گەنج ئەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگەیە، بەبناغەی پێشکەوتن و داهێنان و گۆڕانکاری دادەنرێت، تێڕوانین و خوێندنەوە و رای جیاوازی لە نەوەی پێش خۆی بۆ شتەكان هەیە، لە روانگەیەکی ترەوە بۆ ژیان، مرۆڤ، کارکردن، خوێندن و دەوروبەرەکە ی دەڕوانێت، بەوە پێناسە دەکرێت هەرگیز دەستەمۆ ناکرێ و سڵناکاتەوە لە شورا بەرزە دەستکردەکانی نەوەی پێش خۆی و لە تاریکی و لەمپەڕەکانی بەردەمی، هەمیشە هەوڵی دۆزینەوەی شتی جوانتر و لایەنە شاراوەکانی تری ژیان دەدات. بەگشتیی کائینێکی پێشەنگە لە تێکشکاندنی شتە قەدەغەکراوەکان و گۆڕان و چاکسازی و نوێگەری لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەمانە خەسڵەتە سەرەکییەکانی گەنجن، بۆیە نائومێدبوون و بێزاربوون و پەراوێزخستنی دەبێتە هۆی کوشتنی ئەو پێوەرە جوانانەی كە دواتر دەرئەنجامە نێگەتیڤەکانی لە واقیعی کۆمەڵگە و ژیانیدا رەنگ دەداتەوە، بۆ پاراستنی گەنج لە پەراوێزنەخستن و لە دەستنەدانی، دەبێت لە هەوڵی رەخساندنی کەشێکی گونجاودابین بەتایبەت لەلایەن حکومەت و رێکخراوەکان و سەنتەرەکانی گەنجان بەرپرسیارن لە ئایندەی نەوەی نوێ و بەشێكن لەو فاكتەرانەی بوونەتە هۆی کۆچکردن و بێ بڕوابوونی گەنج، چونکە بەناوی گەنجەوە دامەزراون و هەڵگری ئەو دروشمەن و خۆیان بەنوێنەری گەنج دادەنێن، هەروەها خودی گەنجیش ئەرکیەتی ئەو دیوارە سەهۆڵینە بتوێنێتەوە لە بێمتمانەیی و بێ ئیرادەبوونی خودیی بێتەدەرەوە لە هەوڵی گۆڕان و بەدەستهێنانی خواستەکانیدا کۆڵنەدەربێت. ئاشکرایە ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراو و سەنتەر لە هەرێم بەناوی گەنج و لاوانەوە هەیە، ناکرێت کاروچالاکی هەندێکیان لەبەرچاو نەگیرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە و دەمانەوێت لێرەدا ئاماژەی پێبکەین، ئەو شێوازە ناتەندروستەی کاری زۆرێك لەو رێكخراوانەیە کە بەڕوونی درکی پێدەکرێت، وەک ئەو بێئاگاییەی لەنێوان کێشەکانی گەنج و کارنامەی رێکخراوەکاندا هەیە، ئەوەش بێ هیواییەکی ترسناکی لەلای گەنج بۆ بەشداریکردنیان لە رێکخراوەکاندا دروست کردووە، واتا تێنەگەیشتنێك لەنێوان پێویستیی گەنج و کاری رێکخراوەکاندا هەیە، بێگومان جێی رەخنەیە بۆ رێکخراوەکان و بەڕێوەبەرانی کە نەیانتوانیوە نیگەرانیی و بێزاریی و خەمەکانی گەنج بڕەوێننەوە و خواستەکانیان فەراهەم بکەن. چەندین فاکتەر کاریگەریی بەهێزیان لەسەر خراپیی پەیوەندی گەنج و رێکخراوەكان هەیە، لەوانە نەبوونی پەیوەندییەکی تۆکمە و باش لەناو خودی رێکخراوەکاندا بە ئامانجی سوود گەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی گەنج و نەبوونی توێژینەوەی زانستی یاخود کارپێنەکردن بە ئامار لەسەر رەوشی ژیانی گەنج و ئاستی گوزەرانیان و خستنەڕووی هۆکارەکانی بێئومێدی و پەراوێزخستن و لاوازی توانای گەنج بۆ سوود وەرگرتن لە داڕشتنی پڕۆژەکانیان، لەوانەش گرنگتر نەبوونی هۆشیاری گەنجە لەکاری رێکخراوەییدا و بچوککردنەوە و نزمبوونەوەی ئاستی تواناكانیەتی لەنێو خودی رێکخراوەکاندا کە لایەنی لاوازیی كاری رێکخراو دەردەخات، جگە لەمەش ئامادەنەکردنی راپرسییەكی زانستیی لەسەر خودی رێکخراوەکان بۆ ئاشنابوون بە لایەنە لاوازەکانیان و وەرنەگرتنی راو پێشنیازی گەنج بۆ كارکردن لەسەری.
زۆربەی رێکخراوەکان ئامانجی تر لەپشت دروستبوون و کارەکانیانەوە هەیە لێرەدا دەتوانین بڵیین ژمارەیەك لەو رێكخراوانە بوونەتە زۆر و بۆریی و بارگرانی لەسەر حکومەت و رێکخراوە چالاکەکان، نەك پێویستییەکی واقیعی بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەنج، واتا زۆربەی ئەو رێكخراوانە لە ئامانج و کاری راستەقینەی خۆیان لایانداوە کە خۆی لە بەرەوپێشبردن و فراوانکردنی توانا و هزری گەنج و پێگەیاندن و پشتگیریکردنی خواست و داواکارییەکانیان و سوودگەیاندن پێیان دەبینێتەوە. ئەمەش ئەرکی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارە لیژنە پێکبهێنن بۆ چاودێریکردن و ئاگاداربوون لە پڕۆژە و کاروچالاکییەکانی رێکخراو و سەنتەرەكان.