هەنگاونان بۆ ئابووریی سەربەخۆی ژنان

11:00 - 2024-07-21
هاشم غەمگین
251 خوێندراوەتەوە

ژنان وەک پیاوان بەشێکی گرنگ لە کۆمەڵگە پێکدەهێنن، بۆیە پشتگوێخستنی تواناکانیان و رێگرتن لە دەرخستنی هێز و رۆڵیان نیشانەی دواکەوتوویی ئەو وڵات و کۆمەڵگەیە دەردەخات، چونکە هەر کارێک بەبێ بەشداری رۆڵی ژنان سەرکەوتوو نابێت و  دووچاری شکست دەبێت.
بەشداریکردنی ژنان لە کارکردن لە کەرتی تایبەتدا دەبێتە هۆی گەشەپێدانی کەسایەتی و تێکەڵبوون و ناسینی کەسانی نوێ، هەروەها فێربوونی کارامەیی نوێ و پەرەپێدانی پیشەیی خۆیان، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
هاوکات دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان لە گۆشەگیریی ماڵەوە قوتاریان بێت و ببنە خاوەنی داهاتی سەربەخۆی خۆیان، دواجار دەتوانن هەر پێداویستییەکیان هەبێت لە داهاتی خۆیان بیکڕن و چاویان لە دەستی کەس نەبێت.
لەگەڵ پیاوان هاوسەنگ بن
جگە لەوە سەربەخۆبوونی ژن لەڕووی ئابوورییەوە، هۆکارێکە لەڕێگەیەوە بتوانن لەگەڵ پیاوان هاوسەنگیی دروست بکەن لە کارکردن لە بوارەکانی بازاڕ و کەرتی تایبەتدا.
هەروەها بەهۆیەوە هەست بە رۆڵ و پێگەو کاریگەری و کەسایەتی بەهێزی خۆیان بکەن لەکۆمەڵگەدا، ئەمەش وا دەکات متمانەیان بەخۆیان زیاتر بێت و دەروونێکی ئارامیان هەبێت و هەست بە بوونی خۆیان بکەن.
بێگومان ئەمە دوور دەبێت لە چاوەڕوانیکردنی ژنان لە دامەزراندن لە کەرتی گشتی، بەوەی دەبنە خاوەن کاری خۆیان یان لە کەرتی تایبەتدا چالاک و سەرقاڵ دەکەن و بوون و قورسایی خۆیان دەسەلمێنن.
هۆکارە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە
جگەلەوەی کارکردنی ژنان لە سێکتەرەکانی کەرتی تایبەتدا، هۆکارە بۆ دەرخستنی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و رەخساندنی ئازادی رەها و شکاندنی بەربەست و رێگرییەکان و هۆکارێکیشە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی دارایی خێزان و بەختەوەری و خۆشگوزەرانی ئەندامەکانی، چونکە ژنان بەهۆی کارکردن و خستنەگەڕی جووڵە و تواناکانیان لە کەرتی تایبەتدا، دەبنە خاوەن کارەکتەرێکی بەهێز و لە شەرم و سترێس و گۆشەگیریی رزگاریان دەبێت، کاتێک دەبینن بوونەتە خاوەنی بڕیاردان و دەرکەوتنی کاریگەری و قورساییان لەکۆمەڵگەدا و جوانیی و سەنگ و قورسایی  دەبەخشن بەو شوێنانەی کە کاری تێدا دەکەن.

 

وتارەکانی نوسەر