بانگەشەی هەڵبژاردن چۆن بکرێت؟

11:09 - 2024-08-13
سه‌هه‌ند كۆیی
522 خوێندراوەتەوە

گومان لەوەدا نییە لە ساڵی 2003ەوە بەتایبەتی لەدوای لەناوچوونی رژێمی بەعس، سەركردایەتی سیاسی کورد، توانی پێگەیەکی بەهێز لە حکومەتی فیدراڵیدا دروستبكات و ببێت بە سەنگی مەحەك بۆ یەك لاییكردنەوەی هەندێك کێشەی گرنگ لە پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمار. 
هەر لەسەرەتای سوێند خواردنی کابینەکەی ئیبراهیم جەعفەری و ونكردنی وشەی فیدراڵی لەكاتی سوێند خواردنەکەدا، کورد توانی لە به‌غدا پرۆسەی سوێندخواردن دووبارەبكەنەوە.

رەخنەگرتن بۆ راستکردنەوە، کارێکی بەجێیه، بەڵام ناكرێت بە بەرچاوی ناحەز و نەیارانمانەوە، هەموو كارەكان رەتکەینەوە و دەسەڵات بێ جیاوازیی
 بە گەندەڵکار و خراپ ناوزەد بکەین

ئەم سەنگ و قورساییە بە دەسپێکردنی باس و خواسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم، خەریکە بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت کە دەبوایە مایەی دڵخۆشیمان بوایە کە بەرەو هەڵبژاردن و دیاریکردنی نوێنەری راستەقینەی خۆمان دەچین. 
لەرابردوودا بەهۆی نەبوونی رکابەرایتییەکی توند و بەهێز لەهەڵبژاردنەکاندا، هەڵبژاردن بەڕێوەچووە و کەم تا زۆر کەموکووڕیش هەبووه، بەڵام هیچ لەمانە نەبوونە فاکتەری کەمکردنەوەی سەنگ و قورساییمان و کورد وتەنی (عەیبی خۆمان بۆ خۆمان بوو) و هیچی تر.
بەداخەوە بەر لەدەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن و لەکاتی دەستپێکردنیشیدا، چەند زەنگێگی مەترسیدار دەبیستین و دەبینین تائێستاشی لەسەر بێت هەر بەردەوامە کە هۆكارن بۆ كەمکردنەوەی سەنگ و قورساییمان و تێبوونی درز کە ناحەزان دەتوانن دزەی لێوەبكەن، دروستبوونی هەندێك هێزی نوێ لە دەرەوەی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان و دروستبوونی چەند لیستێكی سەربەخۆ و هاوپەیمانێتی نوێ راستە ئاماژەی گەشەسەندنی دیموکراسی و کرانەوەی کوردستانە بەڕووی پێشکەوتنەکانی جیهان كە هەر لەسەرەتاشەوه دروستبوونی ئەم لیستانە دەسەڵاتیان هۆشیار كردەوە لە هەندێ بابەتی تایبەت بە ژیانی هاووڵاتیان و کەموکوڕییەکانی سیستمی بەرێوەبردنی هەرێم. 
رەخنەگرتن بۆ راستکردنەوەی نارێکییەکان، کارێکی بەجێیه، بەڵام ناكرێت بە بەرچاوی ناحەز و نەیارانمانەوە، هەموو كارەكان رەتکەینەوە و دەسەڵات بێ جیاوازیی بە گەندەڵ و خراپ ناوزەد بکەین، ئەم هەموو پێشکەوتنانەی کوردستان پێویستیی بە نیشاندانی روخسارە جوانەکەیەتی بە ناحەزان و نەیاران و ئەوانەی لە پیلانگێڕاندان بۆ تێكدانی ئەم ئەزموونە، نەك ناشیرینكردن و ناوزڕاندن کە ئەمانە هەمووی کەمکردنەوەی سەنگی کوردە نەك لە بەغدا بەتەنها، بەڵكو لەهەموو دنیادا، ناشبێت سیاسەتمەدارانی کوردستان ئاماژەی خراپ بۆ هەندێك لایەنی بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکەن لەو لیستە نوێیانه، چونکە زیانەکەی بۆ نەتەوەیەکە نەك بۆ لیستێك یا خود حزبێك.
پاشان هەرێمەکەمان باس لە دیموكراسی دەكات و لیستی جیاوازیش سەرەتایەکی باشە بۆ چەکەرەکردنی دیموکراسی و بەرەو پێشبردنی ئەزموونی هەرێم.
ئەم هەڵمەتە دژ بەیەكانه، وەک تەشیهر ناوزڕاندن و شکاندن و یەکتر نابووتکردن و تۆمەتبار کردنه، پێچەوانەی بنەماکانی دیموكراسییه، چونکە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ نیشاندانی جوانییەکانی لیستەکەی خۆت و تێبینی وتنە لەسەر لیستی بەرامبەر و خستنەڕووی بەرنامەی داهاتووی لیستەكەته، نەك شەڕێکی گەورەی راگەیاندن کە هۆکارە بۆ تێکچوونی ئەو سەرەتا دیموکراسییەی کە هەموومان پێی دەنازین، پاشان هەڵبژاردن و لیستی جیاواز و دەرەنجامێکی بێ خەوش سەلمێنەری دیموكراسییەکی راستەقینەیە لە وڵات و هەرێمەکەمان.

وتارەکانی نوسەر