەت تاجی سەری سەركەوتنی باوان و مامۆستایانە.
هەمووشیان كوڕی ژینگە و فەزای سیاسی سلێمانین كە گەمارۆ و داوی باریكی فەرامۆشی، تێدەپەڕێنن.
ئەم سەركەوتنە پیرۆزە لە یەكەمەكان، پیرۆزە لە سلێمانی و فەزای سیاسیی سلێمانی كە ژینگەی داهێنان و گەشەی بێسنوورە. ئەگەرچی توانجی نابەجێی رابردوو ویستی ورەی شار زامدار بكات.

وتارەکانی نوسەر