سەرەتا و تێگەیشتن لە پەروەردە

10:24 - 2025-07-03
سه‌هه‌ند كۆیی
21 خوێندراوەتەوە

پەروەردە ئامانجی پێگەیاندنی تاک و ئاراستەکردنیەتی، تا ئاستێک کە زامنی رەوشتێکی راست و دروستی لە رێگەی حەقەوە بۆ بکات. پەروەردە به‌شێكه‌ لە بوونی مرۆڤایەتی و لێی جیانابێتەوە هەروەکو زمان، زانست، فەلسەفە، چونکە فەلسەفەی پەروەردە، پرسیارێکی بنەڕەتییە لە پرۆسەی فێرکردن، واتە ئامانجی سەرەکی لە فەلسەفەی پەروەردەدا، فێركردنه‌. 
پەیوەندی فێرکردن بە خێزان و مەڵبەندەوە، واتە ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژی، هەروەها چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی. پەروەردە دەگەڕێت بە شوێن ماددەی رۆشنبیریدا و پرسیار دەکات لە سروشتی مرۆڤایەتی تا بەناویدا قووڵ ببێتەوە و لێی تێبگات لە چی پێکهاتووە، ئەمەش بە مەبەستی پەروەردەکردنی.
دەتوانین بڵێین، پەروەردە تاقیکردنەوەی فەلسەفەیە، کە تەنها هەوڵی ئاشکراکردنی حەقیقەتەکان نادات، بەڵکو هەوڵی پێگەیاندنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەدات بۆ پاشەڕۆژێکی باشتر و بەرزتر.

ئاراستە وەرگرتنی گەشەی لەش لەگەڵ پەروەردەدا
تاقیکردنەوە پەروەردەییەکان دەریانخستووە، کە خێرایی گەشەی توانا عەقڵییەکان واتە (نمو القدرات العقلیة) ناگاتە خێرایی گەشەی رستە دەمارییەکان (جملة العصبیة)، هەرچەندە یه‌ك ئاراستەشیان هەیە. زۆر شێوەی پەروەردەیی و رێگە بەکارهێنراوە، بۆ فێرکردنی منداڵ لە قۆناغی سەرەتایی واتە لە تەمەنی 6-12 ساڵیدا، بەڵام ئەگەر کەمێک هەڵوەستە بکەین و چاوەڕوان بین، ئەوا پەروەردە لە خوێندنگە سەرەتاییەکاندا زۆربەی گیروگرفتەکانی فێرکردنمان بۆ چارەسەر دەکات. 
ئەگەر بەراوردێک بکەین لەگەڵ خوێندنگە ناوەندی و دواناوەندییەکاندا، ئەوا رۆڵی پەروەردە بەهێزتر دەبێت لە فێرکردندا، ئەویش بە هۆی توانای بەهێزبوونی گەشەی عەقڵی خوێندکارەوە، بەڵام لە قۆناغی دواناوەندیدا، خوێندکار لە قۆناغی ترسناکدایە، نەک تەنها لە تیڕوانین و بۆچوونی فێرکارییەوە، بەڵکو لە تیڕوانین بۆ گونجاندنی سۆزی کۆمەڵایەتییه‌وه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆ:
یەکەم/ قۆناغەکەی گەشەی تێدا خێرایە.
دووەم/ گۆڕانی ئەندامی جۆراوجۆر کە گرنگی و پاڵنەری نوێ دروست دەکات، بۆیە گونجاندنیشی ئەستەم دەبێت.

ئامانجە پەروەردەییەکان 
ئامانج لە پەروەردەدا دیاریکردنی ئەو رێگایانەیە کە تێیدا چاوەڕوانی گۆڕانی رەوشتی خوێندکار دەکرێت لەڕێگەی فێرکردنەوە، کە ئەویش لە دوو ئامانجدا خۆی دەبینێتەوە:
1- ئامانجەکانی دەوڵەت
ئەوکاتەی کە دەوڵەت هەموو یاسا و رێسایەکی بەدەستە، ئەوا ئەو بڕیارانەش کە دەوڵەت دەیدات لە ئامانجی سیاسیی خۆیدا دەیهێڵێتەوە، بۆ ئەمەش  دەبێت پەروەردە و فێرکردن لە ناو خوێندنگاکاندا، زۆر بە کارامەیی ئەو سیاسەتە پەیڕەوبکەن، جا ئیتر ئایا لە خزمەت دەوڵەتدا بێت، یاخود لە خزمەتی فێرکار، یاخود خوێندکاراندا، ئەمە بوارێکی ترە. هه‌ر بۆ نموونه‌، رژێمی بەعس سیاسەتی خۆی تێکەڵ بە خوێندنگەکان کردبوو، چەندەها لیژنەی ژەهراوی بە ناوی رێکخراوی خوێندکارییەوە، سیاسەتی بە بەعسی کردنیان تێکەڵ بە پەروەردە دەکرد.
2- ئامانجەکانی وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە، کاتێک هەر کردارێک دەکات، ئەوا ئەنجامەکەی لە یەک تەوەرەدا دەخولێتەوە، ئەویش بریتییە لە پەروەردەکردنی یەکەکانی، بەجۆرێک ئامانجی تێدا بەرجەستە ببێت، ئەگەر تەماشا بکەین دەستنیشانکردنی مامۆستای ژن و پیاو بۆ قۆناغی سەرەتایی و دواناوەندی، لەبەرئەوەی لەوکاتەدا ژن و پیاو، نیشانەی دایک و باوکن بۆ منداڵ، ئەوەش ژن لە لای منداڵ نیشانەی سۆز و خۆشەویستییە و پیاویش نیشانەی دەسەڵات و رێكخستن و په‌یوه‌ندیی پۆلە لە ناو خوێندنگه‌دا.

ئەو هۆیانەی کە کار لە ئامانجە پەروەردەییەکان دەکەن
1 - دەوڵەت

گرنگیدانی دەوڵەت بە وەزارەتی پەروەردە و یەکەکانی پەروەردە لە وڵاتدا، ئەوا بواری پەروەردەکردن بەرەوپێش دەبات. ئه‌وەش هەر لە چاپکردنی کتێب و دابینکردنی کەلوپەل بۆ خوێندنگه‌ و یارمەتیدانی مامۆستا و خوێندکار تا کۆمەڵێک شتی تر دەگرێتەوە.
2 - خوێندنگه‌
خوێندنگه‌ یارمەتیدەرێکی کاریگەرە بۆ پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی ئاواتەکانی منداڵ، کە زۆر لە ئاواتەکانی لە ژیانی ناو خێزاندا بۆ نایەتەدی و لە ناو خوێندنگه‌دا دەستی دەکەوێت. دیارترینیان: پەرەپێدان بە توانا عەقڵی و سۆزییەکان و توانای خوێندنەوە و فێربوونی نووسین و پەروەردەی نیشتمانی، فێربوون لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و خۆبەستنەوە بە پەند و رەگەزی کۆمەڵایەتییەوە، توانای بەرەنگاربوونەوەی منداڵ لە مامەڵەی دەروونیدا بۆ فێربوون لەسەر باوەڕ بە خۆبوون.
3 -  مامۆستا
 تا مامۆستا لێهاتووتر و بەتواناتر بێت لە ژیانی کۆمەڵایەتی و زانستیدا، ئەوا ئامانجی پەروەردەیی مسۆگەرتر دەبێت. ئەمە سەرەڕای بوونی مامۆستایەک کە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی هەبێت، ئەوا خوێندکار فێری پەروەردەیەکی سەرکەوتوو دەبێت لەسەر گۆڕینەوەی ڕێزگرتن.
چەند هۆیەکی تر کە ئەوانیش لە چەند هۆیەکی تەواوکاردا خۆیان دەبیننەوە لەوانە:
1 - خوێندکار. 2 - پرۆگرام 3 - شێوەی پەروەردەیی 4 - خێزان 5 - هاوڕێی خوێندکار 6 - رۆشنبیریی کۆمەڵگە.

خوێندنگه‌ یارمەتیدەرێکی کاریگەرە بۆ پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی ئاواتەکانی منداڵ

وتارەکانی نوسەر