غە‌مێك لە گە‌نجان

09:34 - 2024-09-15
سه‌هه‌ند كۆیی
317 خوێندراوەتەوە

گەنج توێژێکی سەرەکی کۆمەڵگەیە، لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا ئەو كاریزمایەیە كە توانای گۆڕینی سەرلەبەری کۆمەڵگەی هەیە بەشێوەی پۆزەتیڤ بێت یاخود نێگەتیڤ، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا گەنج پەراوێز خراوە و تەنانەت مافە سەرەتاییەکانی ژیانی بۆ جێبەجێ نەكراوە.
دەتوانین بە كەسێك بڵيين گەنج کە بیرکردنەوەیەکی گەنجانەی هەبێت و خزمەت بە مافەکانی گەنجان بكات ئەگەر بە تەمەنیش بێت، بەڵام هەندێک کەس هەيە تەنها بە رواڵەت گەنجە و لە ناخ و بیرکردنەوەیدا لە کەسێکی بە تەمەن دەچێت.
ئەگەر سەیری گەنجان لە هەرێمی کوردستان بکەین هەندێكيان توانا و لێهاتوویی لە رادەبەدەریان هەیە و بەهرەدارن لە بوارەکانی وەرزش، میوزیك، هونە ر و کۆمپیوتە‌ر و...هتد، بەڵام تواناكانیان کەبت بوون و ناتوانن هیچ برەوێکی پێ بدەن، لەبەرئەوەی بوارێك نيیە بۆ دەرخستنیان، هە‌ر ئەمەش وایكردووە ئینتیمای نەتەوایەتییان تاڕادەيەك لاوازبێت و دواجار کۆچكردنی پەیتاپەیتای گەنجانی بەدوادا دێت بەرە و تاراوگە، ئەو گەنجانەشی لە ناوخۆ ماونەتەوە خۆیان بە شتی لاوەکییەوە خەریک کردووە و کەسێکی غەمخۆر لە حکومەت یاخود سەرمایەداران نییە دەستیان بگرێت بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بە تواناکانیان بدەن ئەوەش وایکردووە گەنجێکی زۆری بێکار و بێهیوامان هەبێت و توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی نەبێت.

 

 

گەنجان لە هەرێمی کوردستان توانا و لێهاتوویی لە رادەبەدەریان هەیە و بەهرەدارن لەبواری جیاجیادا، بەڵام تواناكانیان کەبت بوون و ناتوانن برەوی پێ بدەن

 

 

كە‌واتە پرسیارە‌كە لێرە‌دا ئە‌وە‌یە، ئايا حكومەت بۆچی ئاوڕێك لە گەنج ناداتەوە؟ تاکەی گەنج بە بەردەوامی روو لە تاراوگە بكات و گەل و نەتەوە و  وڵاتەکەی خۆی پە‌راوێز بخات؟ با واز لە حكومەت بهێنين، ئەی رێکخراوەکانی تایبەت بە گەنجان لە کوێن؟ بۆچی بە پراکتیکی کار لەسەر داواکارییەکان و لێهاتوویی گەنجان ناکەن؟ ئەگەر سەیری پەیڕەو و پرۆگرام و کارو چالاکییەکانی رێکخراوەکان بکەین ئامانجی گەورەی تێدا نابینرێت بۆ گەنجان، کەواتە ئەو رێکخراوانەشی بەناوی گەنجانەوە کاردەکەن، وەک حکومەت گەنجیان پشتگوێ خستووە و وەک پێویست دەنگ هەڵنابڕن بۆ داکۆکیکردن لەو توێژەی کە دروشمی خزمەتکردن بەوانیان هەڵبژاردووە.
بۆيە داوا لە گەنجان خۆیان دەکەم، یەک بگرن و هاودەنگ بن لەپێناو هاتنەدی خەونەکانیان، واز لە کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات بهێنن و لەجیاتی ئەوەی هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بدەن و برەو بە تواناکانیان بدەن لە ناوخۆی هەرێم رێگەچارەش هەوڵدانی ئێمەی گە نجە بۆ گۆڕینی حكومەت لە رێگەی هەڵبژاردنەوە و دەنگدان بەو حزبەی کە دەزانین خزمەت بە گەنج دەکات و بیانگەیەنینە دەسەڵات بۆئەوەی ئامانجەکانی گەنجان بەدیبێت.

وتارەکانی نوسەر