کەرکوکییانە

کەرکوک و پێکەوە بوون

12:21 - 2024-07-23
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
154 خوێندراوەتەوە


بەردەوام پرسیاری سەرەکی خەڵک ئەوەیە ئەرێ ئەو کۆبوونەوانەی دەکرێن لەبارەی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانەوە، پارتی و یەکێتی تێدان یان نا، لەچ ئاستێکدا بەشدارن،  ئەمە خەمێکی گشتی کوردییە، خەمی پێکەوە بوون، دۆستێک پێی وتم پێکەوە بوون و هاوبەشی و یەکپڕۆژەیی لەهەرێم واتە پێکەوە بوون لەبەغدا، لەبەغداش واتا لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە، ئەدی لۆ وانین، بەڕاستی هەقە لەسەری سەرەوە وەڵام بدرێتەوە، چونکە دنیایەک گومان هەیە لەو بارەیەوە، بۆ نموونە دەڵێن وڵاتانی هەرێمی رۆڵیان هەیە، ئێستا ئاساییە تورکیا کاریگەریی بەسەر بەرەی تورکمانییەوە هەبێ و دەکرێ وەک باب و فرزەند تەماشا بکرێن، ئەی کورد بۆ؟.
من یەک بەخۆم باوەڕم بەوە نییە، ئەگەر پێکەوە بوونێکی ئاکاری و تۆکمە هەبێت، دەستی دەرەکی بتوانێ درز و کەلێن دروست بکات، کێشەکە لەنەهاتنە رایەدایە، یانی وەک ئەوەی تۆ بە دوژمنەکەت بڵێی دەکرێت لەم جێگەیەوە پارچە پارچەمان بکەیت، ئەمەش نیشتمانسازی نییە، عیبرەت لەوەدایە مرۆڤ هەڵە و کێماسی بۆی ببنە پەندو وانە، بۆچی کورد ئەوەی لێناوەشێتەوە، خۆ پیرەمێردی شاعیر گەورەیی لەوەدا دەبینێ سوراحی سەر فروو بێنێ لەبۆ پیاڵە کەتێکا بۆی، دابەشبوونێکی ئاشکرا هەیە، کەڕۆڵی لەبچووک نیشاندانی کوردا هەیە، عەرەب و تورکمان ترازاویش بن کێشەی ئەو تۆیان نییە، ترازانی کورد ئەستەمە.
هەمیشە ئیشکردن بەپەڵپ و گەڕانەوە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی کۆن و شەڕی کۆنەقین وادەکات، بواری بیرکردنەوەمان لەسبەینێ نەبێت، دەی نەیاریش هەر ئەوەی دەوێت، کەرکوک پێویستی بەوەیە بیر لەئایندەی بکرێتەوە، نەک هەر بڵێین درێغا بۆ ئەو زەمانە، ئەو رۆژە، ئەو سەردەمە، قسەکە روونە، مرۆڤ ناکرێت لەهەڵە و کەم و کوڕیشدا هەر سوور بێت لەسەر ئەوەی هەقیقەت لای ئەوە، هەقیقەت لەبارودۆخی وەک ئەوەی کەرکوکدا هەلاهەلایە و هەر تۆزێکی لەلایەکە، ئاوەزدار ئەوەیە، ئەو لەتانە کۆبکاتەوە، خۆ دوێنێش کۆ نەبوون، کاتی ئەوەیە چاوێک لەبیرەوەریەکانی موکەڕەم تاڵەبانی بکەین، ئەو پیاوە سەد و دوو ساڵیەی پێمان دەڵێ، نەوەت ساڵ لەمەوبەر کەرکوک کێی تیابوو ئێستا کێ، دەی لەپەڵپ و کایەی یان ئۆینلەرم یان زیفلەرم گەڕێن و قیچەک ئاوڕ لەپێکەوەیی بدەنەوە.
لەپرسی کەرکوکدا زیفلەری مەترسییەکی گەورەیە، رەنگە ئۆینلەری ئاسایی بێت، گەلۆ بازەتی بێلایەن لەبەر دڵان  جۆرێکە لەزیفلەری، دەی گریمان دەکرێت ئەوەش بەهەند وەربگیرێت، فەرموون ناوگەلی وەک عوسمانی حاجی مەحمود، دکتۆر جەبار قادر، دکتۆر نوری تاڵەبانی، کێتان پێباشە لەدەرەوەی ململانێ بۆ قۆناغێک بکەنە خودانی کەرکوک و هەموو لەپشتی بن، هەڵبەت ئەمە نیشانەی ئەوە نییە کە من پێموابێ لەناو یەکێتیدا کە پێنج کورسی هێناوە  کەس نەبێت بۆ موتەسەڕیفی.

وتارەکانی نوسەر